بەریتانیا دژی کۆچبەران دەوەستێتەوە؛ مەرجی مانەوەی هەمیشەیی قورستر دەبێت

#بەریتانیا#کۆچبەران#وەزیری ناوخۆی بەریتانیا
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
هێمن مەحمود
پوختە :
  • بەریتانیا سیاسەتەکانی بەرانبەر بە کۆچبەران توندتر دەکاتەوە
  • لە بەریتانیا سێ مەرجی قورس دادەنرێت بۆ پێدانی مافی هەمیشەیی بە کۆچبەران
  • شارەزایی تەواوەتی لە زمانی ئینگلیزی، نەبوونی پێشینەی تاوانکاری و وەرنەگرتنی یارمەتی حکومی مەرجی مانەوەی هەمیشەیین لە بەریتانیا
Primary Asset

سبەى

وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بەم زووانە مەرجی توندتر بۆ پێدانی مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی بە کۆچبەران رادەگەیەنێت لەوانەش شارەزایی تەواوەتی لە زمانی ئینگلیزی، ئەنجامنەدانی تاوان و ئەنجامدانی کاری خۆبەخشانە.

شابانە مەحموود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بڕیارە لە وتارەکەیدا لە کۆنفرانسی پارتی کرێکاران کۆمەڵێک مەرجی نوێ بۆ داواکارانی مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی ڕابگەیەنێت.

بەپێی پلانە پێشنیار کراوەکە، کۆچبەرانی یاسایی پێویستیان بە فێربوونی زمانی ئینگلیزی دەبێت بە ستانداردێکی بەرز و هەروەها پێویستە هیچ پێشینەیەکی تاوانکارییان نەبێت و کاری خۆبەخشانەیان لە کۆمەڵگەکانیان ئەنجام دابێت بۆ ئەوەی شایستەی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی بن.

لە ئێستادا کۆچبەرانی یاسایی لە بەریتانیا دەتوانن دوای پێنج ساڵ داوای مانەوەی هەمیشەیی بکەن، ئەمەش مافی ژیان و خوێندن و کارکردنی هەمیشەیییان پێدەبەخشێت.

پارتی کرێکاران دەڵێت ئەم سیاسەتە جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان حکومەتی دەسەڵاتدار و پارتی چاکسازیی ڕاستڕەوی بەریتانیا دروست دەکات کە دەڵێن مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی هەڵدەوەشێنێتەوە.

پارتی کرێکاران بڕیارە ئەو ماوەیەی کە پێویستە بۆ وەرگرتنی مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە پێنج ساڵەوە بۆ ١٠ ساڵ زیاد بکات. پارتەکە لە مانگی ئایاردا ڕایگەیاند کە ڕاوێژکارییەکیان لەسەر ئەو پێشنیازە دەستپێکردووە کە لە چوارچێوەی سیاسەتی کەمکردنەوەی کۆچبەراندایە.

لەبەرانبەردا پارتی چاکسازی ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیا رایدەگەیەنێت، مافی نیشتەجێ بوونی هەمیشەیی بە ڤیزا دەگۆڕن کە پێویستە کۆچبەران هەر پێنج ساڵ جارێک دووبارە داواکاری بۆ پێشکەش بکەنەوە، بەڵام پارتی کرێکاران دەڵێت ئەم هەنگاوە ئەو کرێکارانەی کە دەیان ساڵە لە بەریتانیادا نیشتەجێن ناچار دەکات  ماڵ و خێزانەکانیان بەجێبهێڵن.

لای خۆیەوە کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا  لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بی بی سی، سیاسەتی پارتی چاکسازی بەریتانیای بە "ڕەگەزپەرستانە" ناوبرد.

لەبەرنبەردا نایجل فاراج، سەرۆکی پارتی چاکسازی ئۆپۆزیسیۆن بە ماڵپەری دەیلی ئێکسپرێسی ڕاگەیاندووە، پارتی کرێکاران باوەڕی بە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان نییە و دەڵێت، سەرۆک وەزیران هێرش دەکاتە سەر پارتەکەیان چونکە بێ هیوا بووە لە جێبەجێ کردنی پلانەکانی.

لای خۆشییەوە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەڵێت: ئەو کۆچبەرانەی کە داوای نیشتەجێبوونی هەمیشەیی دەکەن، دەبێت بیسەلمێنن کە خۆیان تێکەڵ بە کۆمەڵگەی بەریتانیا کردووە، لەوانەش بە پێدانی هاوکارییەکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و وەرنەگرتنی هیچ یارمەتیەکی حکومی و بەشداریکردن لە کۆمەڵگا ناوخۆییەکان.

پارتی کرێکاران دەڵێت، دەتوانرێت مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی هەندێک لە هاووڵاتیانی بیانی بدرێت بە پشتبەستن بە بەشداریکردن یان لێهاتووییەکانیان.

تەوەری سەرەکی کۆنفرانسی کرێکاران ئالەنگاری پارتی چاکسازی بەریتانیایە کە لە ئێستادا لە ڕاپرسییە نیشتمانییەکان لە سەرانسەری بەریتانیا پێشەنگن.

چاوەڕوان دەکرێت وەزیری ناوخۆ لە وتارەکەیدا ئاماژە بەوەبکات، نیشتمانپەروەری خەریکە دەبێتە شتێکی بچووکتر، شتێک هاوشێوەی ناسیۆنالیزمێکی نەتەوەیی.

ئەو دەڵێت کە "کۆچبەری دادپەروەرانە" و ئاسایشی سنوورەکان بەشێکی دانەبڕاون لە وڵاتێکی "کراوە و بەخشندە و لێبوردە".

هەروەها خاتوو مەحموود باس لە ئەزموونی دایک و باوکی دەکات لە هاتنی بۆ بەریتانیا و دەڵێت کە وەرگرتنی کۆچبەران بەندە بە بەشداریکردنیان لە کۆمەڵگا ناوخۆییەکان.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی