پێچەوانەى بانگەشەکانى ترەمپ؛ ناوەڕۆکى هەڵسەنگاندنى هەواڵگرى ئەمەریکا لەبارەى هێرشى سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانى ئێران

#ئەمەریکا#ئێران#ئەتۆم
14 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 13 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • دوو لەو کەسانەی کە ئاگادارى هەڵسەنگاندنەکەن دەڵێن، کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لەناو نەچووە. یەکێک لەو کەسانە وتی سەنتەرفیوجەکان تاڕادەیەکی زۆر وەک خۆیان ماونەتەوە و هەڵسەنگاندنەکە گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەى کە ئەمەریکا ڕەنگە چەند مانگێک ئێرانى لەو پڕۆسەیە گەڕاندبێتە دواوە.
  • کارۆلین لیڤیت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی: ئەم هەڵسەنگاندنە گوماناوییە بە ڕوونی هەڵەیە، هەمووان دەزانن چی ڕوودەدات کاتێک چواردە بۆمبی بەهێز بخەیتە سەر ئامانجەکانیان، ئەوە بەماناى سڕینەوەی تەواوەتییە
Primary Asset

نەخشەى هێرشەکەى ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە سەرەکییە ئەتۆمییەکانى ئێران

سبەى

هێرشە سەربازییەکەی ئەمەریکا لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا بۆ سەر سێ لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پێکهاتە سەرەکییەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتەى لەناو نەبردووە و پێدەچێت تەنیا چەند مانگێک ئەو وڵاتە دوابخات، ئەمەش بەپێی هەڵسەنگاندنێکی سەرەتایی هەواڵگری ئەمەریکا.

هەڵسەنگاندنەکە، لەلایەن دەزگای هەواڵگری پنتاگۆنەوە ئامادەکراوە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی زیانەکانی شەڕ، ئەوەش بەپێی کەناڵى سی ئێن ئێنى ئەمەریکى.

شیکاری زیانەکانی ئەو شوێنانە و کاریگەری هێرشەکان لەسەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران بەردەوامە و لەگەڵ بەردەستبوونی زانیاری هەواڵگری زیاتر رەنگە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت. بەڵام زانیارییە سەرەتاییەکان ناکۆکن لەگەڵ بانگەشە دووبارەکانی دۆناڵد ترەمپ کە دەڵێت هێرشەکان "بە تەواوی دامەزراوەکانی پیتاندنی ئەتۆمی ئێرانیان سڕیوەتەوە". هەروەها پیت هێگسێت وەزیری بەرگری ئەمەریکا کە ڕۆژی یەکشەممە جەختیکردەوە خواستە ئەتۆمییەکانی ئێران “سڕداوەتەوە”.

دوو لەو کەسانەی کە ئاگادارى هەڵسەنگاندنەکەن دەڵێن، کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لەناو نەچووە. یەکێک لەو کەسانە وتی سەنتەرفیوجەکان تاڕادەیەکی زۆر وەک خۆیان ماونەتەوە و هەڵسەنگاندنەکە گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەى کە ئەمەریکا ڕەنگە چەند مانگێک ئێرانى لەو پڕۆسەیە گەڕاندبێتە دواوە.

کۆشکی سپی دانی بە بوونی هەڵسەنگاندنەکەدا ناوە بەڵام دەڵێت کە ئەوان لەگەڵیدا ناکۆکن.

کارۆلین لیڤیت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی بە سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاند "ئەم هەڵسەنگاندنە گوماناوییە بە ڕوونی هەڵەیە و وەک نهێنی پۆلێن کراوە بەڵام دزەيپێکراوە بۆ سی ئێن ئێن، ئەرکێکی تەواو جێبەجێکرا بۆ سڕینەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هەمووان دەزانن چی ڕوودەدات کاتێک چواردە بۆمبی بەهێز بخەیتە سەر ئامانجەکانیان، ئەو بەماناى سڕینەوەی تەواوەتییە.”

سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنەکە وەک ئەوەى پلانی بۆ دانراوە بەڕێوەچووە و “سەرکەوتنێکی بێوێنە” بووە.

هێشتا زووە بۆ ئەمەریکا کە وێنەیەکی هەمەلایەنەی کاریگەریی هێرشەکانى دەستبکەوێت و هیچ کام لە سەرچاوەکان باسیان لەوە نەکردووە کە هەڵسەنگاندنەکە چۆن بەراورد دەکرێت لەگەڵ تێڕوانینی دەزگاکانی دیکەی هەواڵگری. ئەمەریکا بەردەوامە لە وەرگرتنى زانیاری هەواڵگری، لەنێویاندا لە ناوخۆی ئێرانەوە لەکاتێکدا هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکان دەکەن.

ئیسرائیل چەند ڕۆژێک پێش ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمەریکا هێرشیکردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەڵام جەختیدەکردەوە کە پێویستی بە بۆمبی بنکەر بستەری ئەمەریکا هەیە بۆ تەواوکردنی کارەکە. لە کاتێکدا فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی ئەمریکی بی-٢ بۆمبەکانیان فڕێدایە سەر دوو لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان، وێستگەی پیتاندنی فۆردۆ و نەتەنز، بۆمبەکان بە تەواوی سەنتەرفیوجی شوێنەکان و یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراویان لەناو نەبرد، بەپێی ئەو کەسانەی کە ئاگادارى هەڵسەنگاندنەکەن.

لەبری ئەوە، کاریگەرییەکان لەسەر هەر سێ شوێنەکە - فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان - تاڕادەیەکی زۆر سنووردار بووە بە پێکهاتەکانی سەرزەوی، کە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، وەک ژێرخانی کارەبای شوێنەکان و هەندێک لەو دامەزراوانەى سەر زەوى کە بۆ گۆڕینی یۆرانیۆم بۆ دروستکردنی بۆمب بەکاردەهێنرێن.

بەڵام وەزیری بەرگری ئەمەریکا وتى "بە پشتبەستن بە هەموو ئەو شتانەی کە بینیومانە، بۆردومانەکەمان توانای ئێرانی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی سڕیوەتەوە، بۆمبە گەورەکانمان بە تەواوی ئامانجەکانیان پێکاوە.“

بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، ترەمپ دووپاتیکردەوە کە زیانەکانی ئەو هێرشانە زۆرن. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری دووبارە بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ترەمپ وتى “ئەو شوێنە لە ژێر بەرددایە، ئەو شوێنە ڕووخێنراوە”.

لە کاتێکدا ترەمپ و هێگسێت سەبارەت بە سەرکەوتنی هێرشەکان گەشبین بوون، دان کەین سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە لە کاتێکدا هەڵسەنگاندنی زیانەکان هێشتا بەردەوامە، بەڵام "زۆر زووە" بۆ ئەوەی لێدوان لەسەر ئەوە بدەن کە ئایا ئێران هێشتا هەندێک توانای ئەتۆمی ماوە یاخود نا.

بەرپرسانی ئەمەریکا پێیان وایە ئێران دامەزراوە ئەتۆمییە نهێنییەکان دەپارێزێت کە لە هێرشەکەدا نەکراونەتە ئامانج و تا ئێستاش لە کاردان، ئەوەش بەپێی دوو سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی