سبەى
کۆشکى سپى پلانەکەى ترەمپى بۆ رێککەوتنى غەززە بڵاوکردەوە و جەختدەکاتەوە ئەگەر ئیسرائیل و حەماس رازى بن لەسەرى دەستبەجێ شەڕ کۆتایی دێت.
دەقى پلانەکە:
- غەززە دەبێتە ناوچەیەکی دوور لە توندڕەوی و تیرۆر، هیچ مەترسییەک بۆ سەر دراوسێکانی دروست ناکات.
- غەززە بۆ قازانجی دانیشتووانی غەززە کە بە ڕادەی پێویست زیانیان بەرکەوتووە، بنیات دەنرێتەوە.
- ئەگەر هەردوولا بەم پێشنیازە ڕازی بن، دەستبەجێ شەڕ کۆتایی دێت. هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ئاماده کاری بۆ ئازادکردنی بارمته کان دەکشێنەوە. لەم ماوەیەدا هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ڕادەگیرێن و هێڵەکانی شەڕیش بە وەستاوى دەمێننەوە تا ئەو کاتەی مەرجەکانی کشانەوەی تەواو و قۆناغبەندی جێبەجێ دەکرێن.
- لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا دوای قبوڵکردنی ئیسرائیل بۆ ئەم ڕێککەوتنە، هەموو بارمتەکان، بە زیندووی یان مردوویی، دەگەڕێندرێنەوە.
- کاتێک هەموو بارمتەکان ئازاد دەکرێن، ئیسرائیل ٢٥٠ زیندانی ئازاد دەکات کە سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە، ئەمە جگە لە ١٧٠٠ دانیشتووی غەززە کە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دەستگیرکراون، لەنێویاندا هەموو ئەو ژن و منداڵانەی لەم چوارچێوەیەدا دەستبەسەرکراون. بۆ هەر بارمتەیەکی مردوو، تەرمى ١٥ دانیشتووى غەزز رادەستدەکرێت.
- کاتێک هەموو بارمتەکان گەڕێنرانەوە، لێبوردن دەدرێتە ئەندامانی حەماس کە پابەندن بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە و چەکداماڵین. ئەو ئەندامانەی حەماس کە دەیانەوێت غەززە بەجێبهێڵن، ڕێگەی سەلامەتیان بۆ وڵاتانی وەرگر دابین دەکرێت.
- لەگەڵ قبوڵکردنی ئەم ڕێککەوتنە، دەستبەجێ هاوکاری تەواو ڕەوانەی کەرتی غەززە دەکرێت. بەلایەنی کەمەوە بڕی هاوکارییەکان لەگەڵ بڕگەکانی ڕێککەوتنی سەرەتاى ئەمساڵ سەبارەت بە هاوکارییە مرۆییەکان دەگونجێت، لەوانە نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی (ئاو، کارەبا، و پاکوخاوێنی)، نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانە و نانەواخانەکان، و هاتنە ژوورەوەی ئامێرە پێویستەکان بۆ لابردنی داروپەردوو و کردنەوەی ڕێگاکان.
- دابەشکردنی یارمەتییەکان و چوونە ناو کەرتی غەززە بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێک بەردەوام دەبێت، لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگاکانیەوە، مانگی سوور و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە کە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە هیچ لایەنێکەوە نییە. کردنەوەی دەروازەی ڕەفەح بە هەردوو ئاراستەدا بە هەمان میکانیزمی ڕێکەوتننامەی ١٩ی ١ی ٢٠٢٥ جێبەجێ دەکرێت.
- غەززە لەلایەن حکومەتێکی ئینتقالی کاتییەوە بەڕێوەدەبرێت کە لە لیژنەیەکی ناسیاسی و تەکنۆکراتی فەلەستینی پێکهاتووە کە بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی ڕۆژانەی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و شارەوانییەکان بۆ دانیشتوانی غەززە. ئەم لیژنەیە لە فەلەستینییە شایستە و شارەزایانی نێودەوڵەتی پێکدێت، لەژێر سەرپەرشتی و چاودێری ئۆرگانێکی نوێی ئینتقالی نێودەوڵەتی، "ئەنجومەنی ئاشتی"، بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ئەندامان و سەرۆکی وڵاتانی دیکە کە بڕیارە ڕابگەیەنرێن، لەنێویاندا تۆنی بلێر.
- ناوچەیەکی ئابووری تایبەت دادەمەزرێنرێت.
- هیچ کەسێک ناچار نابێت غەززە بەجێبهێڵێت و ئەوانەی ئارەزووی ڕۆشتنیان هەیە ئازاد دەبن لە ڕۆشتن و گەڕانەوە. هانی خەڵک دەدەین بۆ مانەوە و دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنین بۆ ئەوەی غەززەیەکی باشتر بنیات بنێن.
- بزووتنەوەی حەماس و لایەنەکانی دیکە لەسەر ئەوە کۆکن کە هیچ ڕۆڵێک لە بەڕێوەبردنی غەززەدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ و بە هەر شێوەیەک وەرنەگرن. پرۆسەی داماڵینی چەک لە غەززە لە ژێر چاودێری چاودێرانی سەربەخۆدا دەبێت، غەززەی نوێ بە تەواوی پابەند دەبێت بە بنیاتنانی ئابوورییەکی ئاوەدان و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لەگەڵ دراوسێکانی.
- هاوبەشە ناوچەییەکان دڵنیایی دەدەن کە حەماس و کوتلەکانی دیکە پابەندی بەڵێنەکانیانن و غەززەی نوێ هیچ مەترسییەک بۆ سەر دراوسێکانی یان خەڵکەکەی دروست ناکات.
- ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان کاردەکات بۆ دامەزراندنی هێزێکی کاتی سەقامگیری نێودەوڵەتی بۆ ڕەوانەکردنی دەستبەجێ بۆ غەززە. ئەم هێزە مەشق و ڕاهێنان و پاڵپشتی هێزەکانی پۆلیسی فەلەستینی پشکنراو لە غەززە دەکات و ڕاوێژ لەگەڵ ئوردن و میسر دەکات کە ئەزموونی بەرفراوانیان لەم بوارەدا هەیە.
- ئیسرائیل غەززە داگیر ناکات و نایخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.
- ئەگەر حەماس ئەم پێشنیازە دوابخات یان ڕەتیبکاتەوە، ئەوا ئەوانەی سەرەوە، بە فراوانکردنی بازنەی ئۆپەراسیۆنی هاوکارییەوە، لە ناوچەى دوور لە تیرۆردا جێبەجێ دەکرێن کە لە لایەن ئیسرائیلەوە ڕادەستکراون.