ترەمپ و جێگرەکەی و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری لەکاتی راگەیاندنی سەرکەوتنی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران
سبەی
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا شکستی هێنا لە دوورخستنەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لە دەسەڵات، بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی کۆنگرێس. ترەمپیش ئەو هەواڵانە بە درۆ و ساختە ناودەبات کە لەبارەی کەمکردنەوەی بایەخی هێرشەکانیان بۆ سەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بڵاودەکرێتەوە.
دەنگدانەکە لەسەر داوایەکی ئاڵ گرین ئەندامی دیموکراتەکان بوو لە ئەنجومەنی نوێنەران، لەبەرامبەردا پارتەکەی بوون بە دوو بەشەوە، بەشێکی زۆری دیموکراتەکان چوونە پاڵ کۆمارییەکان و دەنگیان لەسەر دواخستنی داواکارییەکە و بڕیارەکەدا و دەیانیش پاڵپشتی گرینیان کرد.
دوای خستنە دەنگدانی داواکارییەکە، 344 کەس دژ و 79 کەس پاڵپشتیی پێشنیازەکەیان کرد بۆ دوورخستنەوەی دۆناڵد ترەمپ لە پۆستی سەرۆکایەتی وڵات.
پێش پرۆسەی دەنگدانەکە، گرین رایگەیاند: ئەو کارە لەپێناو ئەوە دەکەم، هیچ کەسێک دەسەڵاتەکانی بەکارنەهێنێت و 300 ملیۆن کەس بەرەو جەنگێک نەبات، کە کۆنگرێس رەزامەندی لەسەر نەداوە، لەپێناو ئەوەی کە دەستور مانایەکی ماوەتەوە، یان نا؟
ئەوە یەکەم یەکەمجار نییە هەوڵی دوورخستنەوەی ترەمپ بدرێت لە ویلایەتی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی، بەهۆی نیگەرانیی دیموکراتەکان لە ئیدارەی نوێی کۆشکی سپی، بەتایبەتی دوای هێرشە چاوەڕوان نەکراوەکەی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
دوێنێ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ بە چەندین دەستەواژەی ناشرین هێرشی کردە سەر ئەلکساندیا ئۆکاسیۆ، نوێنەری دیموکراتەکان لە نیویۆرک، ئەوەش بەهۆی لێدوانێکی ئەو ئەندامەی کۆنگرێس لەسەر ئەوەی پرۆسە سەربازییەکانی ترەمپی دژی ئێران بە تاوان ناساندبوو کە بەهۆیەوە ترەمپ شایستەی ئەوەی دووربخرێتەوە.
ترەمپ: کەناڵەکان هەواڵی درۆ لەبارەی هێرشەکان بڵاودەکەنەوە
لەلایەکی ترەوە دۆناڵد ترەمپ، راپۆرتی ژمارەیەک کەناڵی راگەیاندنی وڵاتەکەی بە درۆ و ناڕاست وەسفکرد، کە پشت بەست بە ژمارەیەک راپۆرتی هەواڵگریی بڵاویان کردبوەوە کە هێرش کردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئامانجەکەی نەپێکاوە.
سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال، هێرشی کردە سەر تۆڕەکانی (سی.ئێن.ئێن) و نیویۆرک تایمز و وۆڵ ستریت جۆرناڵ و ژمارەیەک کەناڵی دیکەی وڵاتەکەی و بە بڵاوکردنەوەی ساختەهەواڵ تۆمەتباری کردن و جەختی کردەوە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا هەر سێ وێستگەکەی بە تەواوەتی لەناوبردوو.
هەر لەوبارەیەوە کارۆلین لێڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمەریکا لە وەڵامی (سی.ئێن.ئێن)دا رایگەیاند: ئەو راپۆرتە بە تەواوەتی هەڵەیە، ئەو بابەتە ئەوپەڕی نهێنییە، دزەکردنی ئەو هەڵسەنگاندنە هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ شکاندنی کەسایەتی سەرۆک و فڕۆکەوانە ئازاکان کە ئەو ئەرکە گەورەیەیان دژی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەنجامیاندا.
وتیشی :"هەموان دەزانن، بەردانەوەی 14 بۆمب کە کێشی هەریەکێکیان 13 تۆنە ئامانجەکانی بە ووردی پێکاوە و لەناوی بردووە".
کاردانەوەکان دوای ئەوەهات، کە بەپێی راپۆرتێکی هەواڵگریی کە ژمارەیەک کەناڵی راگەیاندنی ئەمەریکا بڵاویان کردوەتەوە، هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی 22ـی حوزەیران کە لە رێگەی فڕۆکەی زەبەلاحی (بی-2) و لە رێگەی گەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا بە مووشەکی کروز و تۆماهۆک کرایە سەر سێ وێستگەی ئەتۆمی ئێران (فۆردۆ، ئەسفەهان و نەتەنز) ئامانجەکانی نەپێکاوە و پرۆژەی ئەتۆمیی ئێرانی بە تەواوەتی لەناونەبردووە.