16ـی ئۆکتۆبەر... دوای حەوت ساڵ پارتی و یەکێتی قۆناغی یەکتر تۆمەتبارکردنیان تێنەپەڕاندووە

#کەرکوک#ڕیفراندۆم#خیانەت#یەکێتی#پارتی
8 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 8 مانگ نوێ کراوەتەوە
زانیار بەهادین
پوختە :
  • حەوت ساڵ بەسەر ڕوداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017دا تێپەڕ دەبێت کە بەهۆیانەوە نیوە زیاتری خاکی باشوری کوردستان لەلایەن هێزە سەربازییەکانی عێراقەوە دەستی بەسەردا گیرا.
  • دوای حەوت تا ئێستا کاریگەرییەکانی ئەو ڕوداوانە بەسەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمەوە ماوە و کورد لە بەردەم هێرش و هەڕەشەی جیاوازدایە.
  • پارتی و یەکێتی وەک دوو حزبی دەسەڵاتدار پشکی شێری ئەو ڕوداوانەیان بەر دەکەوێت بەڵام ئەو لایەنانە حەوت ساڵە یەکتر تۆمەتبار دەکەن و شانی خۆیان لە بەرپرسارێتی پاک دەکەنەوە.
  • ململانێکانی پارتی و یەکێتی لەسەر هۆکار و دەرئەنجامەکانی ڕوداوەکە وایکردووە، تا ئێستا نەتوانراوە لێکۆڵینەوەی بێلایەن ئەنجام بدرێت و لایەنی کەمتەرخەم دەستنیشان بکرێت.
Primary Asset

سبەی

دوای حەوت ساڵ تا ئێستا هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوەی لە هۆکاری ڕوداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 نەکردووە، پارتی و یەکێتیش تا ئێستا نەیانتوانیووە قۆناغی یەکتر تۆمەتبارکردن تێپەڕێنن. 

حەوت ساڵ بەسەر ڕوداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017دا تێپەڕ دەبێت کە بەهۆیانەوە نیوە زیاتری خاکی باشوری کوردستان لەلایەن هێزە سەربازییەکانی عێراقەوە دەستی بەسەردا گیرا.

دوای حەوت تا ئێستا کاریگەرییەکانی ئەو ڕوداوانە بەسەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمەوە ماوە و کورد لە بەردەم هێرش و هەڕەشەی جیاوازدایە. 

پارتی و یەکێتی وەک دوو حزبی دەسەڵاتدار پشکی شێری ئەو ڕوداوانەیان بەر دەکەوێت بەڵام ئەو لایەنانە حەوت ساڵە یەکتر تۆمەتبار دەکەن و شانی خۆیان لە بەرپرسارێتی پاک دەکەنەوە.

پارتی 16ـی ئۆکتۆبەر بە خیانەتی یەکێتی ناودەبات و ئەو حزبە بە ڕێککەوتن لەگەڵ حەشدی شەعبی و لایەنە عێراقییەکان تۆمەتبار دەکات. 

یەکێتی ئەگەرچی خۆی پشتیوانی ڕیفراندۆم بووە بەڵام 16ـی ئۆکتۆبەر وەک بەشێک لە دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆمی 25ـی ئەیلولی 2017 سەیر دەکات. 

ململانێکانی پارتی و یەکێتی لەسەر هۆکار و دەرئەنجامەکانی ڕوداوەکە وایکردووە، تا ئێستا نەتوانراوە لێکۆڵینەوەی بێلایەن ئەنجام بدرێت و لایەنی کەمتەرخەم دەستنیشان بکرێت. 

ساڵانە لەگەڵ یادی ڕوداوەکەدا پارتی و یەکێتی شەڕی میدیای دژ بە یەکتر گەرم دەکەن و هەندێک کاتیش دامەزراوە فەرمییەکان بەیننامەی دژ بە یەکتر بڵاودەکەنەوە. 

زیانەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر بۆ کورد

16ـی ئۆکتۆبەر لێکەوتەی جۆراوجۆر لەسەر پێگەی کورد لە عێراق و ناوچەکەدا دروستکرد، کورد بەهۆی ئەو ڕوداوانەوە بەڕێوەبردنی 51%ـی خاکی باشوری کوردستان لە دەستدا و دوای نزیکەی 14 ساڵ کەوتنەوە ژێر دەستی حکومەتی عێراق.

ڕوداوەکانی 16ـی ئۆکتبەر و ڕۆژانی دواتر 28 هەزار و 262 خێزانی کوردی ئاوارەی هەرێمی کوردستان کرد کە دوای حەوت ساڵ تا ئێستاش بەشێکیان نەگەڕاونەتەوە. 

کورد زۆرینەی پۆستە ئیدارییەکانی لێ وەرگیرایەوە و هیچ ڕۆڵێکی سەربازی لەوناوچانەدا نەما لە کاتێکدا ئەو ناوچانە بە خوێنی 1700 پێشمەرگە و زیاتر لە 12 هەزار بریندار ڕزگارکراوبون و دەپارێزران. 

زۆرینەی ئەو ناوچانەی بەهۆی ڕوداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە عێراق بۆیان گەڕایەوە، دەوڵەمەندن بە سامانی نەوت کە زۆرینەیان لـە دواى ساڵى 2014ەوە هەرێمی کورستان بەڕێوەی دەبردن.

پاشەکشەی هێزە کوردییەکان لە کەرکوک، هاوڵاتیانی کوردی لە ناوچە دابڕێندراوەکان ڕوبەڕوی دۆخێکی قورس کردەوە، تەعریب لەو ناچانە فراوان بوون و زەوی ژمارەیەکی زۆر لە جوتیارانی کورد دەستیان بەسەردا گیرا. 

ئەگەرچی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بە تایبەت لە کەرکوک لە بەرژوەندی کوردبوون بەڵام دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە بە قازانجی کورد نابینرێن. 

پارتی و یەکێتی وەک دوو لایەنی کوردی کە تەنها ئەوان نوێنەرایەتییان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هەیە، بەسەر لایەنە ناکۆکەکانی شارەکەدا دابەشبوون.

پەرتەوازەی کورد لە کەرکوک وایکردوە، یەکێتی وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن لە پێناو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک دەست لە بەرکەوتەی کورد لەو شارە هەڵبگرێت، بە شێوەیەک پۆستی پارێزگار تەنها دوو ساڵ لەلای کورد دەبێت، لە کۆی چوار پۆستی قائیمقامی شارەکە هیچ پۆستێک بە کورد نادرێت.

لەبەرامبەردا پارتی تەنیا بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگار بۆ یەکێتی نەبێت، ئامادەبوو دەستبخاتە دەستی تورکمان و عەرەبەوە و لەگەڵیان ڕێکبکەوێت.

ڕوداوەکانی پێش 16ی ئۆکتۆبەر

ڕوداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، تەنها کەمتر مانگێک دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. 

ڕیفراندۆم لە کاتێکدا ئەنجامدرا، دەنگی ناڕەزایەتی لەناوخۆ و دەرەوە بەرامبەری بڵندبوو بەڵام پارتی و یەکێتی بە بەشداری لایەنەکانی ناو ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم پرۆسەکەیان ئەنجامدا. 

ڕۆژی 25ـی ئەیلولی 2017، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ بەشداری کورد کۆبوەوە و داوای لە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەوکاتی عێراق کرد، هێزی زیاتر لە ناوچە جێناکۆکەکان بڵاوە پێبکات و سنورەکان بەڕوی هەرێمی کوردستاندا دابخات و ئەو ناوچانەشی دوای  10ـی حوزەیرانی 2014 سوپا لێیان کشاوەتەوە بۆیان بگەڕێتەوە. 

ڕۆژی 15ـی ئۆکتۆبەر، ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکان پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵا لە دوکان کۆبونەوە و ئامادەییان بۆ کۆبونەوەی بێ مەرج لەگەڵ حکومەتی عێراق نیشاندا.

فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری ئەو کاتی عێراق، ڕاسپاردەکانی کۆبونەوەکەی بە بەرپرسانی عێراق گەیاند، کە خۆیان لە دوو پێشنیازی سەرەکی دەبینینەوە کە بریتی بوون لە بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە بە هاوبەشی و گۆڕینی نەجمەدین کەریم پارێزگاری ئەوکاتی کەرکوک. 

ئەگەرچی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕەتدەکردەوە بەڵام ڕۆژی 20ـی ئۆکتۆبەری 2017 بافڵ تاڵەبانی کە ئەو کات هیچ پۆستێکی سیاسی لەناو یەکێتیدا نەبوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فرانس پرێس ڕێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی عێراقی بڵاوکردەوە کە واژۆی 38 ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسەر بوو. بەپێی ئەو نوسراوە بێت ڕێککەوتنەکە لە ڕۆژی 13ـی ئۆکتۆبەری 2017 ئەنجام دراوە. 

16ـی ئۆکتۆبەر چی ڕویدا؟

ڕۆژی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق هێرشیان بۆ سەر کەرکوک دەستپێکرد، لە زۆرینەی سەنگەرەکان پێشمەرگە بەپێی بڕیارێکیت سەروی خۆیان بەبێ بەرگری کشایەوە و لە ماوەیەکی کەمدا زۆرینەی کەرکوک کەوتە ژێر کۆنترۆڵی هێزە عێراقییەکان. 

پارتی، یەکێتی بە خیانەت و کشانەوەی هێزەکانی تۆمەتبار کرد، لەبەرامبەردا یەکێتی ئۆباڵی ڕوداوەکانی خستە ئەستۆی ئەنجامدەرانی ڕیفراندۆم کە ئەو بە "کورتبینی سیاسی و گوێنەگرتن لە دۆستەکانی کورد"ی دانا.

کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی کە ئەوکات جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی بوو لە پەیامێکدا لە 18 ئۆکتۆبەردا وتی: "چه‌ند كه‌سێكی لاده‌ر له‌ ڕێبازی یه‌كێتی به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كه‌مان له‌م ڕووداوانه‌دا به‌ مه‌به‌ستی چه‌ند ده‌ستكه‌وتێكی كاتی شه‌خسی ده‌بنه‌ هاوكار و ده‌ستكێشی داگیركه‌ران و به‌م كاره‌ قێزه‌ونه‌یان سه‌رشۆڕانه‌ خۆیان ده‌خزێننه‌ ناو لاپه‌ڕه‌ ڕه‌شه‌كانی مێژووی گه‌له‌كه‌مانه‌وه‌ ".

بە قسەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان،"ڕێککەوتنی نێوان بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی و عێراق ئەوەبوو، هێزی عێراق تا بیرە نەوتییەکان و سەربازگەی کەیوەن بێت، بەڵام کاتێک هێزێکی پێشمەرگە ڕوبەڕوی سوپا بوونەوە و دەرفەتی گرتنی کەرکوکیش بۆ عێراق ڕەخسا، عێراق یەکێتی تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە و کردیە پاساو بۆ گرتنی کەرکوکیش."

بەرپرسانی یەکێتی دەشڵێن، "گەر هێزی پێشمەرگە دووچاری شڵەژان و کشانەوە نەبایە، بەهۆی ناکۆکی نێوخۆیی یەکێتی و ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی، عێراق دوای کۆنترۆڵکردنی بیرە نەوتییەکان ڕادەوەستا، بەڵام ناکۆکییەکان دەرفەتی بۆ عێراق ڕەخساند، بە کەرکوکیشەوە نەوەستێت و هێرشەکانی فراوانتر بکات".

ڕۆژی 17ـی ئۆکتۆبەر حەشدی شەعبی هێرشی کردە سەر ناوچەکانی شنگال و لە ماوەیەکی کەمدا سەنتەری قەزای شەنگال، مەخمور و گوێر و باشیکشی کەوتە ژێر دەست. 

هەمان ڕۆژ هێزەکانی سوپای عێراق گەیشتنە ناوەندی جەلەولا و تا دواخاڵی سنوری هەرێمی کوردستان لە کۆباشی پێشڕەوی کرد. 

بە کۆی گشتی لە ماوەی 48 کاتژمێردا پارێزگەیەک و 16 قەزا و 44 ناحیە کەوتە دەست حەشدی شەعبی و سوپای عێراق کە پێشتر سەرجەمیان لە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدا بوون.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ساڵی 2014 تا 2017 لە ڕوبەڕوبونەوەی داعش لەو ناوچانە هەزار 700 پێشمەرگە شەهید و 12 هەزار پێشمەرگەش برینداربوون. بەپێی ئامارەکانیش لە ڕوداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری کەرکوکدا 92 پێشمەرگە شەهید و 100 دیکەش برینداربوون.

ڕۆژی 18ـی ئۆکتۆبەری 2017، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەوەی لە کەرکوک ڕویداوە، دەرئەنجامی بڕیاری تاک لایەنەی چەند کەسێکی ناو لایەنێکی ناوخۆی کوردستان بووە، لە ئەنجامی پاشەکشەی پێشمەرگە هێڵی تەماسی پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ لە 17ـی ئۆکتۆبەری  2016 لەنێوان بەغداد و هەولێر بوە بەبنەمای لەیەكگەییشتن لە چۆنییەتی بڵاوەپێكردنی هێزەكانی عێراقی و هەرێمی كوردستان.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق پێچەوانەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری گەڕانەوەی هێزەکانی سوپای عێراقی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەوناچانە گەڕاندەوە.

ڕۆژی 20ـی ئۆکتبەری 2017، هێرشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ سەر ناحیەی پردێ دەستی پێکرد، هێزەکان دەستیان بەسەر ناحییەکەدا گرت بەڵام بەرپرسانی پارتی "سەرکەوتن"یان ڕاگەیاند و وتیان،" پێشڕەوی سوپای عێراقیان وەستاندووە". 

ڕۆژی 29ـی ئۆکتۆبەری 2017، مەسعود بارزانی دوای 12 ساڵ دەستی لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کێشایەوە، دەستلەکارکێشانەوەکە لە کاتێکدا بوو زیاتر لە دوو ساڵ بوو مانەوەی لە پۆستەکەی ناکۆکیەکی قوڵی ناوخۆی دروست کردبوو. 

ئەگەرچی هەندێک لایەن دەرئەنجامی ڕیفراندۆم و ڕوداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر و ڕۆژانی دواتر بە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی بارزانی دەزانن بەڵام هەندێکی دیکەش فشارە ناوخۆییە و نێودەوڵەتیان بە تایبەت لەسەر مانەوەی لە پۆستەکە بە هۆکار دەزانن. پارتی هەردوو بۆچوونەکە ڕەتدەکاتەوە و بۆ پابەندبوون بە یاسا و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی دەیگەڕێنێتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی