سبەى
دادگایەکی عێراقی سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر هاوڵاتییەکدا سەپاند، بە تۆمەتی "قاچاخچێتی مرۆڤ"، لە ڕێگەی دامەزراندنی تۆڕێک بۆ ناردنی عێراقییەکان بۆ روسیا بەمەبەستی بەشداریکردنیان لە شەڕ دژی ئۆکراینا.
دادگای تاوانەکانی نەجەف ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی ئەیلول لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سزای هەتاهەتایی بەسەر کەسێکی عێراقی سەپێندراوە بە تۆمەتی دامەزراندنی گروپێک بۆ ڕەوانەکردنی هاوڵاتیان لە بەرانبەر وەرگرتنی پارە بۆ روسیا بە مەبەستی بەشداریکردنیان لە شەڕ دژی ئۆکراینا.
بەرپرسێکی دادوەری عێراقی و ئەفسەرێکی باڵای ئەمنی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە یۆرۆنیوزیان راگەیاند کەسێک بە ناوی "ڕەیسان فەلاح کامێل" بە تۆمەتی کۆکردنەوەی چەکدار و ناردنیان بۆ شەڕکردن شانبەشانی روسیا لە شەڕی ئۆکراینا سزا دراوە.
پێشتر پەرلەمانی عێراق پشتراستی کردبووەوە کە هاوڵاتیانی عێراقی لە شەڕی سوپای روسیا لە ئۆکرانیا بەشداری دەکەن و بەگوێرەی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، عێراقییەکان "لە ڕێگەی قاچاخ یان لەژێر پەردەی گەشتیاری، چارەسەری پزیشکی یان هۆکاری دیکە" وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە.
پاڵنەرە داراییەکان، لەوانە مووچەی مانگانە تا سێ هەزار دۆلار، ئۆفەری زەوی و بەڵێنی ڕەگەزنامەی روسی، وەک هاندەرە سەرەکییەکان ئەژمار دەکرێن بۆ راکێشانی بۆ عێراقییەکان بۆ بەشداریکردن لە شەڕی روسیا و ئۆکراینا.
لە هەمان کاتدا هەندێک لە راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە هاوڵاتیانی عێراقی دەچنە ناو سوپای ئۆکراین و دژ بە روسیا بەشداری شەڕ دەکەن.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥، بەرپرسانی ئۆکراینا ڕایانگەیاند، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیانی چینی شانبەشانی سوپای روسیا دژی ئۆکراین شەڕ دەکەن، هەروەها زانیاری وردیان لەسەر زیاتر لە ١٥٠ سەربازی چینی کۆکردووتەوە کە گوایە مۆسکۆ لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە رایکێشاون ئەگەرچی پەکین ئەم تۆمەتانەی رەتکردەوە.
هەروەها بەرپرسانی ئەمریکا و کۆریای باشوور ڕایانگەیاندووە، کۆریای باکوور هەزاران سەرباز و کەرەستەی سەربازیی بۆ یارمەتیدانی روسیا لە شەڕەکەی لە ئۆکراینا ناردووە و دوای بێدەنگییەکی زۆر لەسەر ئەو بانگەشەیە، پیۆنگ یانگ لە مانگی نیساندا پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی ئەو وڵاتە رەوانەی روسیا کراون.