دوو هۆکار نرخى نەوت دادەبەزێنن؛ هەناردەى رۆژانەى نەوتى هەرێم 150-160 هەزار بەرمیلە

#نرخى نەوت#ئۆپیک پڵەس#هەرێمى کوردستان
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بەپێی ئاژانسى رۆیتەرز، نرخى نەوتى خاوى برێنت کە پێوەرێکى جیهانییە، 1.26 دۆلار و بەڕێژەى 1.8%، دابەزیوە و هەر بەرمیلێکى بە 68.87 دۆلار مامەڵەى پێوەکراوە، هەروەها نەوتى تەکساس بەرێژەى 2% دابەزیوە و گەیشتووەتە 64.36 دۆلار.
Primary Asset

سبەى

نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهان بەرێژەى 2% دابەزى، بەهۆى پلانى وڵاتانى ئۆپیک پڵەس بۆ زیادکردنى بەرهەمهێنان و دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستانەوە کە پێشبینییەکانى بۆ ئاستى خستنەڕووى نەوت بەرزکردەوە.

بەپێی ئاژانسى رۆیتەرز، نرخى نەوتى خاوى برێنت کە پێوەرێکى جیهانییە، 1.26 دۆلار و بەڕێژەى 1.8%، دابەزیوە و هەر بەرمیلێکى بە 68.87 دۆلار مامەڵەى پێوەکراوە، هەروەها نەوتى تەکساس بەرێژەى 2% دابەزیوە و گەیشتووەتە 64.36 دۆلار.

ئەوە لەکاتێکدایە، پێشبینى دەکرێت وڵاتانى ئۆپیک پڵەس، لە کۆبوونەوەى رۆژى یەکشەممە بڕیار لەسەر زیادکردنى بەرهەمهێنان بدەن.

بەوتەى سێ سەرچاوە، پێشبینى دەکرێت ئەو بڕەى بڕیارى زیادکردنى دەدرێت لانى کەم لە 137 هەزار بەرمیل زیاتر نەبێت بۆ دوو مانگى داهاتوو.

لەگەڵ ئەوەشدا ئۆپیک+ ڕۆژانە نزیکەی 500 هەزار بەرمیل لە خوار ئامانجەکانیەوە هەناردە دەکات، ئەمەش بە پێچەوانەى چاوەڕوانییەکانی بازاڕەوە بۆ زیادبوونی دابینکردن. لەکاتێکدا هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستیپێکردووەتەوە.

بەوتەى دوو سەرچاوە لە کەرتى وزە، ئاستى هەناردەى رۆژانەى نەوت لە هەرێمى کوردستانەوە بۆ بەندەرى جەیهانى تورکى، لەنێوان 150-160 هەزار بەرمیل نەوتدایە.

پێشبینى دەکرێت ئەو بڕە بگەیەنرێتە 230 هەزار بەرمیل.

نرخى نەوت هەفتەى رابردووش، دابەزینی بەخۆیەوە بینی، کە بەپێی شیکەرەوانی بازاڕی ووزە، یەکێک لە هۆکارەکانى رێککەوتنی هەولێر و بەغداد و کۆمپانیا نەوتییەکان بوو لەسەر بەگەڕخستنەوەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان.

رۆژی شەممە (27ـی ئەیلولی 2025)  هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دوای زیاتر لە دوو ساڵ راگیرانی دەستیپێكردەوە، ئەوەش بەپێی رێککەوتنێکى سێ قۆڵى بەغداد و هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان.

بەپێی رێككەوتنەكە، كۆی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان دوای لێدەكردنی 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی رۆژانە، نەوتەكە لە كێڵگەی نەوتی خورمەڵە كۆدەكرێتەوە و لەوێوە دەنێردرێتە پیشخاپوور لە لایەنی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە، لە كۆتای خاڵی سنوریی نێوان توركیا و هەرێم دەربازبوو بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی وەزارەتی نەوتی عێراق تا دەگاتە بەندەری جەیهان و باردەكرێت و دەفرۆشرێت و داهاتەكەی دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی.

ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە

رێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لە شەش خاڵ پێكهاتووە و لە قۆناغی یەكەمدا 190 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا هەناردە دەكرێت.

بەپێی خاڵی یەكەمی رێككەوتنەكە، هەشت كۆمپانیای بیانی نەوتی لە رێككەوتنەكەدا بەشدارن، جگە لە كۆمپانیاكانی دی ئێن ئۆی نەرویجی و گەنەڵ ئینێرجی توركی بەهۆی داواكارییان بۆ گەرەنتی بۆ پێدانی شایستەی دارایی پێشوویان، كە بڕی 300 ملیۆن دۆلاری تەنها شایستەی دی ئێن ئۆیە، لە كۆی گشتی یەك ملیار دۆلاری شایستەی سەرجەم كۆمپانیاكان.

قۆناغی یەكەمی رێككەوتنەكە تایبەتە بە دەستكردن بە هەناردەكردنی 190 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا، لە كۆی بەرهەمی ئێستای 240 هەزار بەرمیل، كە 50 هەزار بەرمیلی دەمێنێتەوە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە، ئەوەش بەپێی خاڵی دووەمی رێككەوتنەكە.

لە خاڵی سێیەمی رێككەوتنەكەدا جەختكراوەتەوە لە تەرخانكردنی بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بۆ دابینكردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، بۆ كۆمپانیاكان بە شێوەی نەوتی خاو نەك پارەی نەختینەیی.

هەروەها بەپێی خاڵی چوارەم، ئەو تێچووە تا كۆتایی ساڵ بە كارایی دەمێنێتەوە، و مانگانە لە ساڵی نوێوە نوێ دەكرێتەوە تا كۆمپانیایەكی ڕاوێژكاری نێودەوڵەتی تێچووی وردی بەرهەمهێنان دیاری دەكات.

لە خاڵی پێنجەمی رێككەوتنەكە، حكومەتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر داواكاری كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت لە كوردستان بۆ ئەوەی ڕێككەوتنەكە بە نووسراو بێت نەك بە زارەكی و تۆمار بكرێت. دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس وەك لایەنی ناوبژیوان و گەرەنتی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە دیاریكراوە.

بەپێی خاڵی شەشەم، بڕیارە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیای وود ماكنزی بەریتانی واژۆ بكات بۆ ئەوەی وەك ڕاوێژكاری تەكنیكی بە وردی تێچووی بەرهەمهێنان دیاری بكات. ئەوكات دەتوانرێت رێككەوتنەكە ببێتە هەمیشەیی.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی