ئیسرائیل و سوریا لەبارەی رێکەوتننامەی ئیبراهیمی گفتوگۆ دەکەن

#سوریا#ئیسرائیل#رێککەوتنی ئیبراهیمی
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بەرپرسێکی حکومەتی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، گفتوگۆی راستەوخۆ و رۆژانە لەگەڵ حکومەتی سوریا بەڕێوەدەچێت و ئەگەر هەیە لوبنان و سوریا بچنە ناو رێککەوتنی ئیبراهیمییەوە.
Primary Asset

سبەی
بەرپرسێکی حکومەتی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، گفتوگۆی راستەوخۆ و رۆژانە لەگەڵ حکومەتی سوریا بەڕێوەدەچێت و ئەگەر هەیە لوبنان و سوریا بچنە ناو رێککەوتنی ئیبراهیمییەوە.

زاچی هانگبی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، رایگەیاند: گفتوگۆی راستەوخۆ و رۆژانە لە نێوان ئیسرائیل و حکومەتی کاتی سوریادا بەڕێوەدەچێت، خودی خۆی بە ناوی حکومەتی ئیسرائیلەوە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی سوریا ئەنجام دەدات. 

جەختی لەوە کردەوە کە رەنگە سوریا و لوبنان بەمەبەستی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بچنە پاڵ رێککەوتننامەکانی ئیبراهیمی. 

بەرپرسەکەی ئیسرائیل ئاشکرای کردووە: رۆژانه دیالۆگ له نێوان ئیسرائیل و سوریا هەیه و پرسه هاوبەشەکانی وەک پرسی ئێرانیش لەو وتووێژانەدا باس دەکرێت.

سەبارەت بە کشانەوە لە ناوچەی جۆلان، هانێگبی وتی: "ئەگەر ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکان رووبدات، ئێمە ئەو پرسە لەبەرچاو دەگرین".

دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لەسوریا، ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئامانجەکانی لە سوریا دەستپێکرد، بەمەستی لەناوبردنی توانا سەربازییە ستراتیژییەکانی پێشوی رژێمەکە، کە بەگوێره‌ى راپۆرتە میدیاییەکانی ئیسرائیل ئەم ئۆپەراسیۆنانە بریتی بون لە لەناوبردنی هێزی دەریایی سوریا ‌و کەمکردنەوەی هێزی موشەکیی بەشێوەیەکی بەرچاو، ئەوە جگە لەهاتنە ناوەوە بۆناو قوڵایی خاکی سوریا و کۆنترۆڵکردنی چیای ستراتیژیی جەبەل شێخ ل ەنزیک دیمەشق.

رێککەوتنی ئیبراهیمی، زنجیرە رێککەوتنێکە لەنێوان ئیسرائیل و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی لەوانە (ئیمارات، بەحرەین، مەغریب، سودان) واژۆکراوە و بە یەکەم هەنگاوی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی عەرەب و ئیسرائیل لە سەدەى 21دا دادەنرێت.

ناوەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ناوی پێغەمبەر ئیبراهیم، کە بە باوکى پێغەمبەران ناودەبرێت و بەوپێیەی ریشەى هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکە؛ ئیسلام، کریستیان و جوو، بۆ ئەو دەگەڕێتەوە.

بەگوێرەى ناوەڕۆکی رێککەوتنى ئیبراهیمى، ئەو وڵاتانەى دەچنە ناو رێککەوتنەکەوە دان بە دەوڵەتى ئیسرائیلدا دەنێن، پەیوەندییەکانى لەگەڵدا ئاسایی دەکەنەوە و پەیوەندیی دیپلۆماسیشیان دەبێت، رێکار دەگیرێتەبەر بۆ رێگەنەدان لە بەکارهێنانی خاکی ئەو وڵاتەنە بۆ بەئامانجگرتنی یەکتری.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی