ئۆپەراسیۆن لە ئیدلب؛ پەیامێکی ئاگرین لە ئەنقەرە و دیمەشقەوە بۆ هەسەدە

#هەسەدە#تورکیا#سووریا#ئۆپەراسیۆن#داعش#ئیدلب
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • یەکەم ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی تورکیا و سوپای سوریا لە ئیدلب؛ پەیامێکی ئاگرین بۆ هەسەدە.
  • "ئەمڕۆ لە ئیدلب لە داعش دەدەین، سبەی لە ڕۆژهەڵاتی فورات ڕووبەڕووی تۆ دەبینەوە!"
  • هەڕەشە شاراوەکەی پشت ئۆپەراسیۆنەکە چییە؟
  • ئەنقەرە و دیمەشق بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڵێن: "ئیتر پێویستان بە هەسەدە نییە بۆ شەڕی داعش"
  • ئایا ئەمە دوا ئاگادارکردنەوەیە بۆ هەسەدە تا بە مەرجەکانی تێکەڵبوونەوە لەگەڵ سوپای سووریا ڕازی بێت؟
  • داعش وەک "پاساو"؛ یارییە ستراتیژییە نوێیەکەی تورکیا و سووریا لە دژی هەسەدە.
Primary Asset

سبەی

یەکەم ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەشی نێوان سوپای تورکیا و هێزەکانی سەر بە ئیدارەی نوێی سوریا لە ئیدلب وەک پەیامێکی ئاگرینی تورکیا و سوریا لێک دەدرێتەوە دژى هەسەدە، لەکاتێکدا هەردوولا دەڵێن ئۆپراسیۆنەکەیان لە دژى داعشە.

 کات و شێوازی ئەم ئۆپەراسیۆنە، بە پەیامێکی ستراتیژیی ڕوون و هەڕەشەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دادەنرێت، بە ئامانجی ناچارکردنیان بە قبووڵکردنی ئەو مەرجانەی کە ئەنقەرە و دیمەشق بۆ داهاتووی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دایانناوە.

بۆچی ئێستا و لە ئیدلب؟ کات و شوێن وەک پەیام

هەڵبژاردنی ئەم کاتە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، پێناچێت بە ڕێککەوت بێت. بەو پێیەى لە کاتێکدایە:

دانوستانەکان وەستاون: گفتوگۆکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق بۆ تێکەڵبوونەوە، پێداگیری هەسەدەوە لەسەر پاراستنی پێکهاتەی سەربازی و ئیداریی خۆی، گەیشتووەتە بنبەست.

گوشارە سەربازییەکان: تورکیا لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەردەوام هێزی سەربازیی خۆی لە نزیک ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە کۆ دەکاتەوە.  

ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی دوێنێ 28ی ئەیلوولی 2025ی تورکیا و سووریا  لە ئیدلب، نیشانەی ئەوەیە کە هەردوو وڵات گەیشتوونەتە ئاستێکی نوێی هاوئاهەنگیی سەربازی و متمانەی سیاسی. 

ئەمە یەکەم نمایشی کردەیی "هاوپەیمانێتیی نوێ"ی نێوانیانە و پەیامێکە بۆ هەموو جیهان کە ئەنقەرە و دیمەشق دەتوانن پێکەوە کار بکەن.

پەیامەکە بۆ هەسەدە چییە؟

ئۆپەراسیۆنەکە لە بنەڕەتدا پەیامێکی سێ لایەنەی بۆ هەسەدە تێدایە:

هەڕەشەی ڕاستەوخۆ: پەیامەکە ڕوونە: "ئەمڕۆ پێکەوە لە ئیدلب لە داعش دەدەین، سبەی دەتوانین پێکەوە لە ڕۆژهەڵاتی فورات ڕووبەڕووی تۆ ببینەوە".

 ئەمە نمایشێکی هێزە بۆ ئەوەی بە هەسەدە بڵێن کە ئەگەر بە ڕێگەی سیاسی ڕازی نەبن، ئەوا ڕووبەڕووی بەرەیەکی هاوبەشی سەربازیی تورکیا و سووریا دەبنەوە.

هەسەدە تاکە هێز نییە لە سووریا شەڕی داعش بکات: ئەوەی سەرنجی جیهانی بۆ هەسەدە ڕاکێشاوە، ئەو سەرکەوتنە مەزنانەن لە دژی داعش تۆماری کردوون. لە ڕێی ئۆپەراسیۆنەکەی دوێنێوە تورکیا و داعش دەیانەوێت بە کۆمەڵگیا نێودەوڵەتی بڵێن: "ئیتر پێویستان بە هەسەدە نییە. سوپای فەرمیی سووریا، بە پشتیوانیی تورکیا، دەتوانێت هەڕەشەی تیرۆر نەهێڵێت" ئەمە هەوڵێکە بۆ دابڕینی سیاسیی هەسەدە و لاوازکردنی پێگەی لەلای هاوپەیمانان، بەتایبەتی ئەمریکا.

دوا ئاگادارکردنەوە بۆ تێکەڵبوونەوە: ئەم ئۆپەراسیۆنە، کردەییترین و جددیترین ئاگادارکردنەوەیە بۆ هەسەدە کە کات لە بەردەمیاندا نامێنێت. پەیامەکە ئەوەیە کە دەبێت هەسەدە و ئیدارەی خۆسەری واز لە داواکارییەکانیان بۆ پاراستنی پێکهاتەی سەربازیی جیاواز بهێنن و بەو مەرجانە ڕازی بن کە دیمەشق و ئەنقەرە دایانناوە، کە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی کردەیی هێزەکانیان و تێکەڵبوونیان لەگەڵ سوپای سووریادا.

بۆیە ئۆپەراسیۆنی ئیدلب زیاتر لەوەی پەیوەندیی بە پاشماوەکانی داعشەوە هەبێت، پێدەچێت پەیوەندیی بە داهاتووی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستانەوە هەبێت، کە وەک یارییەکی ستراتیژیی ئەنقەرە و دیمەشق دەبینرێت کە تێیدا داعش وەک "پاساو" بەکاردەهێنرێت بۆ ناردنی پەیامێکی ئاگرین بۆ هەسەدە و هاوپەیمانە ئەمەریکییەکانی، بەڵام دیار نییە ئەنجامەکەی چی دەبێت. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی