گۆڕینی خاوەندارێتی كۆمپانیا كاریگەری نابێت؛ وەزارەتی دارایی روونكردنەوەیەكی دیكە لەبارەی موڵكەكانی كۆمپانیای نالیا بڵاودەكاتەوە

#نالیا#وەزارەتی دارایی#هەرێمی کوردستان
8 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • لە روونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستاندا هاتووە: پاڵپشت بە بڕیاری دادگا و دوای تەواو كردنی سەرجەم ڕێكارە یاسایی و كارگێڕییەكان لەلایەن فەرمانگەی تۆماركردنی خانووبەرەی سلێمانی و فەرمانگەی جێبەجێكردنی سلێمانی دەستگیرا بەسەر موڵكەكانی كۆمپانیای نالیا و چاڤی لەبەرامبەر قەرزەكانی بانكە بازرگانییەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی ، بەڵام وەك تێبینی دەكرێت لە هەندێك كەناڵی ڕاگەیاندن و دەزگای میدیایی بەبێ هەبوونی زانیاری دروست و بەڵگەی یاسایی  هەواڵی ناڕاست بڵاو دەكرێتەوە و تەفسیری جیاواز بۆ بابەتەكە دەكرێت ، بۆیە بەپێویستمان زانی لە ڕێگای ئەم ڕوونكردنەوەیە بەرچاوڕوونی زیاتر بۆ ڕای گشتی و میدیاكان بخەینەڕوو.
Primary Asset

لۆگۆی وەزارەتی دارایی

سبەی

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان، روونكردنەوەیەكی دیكە لەبارەی موڵكەكانی كۆمپانیای نالیا بڵاودەكاتەوە، دەڵێت " بابەتی دۆسیەی قەرزەكانی كۆمپانیای نالیا و چاڤی بابەتێكی یاساییە و گۆڕینی خاوەندارێتی كۆمپانیا كاریگەری نابێت".

لە روونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستاندا هاتووە: پاڵپشت بە بڕیاری دادگا و دوای تەواو كردنی سەرجەم ڕێكارە یاسایی و كارگێڕییەكان لەلایەن فەرمانگەی تۆماركردنی خانووبەرەی سلێمانی و فەرمانگەی جێبەجێكردنی سلێمانی دەستگیرا بەسەر موڵكەكانی كۆمپانیای نالیا و چاڤی لەبەرامبەر قەرزەكانی بانكە بازرگانییەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی ، بەڵام وەك تێبینی دەكرێت لە هەندێك كەناڵی ڕاگەیاندن و دەزگای میدیایی بەبێ هەبوونی زانیاری دروست و بەڵگەی یاسایی  هەواڵی ناڕاست بڵاو دەكرێتەوە و تەفسیری جیاواز بۆ بابەتەكە دەكرێت ، بۆیە بەپێویستمان زانی لە ڕێگای ئەم ڕوونكردنەوەیە بەرچاوڕوونی زیاتر بۆ ڕای گشتی و میدیاكان بخەینەڕوو.

دۆسیەی قەرزەكانی كۆمپانیای نالیا و چاڤی بابەتێكی یاساییە 

1- بابەتی دۆسیەی قەرزەكانی كۆمپانیای نالیا و چاڤی بابەتێكی یاساییە و پاش یەكلایی بوونەوەی داواكە لە دادگا لەبەرژەوەندی وەزارەتمان و تەواوكردنی  سەرجەم ڕێكارە یاسایی و كارگێڕییەكان لە بەرامبەر كۆمپانیای نالیا و چاڤی ، وە دوای بڵاوبوونەوەی ئاگاداری فرۆشتن لە وادەی دیاریكراودا لە ڕۆژنامە، فرۆشتنی سەرجەم موڵكە دەست بەسەرداگیراوەكان لە پڕۆسەی زیادكردنی ئاشكرا بەڕێوەدەچێت.

2- ئەو موڵكانەی كۆمپانیای نالیا و چاڤی كە پێشتر دەستی بەسەرداگیراوە بەپێی وێنەی تۆمار بەناوی كۆمپانیای نالیا و كۆمپانیای چاڤییەوە تۆمارن وە لەبەر ئەوەی پێشتر قەرزەكان بەناوی ئەو دوو كۆمپانیایەوە وەرگیراون ، بەپێی یاسا هەموو كۆمپانیایەك كەسایەتی واتایی (معنوی) هەیە ، هەر بۆیە ڕێكاری یاسایی بەرامبەر كۆمپانیا دەگیرێتەبەر نەك تاكەكەس، وە گۆڕینی خاوەندارێتی كۆمپانیا كاریگەری نابێت لەسەر كەسایەتی واتایی كۆمپانیا و ئەو قەرز و پابەندییانەی لە ئەستۆی ماوەتەوە. 

3- مێژووی وەرگرتنی قەرزەكانی كۆمپانیای نالیا و چاڤی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (٢٠١٠ ، ۲۰۱۱ ) كە ماوەی گەڕانەوەی قەرزەكە تەنها دوو ساڵ بووە ، دوای چەندین جار ئاگاداركردنەوە هەردوو كۆمپانیای ناوبراو ئامادە نەبوون قەرز و سوودەكانی لەكاتی خۆی بگەڕێننەوە ،  لەساڵی ۲۰۱٥ وە ئەم دۆسیەیە لە دادگا كاری لەسەر دەكرێت تاوەكو دواجار لە ساڵی 2021 دۆسیەكە لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی یەكلایی بووەوە و ڕێكاری یاسایی پێویست گیرایەبەر .

4- لەبەرامبەر وەرگرتنی قەرزەكانیان كۆمپانیای نالیا و چاڤی بەدەر لەیاسا بارمتەكانیان چەند جارێك گۆڕیبوو، دواین جار چوار پارچە زەویان وەك بارمتەی قەرزەكە دانابوو كەدووجار یاسا شكێنی تیا كرا بوو ، یەكەم ئەو زەویانە لەبنەڕەتدا سەوزایی و خزمەتگوزاری و شەقام بوون لە ناو ئەو پرۆژەیەی قەرزەكەی بۆ وەرگیرابوو، كەئەوەش مافی خاوەندارێتی بۆ شارەوانی دەگەڕێتەوە لەڕووی یاساییەوە بەهیچ جۆرێك نافرۆشرێت و ناخرێتە زیادكردنی ئاشكراوە، دووەم ئەو خەمڵاندنەی بۆ نرخی ئەو زەویانە كرابوو چەند هێندەی نرخی بنەرەتی زەویەكان بوو ، دوای هەوڵدانێكی زۆرو كاری چڕو پڕ هەموو ئەو پێشێلكارییە یاساییانە ڕاست كرانەوەو دۆسیەكە لەلایەن دادگاوە پلەی كۆتایی وەرگرت و نیشانەی گلدانەوە لەسەر موڵكەكان دانراو داوا لەفەرمانگەی جێبەجێكردن كرا ڕێكاری پێویست بۆ فرۆشتنی موڵكەكان بەشێوەی زیادكردنی ئاشكرا بگرێتە بەر، لەنێو سەدان موڵكی كۆمپانیای نالیا و چاڤی (٦٠ ) موڵك دەستنیشان كران كە سەرجەمیان شایستەی فرۆشتنن بەپێی وێنەی تۆمار.

بیست و پێنج ملیار دیناریش قەرز بەشێوەی كاش گەڕێنراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی

"دووپاتی دەكەینەوە وەزارەتی دارایی پاڵپشت بە بڕیاری دادگا و بەپێی بەڵگەنامە یاساییەكان كار لەسەر دۆسیەكان دەكات ، بۆیە بەپێی یاسا و بڕیاری دادگا سەرجەم ئەو لایەن و كۆمپانیایانەی قەرزاری بانكەكانی وەزارەتن و  لەكاتی خۆی پابەند نەبوون بەگەڕانەوەی قەرزەكان، سەرجەمیان ڕێكاری یاسایی و ئیداریان بەرامبەر گیراوەتەبەر و دەست بەسەر ئەو موڵكانە گیراوە كەكاتی خۆی وەك بارمتە لەبری وەرگرتنی قەرزەكە دایان ناوە، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوشدا توانراوە بەبەهای زیاتر لە ( ١١٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سەدو دە ملیار دینار دەست بەسەر موڵكی خاوەن قەرزەكان بگیرێت و لەسەر وەزارەت تۆمار بكرێت، هەروەها بڕی زیاتر لە ( ٢٥،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) بیست و پێنج ملیار دیناریش قەرز بەشێوەی كاش گەڕێنراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی". وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان وا دەڵێت.

ئەو روونكردنەوەیە لەكاتێكدایە، رۆژی 31 ی ئابی 2025 وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان دەستبەسەرداگرتنی ژمارەیەك موڵكی كۆمپانیای نالیا و چاڤی راگەیاند.

لە روونكردنەوەكەی وەزارەتی داراییدا هاتبوو:لەزیادكردنێكی ئاشكرادا سەرجەم ئەو موڵكانەی كۆمپانیای چاڤی دەفرۆشرێت كە دەستیانبەسەرداگیراوە و  ژمارەیان ٦۰ موڵكە. 

هەروەها ئاماژەی بەوەشدابوو "قەرزەكانی وەزارەتی دارایی و ئابوری لەسەر كۆمپانیای نالیا و چاڤی گەیشتووەتە نزیكەی ٩٢ ملیار دینار".

لە دەقی روونكردنەوەكەدا هاتبوو: پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان و دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە ژمارە ( ٩٠ / دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە / ٢٠٢١ / ڕاستكردنەوە ) لە ڕێكەوتی ( ٢٠٢١/١٠/٢٠ ) تایبەت بە یەكلایی كردنەوەی دۆسیەی قەرزەكانی كۆمپانیای نالیا لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری ، وە ئاماژە بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێكردنی دووەمی سلێمانی ژمارە ( ٢٠٢٤/٦٨٤ ) لەڕێكەوتی ( ٢٠٢٤/٩/٢٢ ) تایبەت بە دانانی نیشانەی گلدانەوە ( حجز ) لەسەر سەرجەم موڵكەكانی كۆمپانیای نالیا و كۆمپانیای چاڤی.

"وە ئاماژە بەبڕیاری داگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی ژمارە ( ٧٣٢/پ/٢٠٢٤ ) لەڕێكەوتی ( ٢٠٢٤/١١/٢٦ ) تایبەت بەڕاستاندنی بڕیاری ئاماژە بۆكراوی جێبەجێكاری داد لە سلێمانی لەبەرژەوەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری وە ڕەتكردنەوەی تانەی پێداچوونەوەی كۆمپانیای نالیا".

هەروەها ئاماژەی بەوەشدابوو "وەزارەتی دارایی و ئابوری لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو هەڵدەستێت بە فرۆشتنی موڵكە دەستبەسەرداگیراوەكانی كۆمپانیای چاڤی كە ژمارەیان ( ٦٠ ) موڵكە و پێكهاتووە لە چەندین پارچە زەوی و هۆتێل  و كافتریا و كابینەی گەشتیاری و هتد.....كە پێشتر دەستی بەسەرداگیراوە بەمەبەستی وەرگرتنەوەی سەرجەم قەرز و سوودە كەڵەكەبووەكانی كە لەئێستادا گەیشتووەتە بڕی ( ٩١٫٧٦٠،٦٦٠،٣٥٠ ) نەوەدو یەك ملیارو حەوت سەدو شەست ملیۆن و شەش سەدو شەست هەزارو سێ سەدو پەنجا دینار".

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان هەروەها ئەوەشی خستبووەڕوو" لە دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی وەزیر بەشێوەی چڕوپڕ كاری لەسەر ئەو دۆسیەیە كردووە، دواجار لەساڵی ( ٢٠٢١ ) دوای بردنەوەی دۆسیەیەكی یاسایی لەكۆمپانیای نالیا لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری و ئەنجامدانی سەرجەم ڕێكارەكان، لەلایەن لیژنەیەكەوە چوار پارچە زەوی دانرابوو بەشێوەی زیادكردنی ئاشكرا بفرۆشرێت، بەڵام دواتر دەركەوت ئەو پارچە زەویانە لە بنەڕەتدا بۆ سەوزایی و خزمەتگوزاری تەرخان كراوە و ناتوانرێت ڕەگەزەكانیان بگۆڕدرێت و بخرێنە زیادكردنی ئاشكراوە، وەخەمڵاندنێكی نادروست بۆ نرخەكانیان كرابوو وە ڕێگری یاسایی هەبوو بۆ فرۆشتنیان ، بۆیە بەبڕیاری وەزیری دارایی و ئابووری سەرجەم پرۆسەكە ڕاگیراو جارێكی تر لەلایەن تیمێكی پسپۆڕەوە كار لەسەر دۆسیەكە كرایەوە و سەرجەم ئەو موڵكانەی كە شایستەی فرۆشتنن نیشانەی گلدانەوەیان خرایە سەر".

"دواجار لەسەر داوای (بانكی سلێمانی یەك) سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی بانكە بازرگانییەكانی وەزارەتمان و دوای چەندین جار ئاگاداركردنەوەی كۆمپانیای نالیا بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەكان و پابەند نەبوونی لایەنی پەیوەندیدار، وەزارەتمان بەمافی یاسایی خۆی دەزانێت لە ڕێگای زیادكردنی ئاشكراوە سەرجەم ئەو موڵكانە بفرۆشێت كە نیشانەی گلدانەوەیان خراوەتە سەر و داواكارین هەركەس و لایەنێك ئارەزوومەندە بەشداری لەو زیادكردنەدا بكات دوای بڵاوبوونەوەی ئاگاداریەكە لە ڕۆژنامەی فەرمی دەتوانێت ڕێكارە یاسایی و كارگێڕیەكان جێبەجی بكات و بەشداری لە پرۆسەكەدا بكات". ئەمەش بەپێی روونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی