زانست وەڵامی مشتومڕە گەورەکە دەداتەوە.. باشترین کات بۆ خۆشۆردن کامەیە، بەیانییان یان شەوان؟

#بەیانی#شەو#خۆشۆردن
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • مشتومڕە گەورەکە یەکلایی بووەوە؛ زانست وەڵامی دایەوە، باشترین کات بۆ خۆشۆردن بەیانییانە یان شەوان؟
  • نهێنیی بۆنی بەیانییان؛ تەنانەت ئەگەر شەویش خۆت بشۆیت، بەیانی هەر کەمێک بۆنت دێت.
  • "جێخەوێکی خاوێن لە خۆشۆردن گرنگترە!" پسپۆڕێک نهێنییەکی سەیر ئاشکرا دەکات.
  • ئەگەر دەتەوێت زووتر خەوت لێبکەوێت؟ شەوان خۆت بشۆ.
  • ئایا بەڕاستی پێویستە هەموو ڕۆژێک خۆمان بشۆین؟
Primary Asset

سبەی

یەکێک لەو پرسیارانەی خەڵکی بەسەر دوو بەرەی دژبەیەکدا دابەش کردووە ئەوەیە: ئایا دەبێت خۆشۆردن یەکەم کاری بەیانیانمان بێت، یان دوا کاری شەوانمان پێش خەوتن؟ یان ڕەنگە تۆش یەکێک بیت کەسانەی لەگەڵ ئەوە نین هەموو ڕۆژێک خۆیان بشۆن!

زۆرکەس بەیانییان کە بە چاوی خەواڵووەوە هەڵدەستێت یەکسەر دەچێتە ژێر ئاوپڕژێنی گەرماوەوە. ئەوان دەڵێن ئەگەر 10 خولەک لەژێر ئاودا بمێننەوە چالاک و پڕوزە دەبن. لە بەرامبەردا، ئەوانەی شەوان پێش خەوتن خۆیان دەشۆن، جەخت لەوە دەکەنەوە بەوە ماندووێتی ڕۆژەکەیان دەڕەوێتەوە و بە پاکی دەچنە نێو جێگاوە.

خۆشۆردن لەشمان لە پیسی، ئارەق و چەوری پاک دەکاتەوە. ئەگەر شەوان پێش خەوتن خۆت نەشۆیت، هەموو ئەو پیسییانە دەگوازیتەوە بۆ سەر چەرچەف و سەرینەکەت.

بەڵام ئەمە هەموو شتێک نییە. پێستی تۆ پڕە لە ژیانی وردیلەیی. لە هەر سانتیمەتر چوارگۆشەیەکی پێستت، 10 هەزار بۆ یەک ملیۆن بەکتریا بەدی دەکرێت.

ئەم بەکتریایانە لەسەر ئەو چەورییە دەژین کە لە ڕژێنەکانی ئارەقەکردنەوە دەردەچن. ئارەق خۆی بۆنی نییە، بەڵام ئەو ماددە گۆگردییانەی کە بەکتریاکان بەرهەمی دەهێنن، بۆنیان هەیە.

هەرچەند وا دەریش بکەوێت خۆشۆردنی شەوان باشترە و بە پاکی دەچیتە ناوجێ، بەڵام شتەکە ڕاستییەکە هێندە ڕووکەش و ئاسان نییە.

پریمڕۆز فریستۆن، پسپۆڕی زیندەوەرزانیی وردبین لە زانکۆی لیستەر، دەڵێت: “ئەگەر شەو خۆت بشۆیت، بە پاکی دەچیتە نێو جێگاوە، بەڵام بە شەویش ئارەقە دەکەیتەوە.”

بەپێی وتەی فریستۆن، تەنانەت لە کەشی ساردیشدا، مرۆڤ بە شەو نزیکەی 140 گرام ئارەقە دەکاتەوە و 50 هەزار یان زیاتر خانەی پێستی مردوو فڕێدەدات.

 فریستۆن دەڵێت: “واتە جارێکی دیکە ژینگەیەکی بچووکی ئارەقاوی دروست دەکەیت کە بەکتریاکان دەیخۆن و دەبنە هۆی ئەوەی لەش کەمێک بۆن بکات. بۆیە ئەگەر شەو خۆت بشۆیت، بەیانی کە هەڵدەستیت کەمێک بۆنت دێت.”

نهێنیی ڕاستەقینە: جێخەوێکی خاوێن!

هۆلی ویلکینسن، پسپۆڕی چاکبوونەوەی برین و زیندەوەرە وردیلەکانی لەش لە زانکۆی هەڵ، دەڵێت: "شۆردنی جێخەوەکەت لەوانەیە لە خۆشۆردنی شەوان گرنگتر بێت." چونکە ئەگەر خۆت بشۆیت و بچیتە نێو جێگەیەکەوە کە مانگێکە سەرین، سەرچەف، پێخەفەکی نەشۆراوە، بەکتریا لە ناو جێخەوەکە کۆ دەبێتەوە و پیس دەبێت. 

بەرکەوتنی درێژخایەن لەگەڵ پیسیی جێخەو، مەترسیی تووشبوون بە هەستیاری زیاتر دەکات.

هەرچەندە هێشتا بە تەواوی نەسەلمێندراوە، بەڵام خەوتن بە شێوەیەکی بەردەوام لەناو جێخەوێکی پیسدا، ڕەنگە مەترسیی تووشبوون بە هەوکردنی پێست زیاد بکات.

سوودی خۆشۆردنی شەوان بۆ خەو

ئەوانەی شەوان خۆیان دەشۆن، دەڵێن شەوان زووتر خەویان لێ دەکەوێت و زانستیش ئەمەی سەلماندووە. 

بەپێی شیکارییەک کە لەسەر 13 توێژینەوەی جیاواز کراوە، دەرکەوتووە خۆشۆردن ئاو بەخۆداکردن بۆ ماوەی 10 خولەک، دەبێتە  هۆی ئەوەی 1-2 کاتژمێر  یەک یان دوو کاتژمێر پێشتر خەوی لێ بکەوێت.

ڕەنگە بەرزبوونەوە و پاشان دابەزینی پلەی گەرمیی لەش، ئاماژەیەک بێت بۆ لەشمان کە خۆی بۆ خەو ئامادە بکات. بەڵام سەلماندنی ئەمە، پێویستی بە توێژینەوەی زیاتر هەیە.

دەرەنجامی کۆتایی: کامیان باشترە؟

فریستۆن خۆی لایەنگری خۆشۆردنی بەیانییانە. ئەو پێی وایە زۆربەی ئارەقە و میکرۆبەکانی شەو پاک دەکاتەوە و وا دەکات چالاکانە و بە پاکی دەست بە ڕۆژەکەت بکەیت.

بەڵام لە ڕاستیدا، بڕیارەکەی تۆ لەوانەیە کاریگەرییەکی زۆر کەمی لەسەر تەندروستیت هەبێت. بابەتەکە زیاتر پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە ئایا دەتەوێت بە شەو پاک بیت یان بە ڕۆژ.

ویلکینسن دەڵێت: "ئەگەر ڕۆژانە یەک جار خۆت بشۆیت، لەوانەیە زۆر گرنگ نەبێت کەی خۆت دەشۆیت".

لە ڕاستیدا، شۆردنی ڕۆژانەی شوێنە گرنگەکانی لەش و دوو جار خۆشۆردن لە هەفتەیەکدا، بەسە بۆ پاراستنی تەندروستی و پاک و خاوێنیت.

ویلکینسن لە کۆتاییدا دەڵێت: "بێگومان ئەمە بەندە بە کارەکەشتەوە. بۆ نموونە، ئەگەر جووتیار بیت، لەوانەیە حەز بکەیت لە کۆتاییی ڕۆژەکەدا خۆت بشۆیت. بەڵام من پێم وایە بە گشتی، جێگەیەکی خاوێن گرنگترە."

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی