بەرگی کتێبەکە و وێنەیەکی نەورۆزی ئاکرێ
سبەی
بە بەشداری 15 پسپۆڕی نێودەوڵەتی، یونیسکۆ کتێبیكی لەسەر نەورۆز بڵاوکردەوە. لە کتێبەکەدا هاتووە لە ژمارەیەک وڵات و لە نێو ژمارەیەک و گەل و نەتەوەدا یادی نەورۆز دەکرێتەوە لە نێویاندا کورد.
کتێبەکەی یونیسکۆ لە ژێر ناوی "نەریتەکانی نەورۆر بە درێژایی رێگا ئاوریشمییەکان" ئەمساڵ بڵاوکراوەتەوە.
لە نوسینی کتێبەکەدا 15 نوسەر بەشداریان کردووە، یەکێک لە نوسەرەکان شەیما مەحمود سوهەیل، بەڕێوبەری سەنتەری پاراستنی کەلەپور و میراتی رۆشنبیری لە وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار، نوێنەرایەتی عێراقی کردووە لە نوسینی کتێبەکەدا.
کتێبەکە لە پێناو پاراستنی کەلەپوری نەورۆز و ناساندنی جەژنەکەیە بە جیهان.
وەک لە کتێبەکەدا هاتووە، ساڵانە لە 13 وڵاتی جیاواز یادی نەورۆز دەکرێتەوە، لە نێویاندا، عێراق، تورکیا و ئێران، بەڵام ئاماژە بە سوریا نەکراوە، لە کاتێكدا لە رۆژئاوای کوردستان ساڵانە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش یادی نەورۆز دەکرێتەوە.
هەرچەندە گەلی کورد یەکێکە لەو گەلانەی بە تایبەترین، گەرموگوڕترین و جوانترین شێواز یادی نەورۆز دەکاتەوە، بەڵام نوسەرەکان هیچیان کورد نین، کۆمەڵێک زانیاری ناڕاست و چەواشەکارانەیان خزاندووەتە نێو کتێبەکە.
بۆ نموونە هەوڵدراوە لە ئەو بەشەدا باسی نەورۆز لە عێراق دەکات، دوای عەرەب ناوی کورد نوسراوە وەک گەلێک یادی نەورۆز دەکەنەوە، لە کاتێکدا لە هیچ شارێکی عێراقدا یادی نەورۆز ناکرێتەوە، بەڵکو هەموو ساڵێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان یادی نەورۆز دەکرێتەوە.
هەر لەو بەشەدا لەسەر عێراق، یادی نەورۆز دەگەڕێنێتەوە بۆ 5000 ساڵ بەر لە ئێستا، لە کاتێکدا نەورۆز ئەو مێژووە کۆنەی نییە. دوای ئەوەی باس لە مێژوویەکی چەواشەکارانە لە میزۆپۆتامیا دەکات لەسەر نەورۆز، پاشان باسی نەورۆزی کوردی دەکات.
لە کتێبەکەدا، بە جیا باس لە شێواز و چۆنیەتی یادکردنەوەی نەورۆز و ئاهەنگەکانی ساڵی نوێ دەکات لەو وڵاتە جیاوازانە، لە هەر وڵاتێکیشدا بە شێوەیەکی جیاواز و تایبەتمەندیی نەتەوەیی خۆیان گوزارشت لە نەورۆز دەکەن.