کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و نەتەنیاهۆ لە کۆشکی سپی
سبەی
هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە نیگەرانیی بەرپرسانی باڵای ئەمەریکای لێکەوتووەتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی پێگەی پۆڵەتیکۆی ئەمەریکی، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر بووەتە هۆی دروستکردنی نیگەرانیی لای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و بەرپرسانی ئیدارەکەی.
وەک لە راپۆرتەکەی پۆڵەتیکۆدا هاتووە، بە هێرشەکانی بۆ سەر تیمی دانوستانکاری حەماس لە قەتەر، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە مەبەست هەموو کاتێک هەلی چارەسەکردنی کێشەکان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە لەناو دەبات.
یەکێک لە نزیکەکانی ترەمپ قسەی بۆ پۆڵەتیکۆ کردووە و دەڵێت: "هەموو کاتێک لەگەڵ بەرەپێشچوونی گفتوگۆکان، نەتەنیاهۆ کەسێک بۆمباران دەکات،" وەک نزیکەکەی ترەمپ دەڵێت: "لەبەر ئەو هۆکارەیە ترەمپ و ئیدارەکەی لە نەتەنیاهۆ نیگەرانن."
بە وتەی نزیکەکەی ترەمپ، لە ئایاری ئەمساڵ لە گەشتەکەیدا بۆ کەنداو، سەرۆکی ئەمەریکا نیگەرانییەکانی لە نەتەنیاهۆ بە سەرکردەی وڵاتانی سعودییە، قەتەر و ئیمارات راگەیاندووە.
بەپێی راپۆرتەکەی پۆڵەتیکۆ، تەنانەت بێتوانایی ترەمپ لە کۆنترۆڵکردنی نەتەنیاهۆ، ژمارەیەک لە تیمی ئیدارەکەی ترەمپی نیگەران کردووە، چونکە کردارەکانی نەتەنیاهۆ راستەخۆ کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ سوریا و قەتەر هەیە.
وەک لە راپۆرتەکەی پۆڵەتیکۆدا هاتووە، سەرەڕای نیگەرانییەکانیان، بەڵام کۆشکی سپی هیچ پلانێکی بۆ وەلاخستن یان سزادانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نییە.
بەپێی راپۆرتە هەواڵییەکان، لە دوای هێرشەکەی دەوحە، نەتەنیاهۆ و ترەمپ دوو جار لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە قسەیان کردووە، بەپێی وتەی بەرپرسان گفتوگۆکانیان باش و ئەرێنی بووە.
سەبارەت بە هەڵوێستی قەتەر، وەک پۆڵەتیکۆ ئاماژەی پێکردووە، بڕیارە بەم نزیکانە سەرۆک وەزیرانی قەتەر سەردانی واشنتن بکات و نیگەرانییەکانی وڵاتەکەی لەسەر هێرشەکەی دەوحە و ئاراستەی گفتوگۆکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، بە بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی لە نێویاندا ترەمپ، جەیدی ڤانس، جێگری سەرۆکی و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بگەیەنێت.