وێنە: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
سبەی
زۆرێک لە ئێمە ڕۆژەکەمان بە کوپێک قاوە یان کوپێک چا دەست پێدەکەین، بەڵام ئایا تائێستا بیرمان لە کاریگەرییەکانی ئەم بژاردەیە لەسەر ژینگە کردوەتەوە؟.
چا لە دوای ئاوەوە، دووەم خواردنەوەیە و قاوەش یەکێکە لە سەرەکیترین خواردنەوەکان کە خواستێکی زۆری لەسەرە و ڕۆژانە بە ملیارەها کوپ لەو خواردنەوانە دەخورێتەوە، ئەمڕۆ قاوە و چا بە چڕی بەرهەم دەهێنرێن دەنێردرێت بۆ سەرانسەری جیهان، بێگومان ئەم وەبەرهێنانە چڕە لە چا و قاوەدا کاریگەریی لەسەر ژینگە بەجێدەهێڵێت، لەم ڕاپۆرتەدا کاریگەریەکانی ئەم دوو خواردنەوەیە لەسەر ژینگە دەخەینەڕوو.
سەرەتاکانی چا و قاوە
مێژووی قاوە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆیەم، ئەفسانەیەک باس لەوە دەکات کە شوانێک بە ناوی کالدی لە وڵاتی ئەسیوپیا بە ڕێکەوت کاریگەرییە بەهێزکەرەکەی دۆزیوەتەوە.
چاندنی قاوە لە ئەسیوپیا بۆ نیمچە دوورگەی عەرەبی بڵاوبووەوە، دواتربۆ یەکەمجار لە یەمەن چێندرا، تا وایلێهات لە فەرهەنگ و کۆمەڵگەی یەمەندا گرنگیەکی زۆر بە خواردنەوەی قاوە دەدرا.
سەرچاوەی چا دەگەڕێتەوە بۆ چین، پێدەچێت لە نزیکەی ساڵی 2737 پێش زایین دۆزرابێتەوە، ئەفسانەکان باس لەوە دەکەن ئیمپراتۆر شێن نۆنگ یەکەم تاقیکردنەوەی چای کردووە کاتێک گەڵاکانی درەختی چای کەوتنە ناو مەنجەڵێک ئاوی کوڵاو لەکاتی گەشتێکدا، تێبینی کرد ئاوەکە تام و بۆنێکی جیاوازی بەدەستهێناوە، ئەمەش وای لێکردووە بیخواتەوە و حەزی لێی بێت.
هەردوو ئەم خواردنەوەیە لە سەدەی حەڤدەهەمەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و بوونەتە کاڵایەک کە هۆکاربوون بۆ فراوانبوونی ئیمپراتۆری لەو سەردەمەدا، بەو پێیەی زەویەکان بۆ چاندنیان بەکاردەهێنران، ئەمەش کاریگەرییەکی ژینگەیی بەجێهێشت کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
کامیان باشترە بۆ ژینگە؟
کاریگەریی چا و قاوە لەسەر ژینگە پەیوەستە بە چەندین هۆکارەوە، لە چاندن و پەرەپێدانیەوە تا گواستنەوە و پاشماوەکانیان، دیارترینی ئەو هۆکارانە بریتییە لە بەکارهێنانی دەرمانی قڕکەری مێرووە زیانبەخشەکان و ئاودێری چڕ، ئەمە جگە لە بڕینی دارستانەکان بۆ فراوانکردنی کێڵگەکان، بەتایبەتی چاندنی قاوە ساڵانە بەشدارە لە لەدەستدانی ڕووبەری بەرفراوانی دارستانەکان کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەی ژینگەیی دروست دەکات، هەروەها لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کوپێک چا پاشماوەی کاربۆنی کەمتری هەیە لە چاو کوپێک قاوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی زیادکردنی شیر کاریگەریی لەسەر ژینگە زیاد دەکات بەتایبەت بۆ قاوە.
ئەو هەڵبژاردنانەی دەمانکاتە دۆستی ژینگە
لێرەدا چەند هەنگاوێکی سادە دەخەینەڕوو بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی خواردنەوەی چا و قاوە لەسەر ژینگە:
تەنها ئەو بڕە ئاوە بەکاربهێنە کە پێویستتە: ئەمە یارمەتیت دەدات وزە پاشەکەوت بکەیت.
چای بێ کیسە هەڵبژێرە لەبەرئەوەی زۆربەی کیسی چا پلاستیک لەخۆدەگرێت، بۆیە پاشماوەکەی پیویستی بە کاتی زۆرە بۆ شیبوونەوە لە خاکدا.
شیری ڕووەکی هەڵبژێرە، چا و قاوە بەبێ شیر بخۆرەوە، ئەمەش پاشماوەی کاربۆن بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.
هەروەها حکومەت و کۆمپانیاکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە هەندێک لە دەزگاکانی یاسادانان لە یەکێتی ئەوروپا یاسایەکیان دەرکردووە کە هاوردەکردنی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵیانەی کە لەئەنجامی بڕینی دارستانەکان دروستەکرێن قەدەغە دەکات.
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما مەترسی لەسەر ئەو ناوچانە دروستکردووە کە گونجاون بۆ چاندنی قاوە، ئەمەش بەو مانایە دێت کە پێویستە بەردەوامی بدەین بە کشتوکاڵ کردن و سەوز کردنی ناوچەکان.
لە کۆتاییدا، ئەگەر تۆ عاشقی قاوە یان چا بیت، دەتوانیت لە ڕێی هەڵبژاردنەکانت چێژ لە خواردنەوە دڵخوازەکەت وەربگریت بەجۆرێک کە کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە کەمتربێت.