بێهزاد خوسرەوی: ئاسایشی یەکێتی دوای ئەشکەنجەدان ڕادەستی ئێرانی کردمەوە

#ئێران#یەکێتی#خوسرەوی
8 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 8 مانگ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بێهزاد خوسرەوی چالاکی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ماوەیەکە گەڕانەوەی بۆ ئێران بووەتە جێگەی مشتومڕ ڕایگەیاندووە، ئاسایشی سلێمانی بەبێ ڕەزامەندی خۆی دوای ئەشکەنجەدان ڕادەستی ئێرانی کردوەتەوە.
  • ئەو چالاکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاسایشی سلێمانی بەوە تۆمەتبارکرد کە لە ژێر فشار و هەڕەشەدا ئەویان ڕادەستی ئێران کردوە و خۆی داوای کردووە، ڕادەست نەکرێتەوە.
Primary Asset

سبەی

بێهزاد خوسرەوی لە لێدوانەکانی پێشووتری پەشیمان دەبێتەوە و دەڵێت، ئاسایشی سلێمانی ئەشکەنجەی داوە و دواتر بە زۆر ڕادەستی ئێران کراوەتەوە. 

بێهزاد خوسرەوی چالاکی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ماوەیەکە گەڕانەوەی بۆ ئێران بووەتە جێگەی مشتومڕ ڕایگەیاندووە، ئاسایشی سلێمانی بەبێ ڕەزامەندی خۆی دوای ئەشکەنجەدان ڕادەستی ئێرانی کردوەتەوە. 

بێهزاد خوسرەوی کە بەوتەی خۆی ئێستا ئێرانی بەجهێشتووە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلکترۆنی ئاڤا تودەی (عەلی جوانمەردی خاوەندارێتی دەکات) ڕایگەیاندووە، ئەو لێدوانە ڤیدیۆیانە لە ژێر فشار و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی ئێراندا تۆمارکردووە و هەر ئەوانیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوییانکردوەتەوە. 

باسی لەوەشکرد، سەرەتا ئاسایشی سلێمانی ئاگاداری کراوەتەوە کە سەردانیان بکات بەڵام لە کاتی سەردانەکەیەدا بۆ بنکەی ئاسایش، دەستگیرکراوە و ئەشکەنجە دراوە. 

ئەو چالاکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاسایشی سلێمانی بەوە تۆمەتبارکرد کە لە ژێر فشار و هەڕەشەدا ئەویان ڕادەستی ئێران کردوە و خۆی داوای کردووە، ڕادەست نەکرێتەوە. 

بەوتەی بێهزاد خوسرەوی لەگەڵ گەشتنەوەی بە ئێران لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئیتڵاعاتەوە دەستگیرکراوە و زیندانی کراوە لە ماوەی زیندانیکردنیشیدا ڕوبەڕوی ئەشکەنجەی زۆر بوەتەوە. 

پێشتر، بێهزاد خوسرەوی و ئاسایشی سلێمانی لە دوو ڕاگەیەندراوی جیادا ڕایانگەیاندبوو، بێهزاد خوسرەوی ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە خواستی خۆی گەڕاوەتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. 

دەستگیرکردنی بێهزاد خوسرەوی و گەڕانەوەی بۆ ئێران

بێهزاد خوسرەوی ساڵی 1987 لە سەقز لەدایکبووە و لە 2014ـەوە نیشتەجێی شاری سلێمانی بوو و فۆرمی پەنابەرێتیی کۆمیسیاریی نەتەوە یەکگرتووەکانی هەبوو.

سەرەتای مانگی ئەیلولی ڕابردوو، هەواڵی دەستگیرکردن و دواتر گەڕانەوەی بۆ ئێران بڵاوکرایەوە، ئەوکات هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بە ڕادەستکردنەوەی ئەو چالاکە سیاسییە تۆمەتبارکران. 

ڕۆژی شەشی ئەیلولی 2024، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان/ سلێمانی دەستگیرکردنی بێهزاد خوسرەوی پشتراستکردەوە و ڕایگەیاند، دەستگیرکردنەکە بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوونەوە هەبووە و پەیوەندی بە کاری سیاسییەوە نییە. بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەی دەزگای ئاسایش، بێهزاد خوسرەوی بەڵێنامەیی یاسایی واژۆ کردووە و لەسەر خواستی خۆی گەڕاتەوە ئێران. 

ڕۆژی حەوتی ئەیلولی 2024، ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕونکردنەوەیەکەدا ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، بێهزاد خوسرەوی لەگەڵ دایک و خوشکی زیاتر لە 10 ساڵە لە شاری سلێمانی دەژین، ماوەی 7 ساڵە ئەندامی حزبی دیموکراتن و مانەوەیان یاساییە.

حزبی دیموکرات، ئاسایشی سلێمانی بە ڕادەستکردنەوەی ئەندامەکەی تۆمەتبارکرد و ڕایگەیاند، لەلایەن ئاسایشی سلێمانی ئەندامەکەی حزبی دیمواکراتی رادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراوە.

ئەگەرچی ئەوکات، بێهزاد خوسرەوی لە چەند تۆمارێکی نوسراو و ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند، لەسەر خواستی خۆی گەڕاوەتەوە ئێران، بەڵام ئێستا ئەوانەی ڕەتکردوەتەوە و ڕایگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ژێر فشاردا پێیان تۆمار و بڵاوکردوەتەوە.  

ڕۆژی 8ـی ئەیلولی 2024، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بڵاویکردەوە، "ماوەیەكە یەكێتی دامودەزگا حكومییەكانی سلێمانی بە بڕیاری حزب بەڕێوە دەبات، دەزگا فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان بەرپرسیار نین لە هەڵسوكەت و ڕەفتارە نایاساییەكانی سەرۆكی یەكێتی و دامودەزگاكانیان". 

باسی لەوەشکرد، یەكێتیی نیشتمانیی بێهزاد خوسرەوی، ئەندامی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی بە ناوی ئاسایشی سلێمانی و بە فەرمانی سەرۆكی یەكێتی ڕادەستی كۆماری ئیسلامیی ئێران كردووە و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئاگاداری ئەم كارە نییە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی