قەیرانە بێدەنگەکەی میسر: ئالودەبونی منداڵان بە مادەی هۆشبەر

#میسر#مادەی هۆشبەر#منداڵ
8 مانگ لەمەوپێش
جێگر تەیب
Primary Asset

ژمارەیەک منداڵ لە میسر

سبەی

هەرزانی و نەبونی هۆشیاری پێویست لە دەستنیشانکردنی کێشەکان لە قۆناغێکی سەرەتاییدا، هۆکاری سەرەکین بۆ بڵاوبونەوە و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە شارە جیاوازەکانی وڵاتی میسر، بەتایبەت لەنێو منداڵاندا.

لە راپۆرتێکی گۆڤاری ئەلموجەلەدا هاتوە لە ناوەندێکی چارەسەری ئالودەبون لە قاهیرەی پایتەخت، منداڵێکی تەمەن 12 ساڵ، لە ژێر کاریگەری مادەیەکی هۆشبەری هەرزاندا بەناوی ئەسترۆکسدا، بە ئامانجی دورکەتنەوە لە دەرمانە چارەسەرییەکانی دژی مادەی هۆشبەر، سکی خۆی بە پارچەیەک شوشە بریندار دەکات.

بە وتەی دکتۆر عەبدولڕەحمان حەمەد، بەڕێوبەری نەخۆشانەی چارەسەری ئالودەبوان لە قاهیرە، کە قسەی بۆ ئەلموجەلە کردوە، ئەوە یەکێکە لەو رووداوە زۆرانەی لەئێستادا لە میسردا زۆر روودەدەن. ئەو منداڵە هەرچەندە کە تەمەنی تەنها 12 ساڵە، بەڵام یەکەمجاری نییە کە ئالودەی مادەی هۆشبەر دەبێت، جارێکی دیکەش ئالودە بووە و توانیویەتی لە رێگای چارەسەرییەکانەوە خۆی رزگار بکات، دواتر لە رێگای هاوڕێکانییەوە دوبارە دەستدەکاتەوە بە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر.

ئالودەبونی منداڵان بە مادەی هۆشبەر لە میسر بوەتەوە دیاردە. زۆرێک لە خێزانەکان بێ ئاگان لە منداڵە ئالودەبووەکانیان، چونکە دەستکەوتنی مادەکانی هۆشبەر ئاسان و هەرزانە. تەنانەت ئەگەر بشزانن منداڵەکانیان ئالودەبون، زۆرجار نازانن چۆن یارمەتیان بدەن تا لەو بەڵایە بیانپارێزن. 

بەپێی ئامارەکانی سندوقی میسری بۆ بەرەنگاربونەوە و چارەسەرکردنی ئالودەبوانی مادەی هۆشبەر، لە 13%ی کەیسەکانی مادەی هۆشبەر منداڵانی خوار 15 ساڵانن، 38%یشیان گەنجانی تەمەن 15 بۆ 20 ساڵانن.

شارەزایانی دەڵێن، منداڵان بە شێوازی جیاواز ئالودەی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەبن، بەڵام باوترین رێگا، سەرەتا لە دەستپێکردنی جگەرەکیشان، نێرگەلەکێشان و ڤەیپکێشانەوە دەست پێدەکات، پاشان ئەوانە دەگۆڕێن بۆ کێشانی حەشیش، خواردنەوە کحولییەکان و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر.

بەپێی راپۆرتەکەی ئەلمەجەلە، لە ئێستادا باوترین مادە هۆشبەرەکان لەنێو منداڵی میسردا، ڤۆدۆ، ئەسترۆکس و ترامادۆڵە. هۆکاری سەرنجڕاکێشانی منداڵان بۆ ئەو دەرمانانە هۆکارەکەی هەرزانی ئەو مادانەیە لەگەڵ ئاسان دەستخستنیان؛ هەروها ئەو دەرمانانە هەستی ئاسودەیی و دڵخۆشیی بە بەکارهێنەران دەبەخشێت.

هەوڵەکان بۆ رێگریکرن لە بڵابونەوەی زیاتر

بۆ بەرەنگاربونەوەی بڵاوبونەوەی زیاتری مادەی هۆشبەر لەنێو منداڵان و کۆمەڵگەدا، حکومەتی میسر و سندوقی میسری بۆ بەرەنگاربونەوە و چارەسەرکردنی ئالودەبوانی مادەی هۆشبەر، بەچەندین شێواز هەوڵەکانیان چڕکردوەتە بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر.

یەکێک لە ڕێگاکان یارمەتیدانی ئالودەبوانی مادەی هۆشبەرە بەشێوازێکی نهێنی لەگەڵ پێشکەشکردنی راوێژی بێبەرامبەر.

بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی مەترسییەکانی مادە هۆشبەرەکان لە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن یەکێکی دیکەیە لە هەوڵەکانی حکومەت و سندوقی میسری بۆ بەرەنگاربونەوە و چارەسەرکردنی ئالودەبوانی مادەی هۆشبەر.

حکومەتی میسر رایگەیاندوە، لە کەمپینی هۆشیارکردنەوەی مەترسییەکانی مادەی هۆشبەر 40 هەزار قوتابی لە زانکو و قوتابخانەکان هۆشیارکراونەتەوە لە رێگای چوار هەزار توێژەر و شارەزای دەرونییەوە.

ئامانجی کەمپینەکە بنیاتنانی توانای گەنجانە بۆ دورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی مادەهۆشبەرەکان. کەمپینەکە ستراتیژێکی ماوە درێژە بۆ روبەربونەوەی بڵاوبونەوەی زیاتری مادەهۆشبەرکان، بە تایبەت لە نێو منداڵاندا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی