بەژمارە؛ هەموو زانیارییەکان لەبارەی دەنگدانی تایبەتەوە

#دەنگدانی تایبەت#پێشمەرگە#هێزەکانی ناوخۆ#هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
8 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 8 مانگ نوێ کراوەتەوە
پوختە :
  • بەپێی رێکارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەرووی زەمەنەوە دەنگدانی تایبەت دوو رۆژ پێش رۆژی دەنگدانی گشتی بەڕیوەدەچێت، کە تێیدا هێزەکانی ناوخۆو پێشمەرگەو بەندکراوان و هەندێک لە نەخۆشی نەخۆشخانەکان دەنگی تێدا دەدەن
Primary Asset

دەنگدانی تایبەتی هێزی پێشمەرگە - ئەرشیف

سبەی

بڕیارە سبەینێ هەینی (18/10/2024)، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، کە 215.960 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، جگە لە پارێزگاکانی هەرێم لە حەوت پارێزگای دیکەی عێراق بنکەی دەنگدانیان بۆ دادەنرێت.

کارتی دەنگدانی تایبەت لە کاردەخرێت

بەپێی رێکارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەرووی زەمەنەوە دەنگدانی تایبەت دوو رۆژ پێش رۆژی دەنگدانی گشتی بەڕیوەدەچێت، کە تێیدا هێزەکانی ناوخۆو پێشمەرگەو بەندکراوان و هەندێک لە نەخۆشی نەخۆشخانەکان دەنگی تێدا دەدەن.

پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن، کە رێکخراوێکی تایبەتە بە پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، بڵاوی کردەوە: ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا پێشهاتی نوێیە و پێشتر نەبووە ئەوەیە کە دەنگدەرانی تایبەت ناتوانن و رێگەیان لێگیراوە کە دووجار دەنگ بدەن، چونکە کارتی بایۆمەترییەکانیان بە جۆرێک پرۆگرامسازیی بۆ کراوە کە دوای دەنگدانیان راستەوخۆ کارتەکانیان بۆ ماوەی (72) کاتژمێر لەکاردەکەوێت، ئەمە جگە لەوەی دوابەدوای دەنگدان راستەوخۆ کارتەکانی بایۆمەتریشیان لێوەردەگیرێتەوەو دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی گشتی بە ماوەیەک کارتەکانیان پێدەدرێتەوە.

چەند کەس مافی دەنگدانیان هەیە

بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە دەنگدانی تایبەتیدا 215.960 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، جگە لە سێ پارێزگاکەی هەرێم، لە حەوت پارێزگای دیکەش دەنگدەرانی تایبەتی هەرێمی کوردستان هەن ئەوانیش (کەرکوک، بەغداد/کەرخ-رەسافە، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین، ئەنبار و واست).

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاوی کردەوە، دەنگدانی تایبەت کە هێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ تێیدا بەشدارن، لە 165 بنکە و 749 وێستگەی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکە مافی بەشداریی کردنیان هەیە لە هەڵبژاردنەکەدا.

بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە دەنگدانی تایبەت 215.690 کەس مافی دەنگدانی هەیە و دابەش بوون بەسەر پارێزگاکاندا بەمشێوەیە: (هەولێر 89.791، سلێمانی 78.661، دهۆک 40.959، هەڵەبجە 952، کەرکوک و بەغدا و پێنج پارێزگاکەی دیکە 5600) دەنگدەر.

مۆبایل و کامێرا قەدەغەیە

لێژنەی باڵای ئەمنی سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە؛ لە ڕۆژانی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتیدا، مۆبایل و کامێرا بۆ بنکەکانی دەنگدان لەگەڵ خۆتان مەبەن، چونکە قەدەغەیە و ڕێگا پێدراو نییە. کارمەندانی پۆلیس هەر لە دەرگای بنکەکانی دەنگداندا ڕێگاتان پێ نادەن بیبەنە ژوورەوە، بۆیە پێویستە لەگەڵ خۆتان نەیبەن.

کەس نازانێت دەنگت بەکێ داوە

لە دوایین راگەیەندراویدا سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: کۆمسیۆن پابەندە بە پارێزگاریکردن لە سەلامەتیی پڕۆسەی هەڵبژاردن و نهێنی دەنگدانی دەنگدەران و پارێزگارییکردن لە پاراستنی نهێنی دەنگدان، بە یەکێک لە پێوەرەکانی بێگەردیی دادەنرێت.

کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەکردوە؛ لە پەیڕەو و رێکارە هونەرییەکان بۆ رۆژی دەنگدان ئەوەی رەچاو کردووە، هیچ لایەنێک بە کۆمسیۆنیشەوە ناتوانن بزانن کە بژاردەکانی دەنگدەران چین و بۆ کێ دەنگیانداوە.

بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانی، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، ماددەی پێنجی دەستوری عێراقی بەبیرهێناوەتەوە کە تیایدا هاتووە: سەروەری بۆ یاسایە، گەل سەرچاوەی دەسەڵاتەکانە و شەرعیەتیان پێدەدات، دەنگ دەدەن لە دەنگدانێکی نهێنی گشتی راستەوخۆ و لە رێگای دامەزراوە دەستورییەکانەوە. هەروەک لە ماددەی 10/هەشتەمی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیشدا هاتووە: دانانی ئەو پەیڕەو و رێنماییانەی کە بێگەردیی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەپارێزن.

دەنگدانی گشتی

رۆژی 20ی مانگ دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، کە دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت، جگە لەوەش ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەمکراوەتەوە، لەو ژمارەیەش 95 کورسی گشتی و پێنج کورسی پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحییە، هەروەها هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای پارێزگاکان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە).

نمونەی کارتی دەنگدانی تایبەت

جیاواز لە دەنگدانی گشتی کە هەر پارێزگایەک وەرەقەی تایبەتی هەیە، بۆ دەنگدانی تایبەت، یەک وەرەقەی دەنگدان هەیە بۆ سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکە کە نموونەکەی کە بەمشێوەیەیە:

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی