سبەى
سوپای تورکیا تۆپبارانی مزگەوتی دێڕەشی لە سنوری قەزای ئامێدی کرد و پەکەکەش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر بنکەیەکى سوپای تورکیا.
کامەران عوسمان ئەندامى تیمى رێکخراوى سی پی تى ئەمەریکى رۆژى سێشەممە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا، (٧٢) جار بۆردوومانی گوندەکانی (دێڕەش، گرگاشێ، مژێ، کەفنە مژێ و سپیندارێ) یان لە ناوچەی بەری گارە لە سنوری قەزای ئامێدی کرد.
وتیشى سەرباری سوتانی دەیان دۆنم زەوی کشتوکاڵی، مزگەوتی دێڕەشێ زیانی بەرکەوت و بەشێکی مزگەوتەکە سوتا.
بەوتەى کامەران عوسمان، لەهەمانکاتدا، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر بارەگای سوپای تورکیا لە گوندی (سگیرێ). بەر لە گەیشتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە تەقێندرایەوە.
لەدواى راگەیاندنى ئاگربەست لەلایەن پەکەکەوە، تورکیا هێرشەکانى بۆسەر ناوچە سنورییەکانى هەرێمى کوردستان چڕکردووەتەوە و هەزاران هێرشى ئەنجامداوە.
رۆژى 1ى ئازارى 2025، پەکەکە ئاگربەستى تاکلایەنەى راگەیاند، دواى دوو رۆژ لە بانگەوازە مێژوییەکەى عەبدوڵا ئۆجەلان کە داواى چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەى پەکەکەى کرد، بەڵام تورکیا بەردەوامیدا بە هێرشەکانى.
نزیکەى 20 رۆژ لەمەوبەر، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردبوو، هێرشەکانی سوپای تورکیا بەفراوانی لەسەر هەرێمەکانی پارستنی مەدیا، بە دیاریکراوەی لەسەر زاپ و مەتینا بە سەختی بەردەوامە، گۆڕەپانەکانى گەریلا بە درۆنى بۆمبڕێژکراو و چەکى قورس، تونێلەکانیش بە تەقەمەنى هێرشیان دەکرێتەسەر، لە ئەنجامی هێرشەکاندا دوو گەریلا لە رۆژانى ٢٧ و ٣٠ـی ئایار لە کاتی جیاوازدا شەهیدبوون.
جەختیشیکردبووەوە، تا هێرشەکانی سوپای تورکیا بەردەوام بن، گەریلا وەڵام دەداتەوە، لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی پێویستی گەریلادا لە دژی هێرشەکان سێ سەربازی تورکیا بە سزا گەیاندراون و دووى دیکەش برینداربوون.
بنکە سەربازییەکانى تورکیا
تورکیا لەماوەى شەش ساڵدا بە خێرایی ئامادەیی سەربازی خۆی لەخاکى هەرێمى کوردستان فراوانترکردووە و ناوچەیەکى قەدەغەکراوى دروستکردووە، بەشێوەیەک تا کۆتایی ساڵى رابردوو لانیکەم 136 بنکەى سەربازی هەمیشەیی دروستکردووە.
بە سودوەرگرتن لە وێنەی مانگی دەستکرد کە لەلایەن شارەزایانەوە شیکراونەتەوە، لەگەڵ ڕاپۆرتە مەیدانییەکان و سەرچاوەکان، سوپای تورکیا تا مانگی کانوونی دووەمی 2024 لانیکەم 136بنکەى سەربازی هەمیشەیی لەخاکى هەرێمى کوردستان دروستکردووە، ئەوەش بەپێی پێگەى بی بی سی.
تورکیا لەڕێگەی تۆڕی بەرفراوانی بنکە سەربازییەکانییەوە، بە شێوەیەکی کاریگەر دەستى بەسەر زیاتر لە دوو هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە خاکی هەرێمى کوردستان و عێراقدا گرتووە و ناوچەیەکى قەدەغەکراوى بە نزیکەیی لەتەواوى سنورەکانى لەگەڵ هەرێم و عێراق دروستکردووە کە لە هەندێک ناوچە دەگاتە قوڵایی 40 کیلۆمەتر.
وێنەکانى مانگى دەستکرد دەریدەخەن، سوپای تورکیا لانیکەم 660 کیلۆمەتر ڕێگای بۆ بەستنەوەی بنکە سەربازییەکانی دروستکردووە. ئەم ڕێگایانە بووەتە هۆی بڕینی دارستانەکان و کاریگەرى هەمیشەیی لەسەر زەوی چیاکانى هەرێم بەجێهێشتووە.
هەرچەندە دروستکردنى بەشێک لەو بنکانە دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکان، بەڵام 89%یان لە دوای ساڵی 2018 ەوە دروستکراون، ئەو ساڵەی کە تورکیا دەستیکرد بە فراوانکردنی ئامادەیی سەربازی خۆی لە هەرێمى کوردستانی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو.