دیمەنی یەکێک لە کێڵگە نەوتیەکان دوای هێرشی درۆنیی
سبەی
وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان داوا لە حكومەتی فیدراڵی عێراق دەكات "بە ئەركی خۆی هەڵبستێت و سنورێك بۆ هێرشە درۆنیەكان بۆسەر كێڵگە نەوتیەكان دابنێت". دەشڵێت "هێرشە درۆنییەكانی 14و 15و 16ی تەمووزی 2025 بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكانی (خۆرمەڵە و سەرسەنگ و بیشخاپوور و عەین سفنی) لە پارێزگای هەولێر و پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیانی ماددی گەورەی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دروست كردووە".
هێرشە درۆنییەكان
هێرشەكان لە 22 ی حوزەیرانەوە دەستیانپێكرد كاتێك لە نزیك گوندی دارەبەنی سەر بە پارێزگای هەولێر، دوو درۆنی بۆمبڕێژكراو تێكشكێندران، ئەوەش پێش رۆژێك لە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
هێرشەكان لەسەرەتای تەمموزەوە زیاتر بوون و تا ئێستاش بەردەوامن، 1ی تەمموز لە رێگەی دوو درۆنەوە دوو هێرش ئەنجامدرا كە یەكێكیان لە نزیك ناوچەی نیشتەجێبوون لە سنوری تاسڵوجە كەوتەخوارەوە، ئەوەی دیكەشیان بەدووری چەند كیلۆمەترێك لەنزیك بارەگای فەرماندەیی هێزەكانی 70 ی پێشمەرگە كەوتە خوارەوە، كە فەرماندەییەكە دەڵێت خستویاننەتە خوارەوە.
هەمان رۆژ لە رێگەی درۆنەوە هێرشكرایەسەر سنووری ناحیەی دەركارێی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و زیانی ماددی لێكەوتەوە.
رۆژی 14 ی تەمموز هێرشە درۆنییەكان ئاڕاستەیەكی دیكەیان وەرگرت، كاتێك بە دوو درۆن هێرشكرایە سەر كێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە سنوری پارێزگای هەولێر، ئەوەش دوای كەمتر لە 24 كاتژمێر لە خستنەخوارەوەی درۆنێكی دیكە لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر.
هەروەها رۆژی 15 ی تەمموز لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشكرایە سەر كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە ناحیەی چەمانكێ لە پارێزگای دهۆك.
رۆژێك دواتر و سەرلەبەیانی چوارشەممە 16 ی تەمموز سێ كێڵگەی دیكەی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی هێرشی درۆنی بۆمبڕێژكراو بوونەوە، لە پێنجەم هێرشی لەو شێوەیەدا بۆ سەر پێنج كێڵگەی نەوتی لەماوەی سێ رۆژدا.
هێرشی یەكەم لە كاتژمێرەكانی 6:00 و 6:15، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە كرایەسەر كێڵگەی نەوتی DNO لە پێشخابوور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هێرشی دووەمیش لە كاتژمێر 7:00 لە ڕێگەی درۆنێكی بۆمبڕێژكراوەوە كرایە سەر كێڵگەی نەوتی DNO لە تاوكێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، كاتژمێر 7:14ی سەرلەبەیانیش هێرشی سێیەم ئەنجامدرا كە لە ڕێگەی درۆنێكی بۆمبڕێژكراوەوە كرایە سەر كێڵگەی نەوتی هاند ئۆیلی ئەمریكی لە باعەدرێ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆك، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوی دژەتیرۆری كوردستان.
لێكۆڵینەوەی بەپەلە
هێرشەكان دوای كەمتر لە 24 كاتژمێر هات لە فەرمانێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ لێكۆڵینەوەی بەپەلە و فراوان لە هێرشە درۆنییەكان، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر داوایان لە بەغداد كرد لێكۆڵینەوە لەو بارەیەوە بكات.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەرچەندە هێرشەكان زیانی گیانییان نەبووە، بەڵام زیانێكی زۆری بە ژێرخانی كێڵگەكان گەیاندووە و مەبەست لە هێرشەكان لێدانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان و دروستكردنی مەترسییە لە سەر سەلامەتیی كارمەندانی مەدەنیی كەرتی وزە.
هەروەها داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی فیدراڵی و كومەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات كە بە زووترین كات بێنە سەر خەت بۆ پاراستنی گیانی كارمەندانی مەدەنی و ئەمنیەتی وزە و ڕێگریكردن لە هێرشی دیكە بۆ سەر كەرتی وزەی كوردستان.
راگەیەندراوێكی دیكە لەبارەی نوێترین هێرشی ئەمشەو
وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان ئەمشەو جارێكی دیكە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە رێكەوتی 16ی تەمووزی 2025 كاتژمێر (7:10)ی ئێوارە بۆ جاری دووەم لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە، هێرش كرایەوە سەر كێڵگەی نەوتی هانت ئویلی ئەمەریكی لە باعەدرێ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆك، كە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێكی گیانی لێ نەكەوتووەتەوە.
دەشڵێت "وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نیگەرانییەكی قووڵی لە بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە هەیە و بە تووندی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە ئیدانە و شەرمەزار دەكات، كە دەكرێتە سەر دامەزراوەكانی وزە لە هەرێمی كوردستان و مەترسیی لەسەر هاوڵاتییانی ئەم ناوچانە و سەلامەتی كارمەندانی مەدەنی كەرتی وزە دروست دەكات، لەهەمان كاتدا دووبارە بانگەوازی هەموو لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەتی فیدراڵی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین كە بێنە سەر خەت بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی سیڤلی ناوچەكە و كارمەندانی مەدەنی و ئەمنییەتی ووزە و ڕێگرتن لە هێرشی دیكە بۆ سەر كەرتی وزەی كوردستان".
"هێرشە درۆنییەكانی 14و 15و 16ی تەمووزی 2025 بۆ سەر ژێرخانی ئابووری و كێڵگە نەوتییەكانی (خۆرمەڵە و سەرسەنگ و بیشخاپوور و عین سفنی) لە پارێزگای هەولێر و پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیانی ماددی گەورەی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دروست كردووە، بۆیە جارێكی دیكە داوا دەكەین كە حكومەتی فیدراڵی بەئەركی خۆی هەڵسێت بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەم هێرشانە دابنرێت". وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وا دەڵێت.
شەش هێرشی درۆنیی لە یەك رۆژدا
كەمێك لەمەوبەر بە دوو درۆن هێرش كرایەسەر كێڵگەی نەوتی خورمەڵە و كار گروپ، هەر ئەمشەو بە درۆن هێرشكرایە سەر كێڵگەیەكی نەوت لە چەمانكێی دهۆك و كێڵگەی نەوتی هاند ئۆیلی ئەمەریكی لە باعەدرێی قەزای شێخان، سەرلەبەیانی چوارشەممە 16 ی تەمموز سێ كێڵگەی دیكەی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی هێرشی درۆنی بۆمبڕێژكراو بوونەوە.
ئاڕاستەی هێرشەكان
جەبار یاوەر شارەزای سەربازی و ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە رۆژی چوارشەممە بە "سبەی" راگەیاند، هێرشەكان پەیوەستن بەو هەلومەرجەی كە هەیە، بەتایبەتی رێكنەكەوتنی هەرێم و بەغداد لەسەر بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت و ئامانجیان لێدانە لە ژێرخانی وزەی هەرێمی كوردستان.
وتیشی تا ئێستا لێكۆڵینەوەی ورد لەو بارەیەوە نەكراون، بەڵام بەپێی ئاڕاستەی و جۆری درۆنەكان كە پارچەكانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە هەڵگیراونەتەوە، پێدەچێت لەناوخۆی عێراقەوە هێرشەكان ئەنجامدرابن، بەتایبەتی لە سنوری موسڵ و كەركوك و دیالەوە.
تا ئێستا هیچ گروپێك بەرپرسیارێتی لە ئەنجامدانی هێرشەكانی لەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان گروپە چەكدارەكانی بەچەند هێرشێكی لەو شێوەیە تۆمەتباركردبوو، عێراقیش ئەوەی رەتكردبووەوە.