چیرۆکی دوو سەرۆک؛ ترەمپ بەپێچەوانەی بایدن تۆڵە دەکاتەوە

#دۆناڵد ترەمپ#جۆ بایدن#ئەمریکا#کۆشکی سپی
5 کاتژمێر لەمەوپێش
هێمن مەحمود
پوختە :
  • یەکێک لە بەڵێنەکانی دۆناڵد ترەمپ تۆڵەسەندنەوە بوو لەو کەسانەی کە بە دوژمن پێناسەیان دەکات
  • بەشێک لە رەخنەگرانی ترەمپ دەڵێن، سەرۆکی ئەمریکا دەسەڵاتەکەی بەکار دەهێنێت بۆ مەبەستی تاکە کەسی
  • ترەمپ لە کاتی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی هەوڵی داوە تۆڵە لە نەیارەکانی بکاتەوە
Primary Asset

سبەى

یەکێک لە بەڵێنەکانی دۆناڵد ترەمپ کاتێک گەڕایەوە کۆشکی سپی تۆڵەسەندنەوە بوو لەو کەسانەی کە بە دوژمنی خۆی دەزانی و لە ئێستادا دوای نۆ مانگ، ڕەهەندە بێ وێنەکانی ئەو هەڕەشەیە بە تەواوی دەردەکەون.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەەمریکا نۆ مانگ دوای دەستبەکاربوونی دەستیکردوە بە هەڵمەتێکی بێوێنە بۆ سەر نەیارەکانی و زۆر کات ئەو هەڵمەتانی لە ڕێگەی سیستەمی دادوەری وڵاتەکەیەوە جێبەجێ دەکات.

ترەمپ دوای هاتنە سەر دەسەڵات بە ئاشکرا لە ڕێگەی هاندانی داواکاری گشتی هەوڵی داوە نەیاراەکانی بکاتە ئامانج و پێشنیاری کردووە کە حکومەت مۆڵەتی وەشانی تەلەفزیۆنی هەندێک میدیا هەڵبوەشێنێتەوە کە بە نەیاری خۆی پێناسەیان دەکات   هاوکات ژمارەیەک کۆمپانیای کردووەتە ئامانج کە بە دوژمنی خۆی وەسفیان دەکات و مۆڵەتی ئەمنی و گرێبەستە حکومییەکانی ئەو کۆمپانیایانەی هەڵوەشاندووەتەوە.

هاوکات ترەمپ دەسەڵاتی سەرۆکایەتی بەکاردەهێنێت بۆ سەپاندنی ئیرادە و خواستەکانی، بۆ نموونە پێنجشەممەی ڕابردوو، ترەمپ فەرمانێکى جێبەجێکردنی سەبارەت بە "تیرۆری ناوخۆیی و توندوتیژی سیاسی" واژۆ کرد و رایگەیاند، ئەو فەرمانە بەکاردەهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرمایەدارەکان کە پارە بۆ ئاژاوەگێری دابین دەکەن، هەروەها ناوی ملیاردێرە لیبراڵەکانی وەک جۆرج سۆرۆس و دامەزرێنەری لینکیدئین ڕید هۆفمانی هێناوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی داد رایگەیاند، جەیمس کۆمی، بەڕێوەبەری پێشووی FBIتۆمەتبار کراوە بەوەی دەسەڵاتەکەی بۆ مەبەستی سیاسی بەکارهێناوە ئەوەش تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی ترەمپ دژ بە کۆمی قسەی کرد و تۆمەتباری کرد بە سوێندخواردنی درۆ.

ترەمپ هەروەها هەڕەشە لە سەرکوتکردنی گرووپە چەپەکان دەکات لە ژێر پاساوی کوژرانی چالاکوانی پارێزگار چارلی کیرک لە زانکۆیەک و هێرشی چەکداری بۆ سەر  هێزەکانی ڕێکخراوەی کۆچبەری ئەمریکا لە شاری داڵاس کە تێیدا دوو کۆچبەری دەستگیرکراو برینداربوون و یەکێکیان کوژرا، سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت ئەم سەرکوتکردنە بەرفراوانە پێویستە و بەپەلەیە.

چیرۆکێک لە دوو سەرۆک

لەو چوار ساڵەی کە دیموکراتەکان لە کۆشکی سپی دەسەڵاتدار بوون، ترامپ چوار جار لێپێچینەوەى لێکرا و جارێکیش سزا دراوە. چەندین یاریدەدەری نزیکی، لەوانە ستیڤ بانۆن، سەرۆکی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی لە ساڵی ٢٠١٦ و پیتەر ناڤارۆ، ڕاوێژکاری بازرگانی، بەهۆی سەرپێچیکردن لە فەرمانەکانی کۆنگرێس دادگایی و زیندانی کراون. هەندێکی تریش بە تۆمەتی تێوەگلان لە هەوڵێک بۆ پەکخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٠ تۆمەتبار کراون.

ئیدارەی بایدن فەرمانی بە کۆمپانیاکانی سۆشیال میدیا کردبوو کە لە کاتی پەتای کۆڤیددا ئەو شتەی ناوی دەبرد بە "لێدوانی زیانبەخش" سنووردار بکەن. بایدن هەوڵی دەدا دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی فراوان بکات بۆ پێشخستنی کارنامەکەی، لە هەڵوەشاندنەوەی قەرزی خوێندکاران و ناچارکردنی کوتانەوە تا پاراستنی مافی کەسانی رەگەزگۆڕاو لە قوتابخانە حکومییەکان و توندکردنەوەی ڕێساکانی ژینگە.

رەنگە لایەنگرانی ترەمپ بڵێن نۆرەی لایەنی بەرامبەرە، بەڵام جیاوازی نێوان کردەوەکانی بایدن و ترەمپ لە زۆر ڕووەوە زۆرە و  هەرچەندە ترەمپ لە سەردەمی بایدندا تۆمەتبار کراوە، بەڵام تەنها دوو دۆسیە لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە دژی خراوەتە پاڵ، کە هەردووکیان لەلایەن داواکاری گشتی تایبەتەوە بەدواداچوونیان بۆ کراوە کە ئەرکی کارکردنی سەربەخۆی لە وەزارەتی دادی بایدنی پێسپێردراوە.

چۆن دیمەنی سیاسی ئەمەریکا گۆڕاوە؟

بۆ ئەوانەی ترەمپ وەک تاکڕەوێک دەبینن، تۆمەتبارکردنی جەیمس کۆمی دوایین نموونەیە بۆ ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا بە تۆڵەسەندنەوە تۆمەتبار بکەن.

چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی کۆمی بەڕێوەبەری پێشووی  FBIبە تۆمەتی سوێندخواردنی درۆ تۆمەتبار بکرێت، ترەمپ داوای لە داواکاری گشتی ئەمریکا پام باندی کرد داواکاری گشتی نیویۆرک لێتیسیا جەیمس و سیناتۆری کالیفۆرنیا ئادەم شیف، کە تۆمەتباری کردبوون بە پیلانگێڕی لە دژی بخرێنە بەردەم دادگا.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە داواکاری گشتی فیدراڵی لێکۆڵینەوە لە کۆمی و لێتیتیا جەیمس دەکات کە لە ژێر فشاردا دەستی لەکارکێشایەوە و پارێزەرێکی پێشووی ترەمپ جێگەی گرتەوە.

لای خۆیەوە لۆری لیڤێنسۆن، مامۆستای یاسا لە زانکۆی لۆیۆلا مەریماونت بە بی بی سی ڕاگەیاندووە، “ئەوە بێ وێنەیە کە سەرۆکێک فەرمان بدات کەسێک دادگایی بکرێت تەنها لەبەر ئەوەی لە لێی توورە بووە".

هاوکات ترەمپ شەڕێکی ئاشکرای لە دژی میدیا بەناوبانگەکان دەستپێکردووە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەوان ڕەخنەی توندی لێی دەگرن و یاسای فیدراڵی پێشێل دەکەن. ترەمپ سکاڵای لەسەر ڕۆژنامەکانی نیویۆرک تایمز و وۆڵ ستریت جۆرناڵ تۆمار کردووە بۆ و داوای ملیارەها دۆلار قەرەبوویان لێدەکاتەوە، هەروەها پێشتر داوای یاسایی دژ بە کەناڵی ABC و CBS تۆمار کردووە.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی