کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق
سبەی
نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەزیرەكانی ئاگاداركردووەتەوە سبەینێ پێنجشەممە بۆ كۆبوونەوەی نائاسایی ئامادەبن، مەبەستیش لە كۆبوونەوەكە بڕیاردانە لەبارەی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد، كە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانیش رەشنوسەكەی پەسەندكرد.
بەپێی هەواڵی بەشێك لە میدیا عێراقیەكان، نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، وەزیرەكانی ئاگاداركردووەتەوە، سبەینێ پێنجشەممە كاتژمێر یەكی پاشنیوەڕۆ ئامادەبن بۆ كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە و رەزامەندی لەسەر لێكتێگەیشتنی نوێی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق دەربڕی.
بەپێی ئەو رێككەوتنەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر دەربڕیوە، مانگانە 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ دەدرێتە حكومەتی فیدراڵی عێراق، واتە بۆ مانگەكانی پێنج و شەش 240 ملیار دینار، جگە لەوەی رۆژانە دەبێت لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە حكومەتی هەرێم 230 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات، لەبەرامبەریشدا حكومەتی عێراق مووچە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت.
بەپێی زانیاریەكان ئەم رێككەوتنە بۆ دوو مانگە، لەو دوو مانگەشدا ئەو لیژنەیەی پێكهێندراوە لە ژمارەیەك وەزیری حكومەتی عێراق، كە دوان لە وەزیرەكان كوردن، لێكۆڵینەوە لە داهاتی ناوخۆ و بڕی بەرهەمهێنانی نەوت دەكەن، بەوهۆیەشەوە رەنگە گۆڕانكاری لە رێككەوتنەكەدا بكرێت.
٧٠ رۆژە مووچەخۆران مووچەیان وەرنەگرتووە
مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نزیكەی 70 رۆژە هیچ مووچەیەكیان وەرنەگرتووە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو ناكۆكییە قوڵە داراییەی لەنێوان بەغداد و هەولێر سەریهەڵدا، ئەمەش دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانی "تووشی ئیحراجی" كردووە لەبەردەم هاوڵاتیان كە ساڵانێكی زۆرە بەدەست ئەم كێشانەوە دەناڵێنن و بوونەتە قوربانیی ململانێكان.
رادەستكردنی نەوت و داهاتی نانەوتیی
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری، كۆبوونەوەی ئەنجامدا و لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا سەركۆنەی هێرشە درۆنییەكانی كرد كە هەرێمی كوردستانیان بە ئامانج گرتووە، بەتایبەتیش كێڵگە نەوتییەكان، "ئەوەش زیانێكی زۆری ماددی بە كەرتی نەوتیی گەیاندووە".
حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە حكومەتی فیدراڵی عێراق كرد "بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و هەنگاوی جددی بنێت بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە و ئەو كەسانەی هۆكارن بەپێی یاسا لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت".
هەر لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، "رەزامەندی لەسەر رادەستكردنی 120 ملیار دیناری مانگانە لە داهاتی نانەوتیی، لەگەڵ 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە درا، بە بەغداد".
ناكۆكییەكان لەسەر چی بوون؟
رۆژی سێشەممەی رابردوو (8ـی تەمموزی 2025) ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبونەوە و لیژنەیەكی وزارییان پێكهێنا بۆ یەكخستنی رەشنوس و لێكتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر نەوت و مووچە و داهاتی ناوخۆ.
لیژنەكە كە لە پێنج وەزیر پێكهاتبوو، دوو وەزیری سوننە، دوو وەزیری كورد و وەزیرێكی شیعە كە سەرۆكایەتی لیژنەكەی دەكرد، بۆ یەكخستنی ناوەڕۆكی رەشنوسی هەولێر و بەغداد، كە خاڵی جیاوازی زۆر لەنێوانیاندا بوو بۆ چارەسەری پرسەكانی مووچە، نەوت و داهاتی ناوخۆیی و تەنها لەدوو خاڵیان نزیك بوون لە یەكەوە كە تایبەتە بەرادەستكردنی نەوت و بەكاربردنی ناوخۆیی.
خاڵی یەكەمی هەردوو پڕۆژەكەی هەرێم و بەغداد تایبەت بوو بە رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، بەڵام هەریەكەیان پێشنیازی جیاوازی لەو بارەیەوە خستووەتەڕوو.
هەرێم دوو پێشنیازی لەو بارەیەوە خستبووەڕوو، بەپێی پێشنیازی یەكەم، لەكۆی 282 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە 217 هەزار بەرمیل دەدرێتە بەغداد، ئەوەی دیكەی كە دەمێنێتەوە و 65 هەزار بەرمیلە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی دەبێت.
بەپێی پێشنیازی دووەم، هەرێمی كوردستان ئامادەیە رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات، تا ئەوكاتەی دەگەنە رێككەوتن لەسەر لایەنی راوێژكاری تایبەتمەند بۆ دیاریكردنی تێچووی راستەقینەی بەرهەمهێنانی نەوت.
پێشنیازی یەكەمی هەرێمی كوردستان تا ڕادەیەك نزیك بوو لە پێشنیازەكەی بەغدادەوە، بەوپێیەی بەغداد لە رەشنوسەكەیدا داوایكردووە هەرێم لەكۆی 282 هەزار بەرمیل 236 هەزار بەرمیل رادەست بكات و 46 هەزار بەرمیل بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی تەرخان بكرێت، واتە تەنها 19 هەزار بەرمیل نەوت جیاوازی لەنێوانیاندایە.
بەپێی رەشنوسەكەی بەغداد، لە قۆناغی دووەمدا كە هاوكات لەگەڵ قۆناغی یەكەم دەبێت بۆ ماوەی مانگێك جێبەجێ بكرێت، دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕی راستەقینەی نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی هەرێم دیاری بكات.
خاڵێكی دیكەی هەردوو رەشنوسەكە تایبەتە بە داهاتی ناوخۆیی كە هەردوولا تێیدا ناكۆكن، هەرێمی كوردستان بەبێ دیاریكردنی هیچ بڕێك ئامادەیی نیشانداوە لەسەر رادەستكردنی نیوەی داهاتی گومرگ و باج بەبەغداد، بەڵام بەغداد داوادەكات ئەو بڕە مانگانە لە 200 ملیار دینار كەمتر نەبێت، لەكاتێكدا هەرێم لەمساڵدا هیچ كات ئەو بڕەی رادەست نەكردووە و زۆرترین بڕ كە رادەستی كردبوو گەیشتە 60 ملیار دینار.
لەسەر پرسی بەكارهێنانی ناوخۆیی نەوت، هەردوو حكومەت تاڕادەیەك نزیكن و هەردوولا بەرپرسیارێتییەكەیان خستووەتە ئەستۆی هەرێمی كوردستان .
بەپێی رەشنوسەكەی هەرێم بەكاربردنی ناوخۆیی لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی هەرێمی كوردستانە، رەشنوسەكەی بەغدادیش جەختی لەوە كردووەتەوە، بەتایبەتی لە قۆناغی یەكەمدا بە مەرجی پێدانی بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بە كۆمپانیاكان لە بەرامبەر تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، گەڕانەوەی داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ حكومەتی فیدراڵی، دوای داشكاندنی تێچووەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن.
خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران یەكێكی دیكە بوو لە خاڵە ناكۆكەكانی رەشنوسەكە، بەوپێیەی هەرێم داوایكردووە بەغداد مووچەی مانگەكانی ئایار و حوزەیران و سەرجەم مانگەكانی دیكەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج بكات تا پەسەندكردنی بودجە، بەڵام عێراق خەرجكردنی مووچەی بەستووەتەوە بە جێبەجێكردنی سەرجەم داواكارییەكان.
سەرباری ئەو خاڵانە، بەغداد لە رەشنووسەكەیدا جەختی لە پێكهێنانی لیژنەیەك كردووەتەوە بۆ تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەماوەی 90 رۆژدا بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، بەڵام لە رەشنوسەكەی هەرێمدا بەهیچ شێوەیەك باسی ئەو پرسە نەكراوە.