سبەی
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراق لە پێگەیەكی لاوازدا نیە و پێشتریش روبەڕووی تیرۆر بووەتەوە و تێیدا سەركەوتوو بووە، هەروەها سەركەوتوو بووە لە دوورخستنەوەی كارەساتی جەنگ.
ئەم وتانەی سودانی، لەمیانی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بوو، بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەكەی، سودانی جەختیكردووەتەوە "نەرم نیان نابین لەگەڵ هەر كارێكی دەرەكیی و ناوخۆیی بۆ زیانگەیاندن بە ئاسایشی عێراق، بە هەموو توانا و هێزی خۆمانەوە بەرەنگار دەبینەوە".
سەرۆك وەزیرانی عێراق وتیشی "مامەڵەمان لەگەڵ رووداوەكان بەشێوەیەكە كە بەرژەوەندی گەلی عێراق لە پێشینەیە، ئەوەش هەڵوێستێكی داواكراوە، هەڵوێستی سەرجەم لایەنە سیاسیەكان و دامەزراوەكان و سەرۆكایەتیەكان بەرز دەنرخێنین كە پشتیوانی سیاسەتی حكومەتیان كرد لە مامەڵەكردن لەگەڵ رووداوەكانی ئەمدواییەی ناوچەكە".
"هەڵوێستی جێگیری عێراقمان نیشاندا لە سەركۆنەكردن و رەتكردنەوەی دەستدرێژی رژێمی زایۆنیستی بۆسەر كۆماری ئیسلامی ئێران، كە بە ئەنقەست زیان بە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە دەگەیەنێت". ئەمەش بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەكەی سودانی.
سەبارەت بەو بنكە سەربازییانەی عێراق كە هێرشیان كراوەتەسەر بە درۆن، سودانی وتی "دوو بنكەی سەربازیی عێراق روبەڕووی دەستدرێژی خیانەتكارانە و ترسنۆكانە بوونەوە لەلایەن دوو درۆنی خۆكوژییەوە، ئەوانیش لە بنكەكانی تاجی و ئیمام عەلی لە زیقار، كە زیان بە سیستمی راداریان گەیشتووە، هێزەكانمان و بەرگریی ئاسمانیی بە خێرایی مامەڵەیان لەگەڵ هێرشەكە كرد كە چەند بنكەیەكی دیكەیان كردبووە ئامانج، فرۆكە بێفڕۆكەوانەكانیان تێكشكاند، لەوبارەیەشەوە لێكۆڵینەوەی گشتگیر و هەواڵگری دەستیپێكردووە بۆ زانینی رەهەندەكانی دەستدرێژیی ئەو درۆنانە".
بەوتەی سەرۆك وەزیرانی عێراق "حكومەت پلانێكی تەواوی بۆ دابینكردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی داڕشتووە، چەند گرێبەست و پرۆژەیەك بۆ ئەو مەبەستە هەن، بۆ تەواوكردن و پڕچەككردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بەپێی پێشكەوتووترین تایبەتمەندیی و سەرچاوەكان".