مەزڵوم عەبدی: دروزەکانی بانگەوازێکی بەپەلەیان ئاڕاستەکردووین بۆ بە هەناوەچوونیان

#مەزڵوم عەبدی#هەسەدە#دروز#بەهاناوەچوون
18 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 18 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • فەرماندەی گشتی هەسەدە، ئیدانەی کوشتنی ژن و منداڵ و بە ئامانجگرتنی بەها مرۆییەکان دەکات و ئاشکرای دەکات، دروزەکانی سوەیدا بانگەوازێکی بەپەلەیان ئاڕاستەکردوون بۆ کردنەوەی رێڕەوێکی پارێزراو بۆ سەلامەتی هاوڵاتیان و راگرتنی هێرشەکان.
Primary Asset

سبەی

فەرماندەی گشتی هەسەدە، ئیدانەی کوشتنی ژن و منداڵ و بە ئامانجگرتنی بەها مرۆییەکان دەکات و ئاشکرای دەکات، دروزەکانی سوەیدا بانگەوازێکی بەپەلەیان ئاڕاستەکردوون بۆ کردنەوەی رێڕەوێکی پارێزراو بۆ سەلامەتی هاوڵاتیان و راگرتنی هێرشەکان.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە، بانگەوازی بەپەلەمان لە گەلەکەمان لە سوەیداوە پێگەیشتووە بۆ دەستەبەرکردنی رێڕەوی سەلامەت بۆ خەڵک و راگرتنی هێرشە بەردەوامەکان.

راشیگەیاندووە: کوشتنی ژن و منداڵ و بەئامانجگرتنی هێما ئاینیەکان تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی و بەهاکانی گەلی سوریا. دەبێت دەستبەجێ ئەم کارە شەڕانگێزانە کۆتایی پێبێت و لێپرسینەوە لەگەڵ بکەران و بەرپرسانی بکرێن.

فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاندووە: دوای 14 ساڵ شەڕ، کاتی ئەوە هاتووە خوێنڕشتن ڕابگیرێت، سوریا بەبێ دیالۆگ هەڵناستێتەوە، دۆزی گەلی دروز پرسێکی نیشتمانییە، چارەسەرەکەی دەبێت دەستوری بێت و لەسەر بنەمای دیالۆگ بێت.

ئەو لێدوانەی عەبدی لەکاتێکدایە، کە ماوەی چەند رۆژێکە چەکدارانی ئاسایشی گشتی و وەزارەتی بەرگری سوریا هێرش دەکەنە سەر سنوری پارێزگای سوەیدای باشوری سوریا کە زۆرینەی دروزنشینە و بەهۆیەوە تائێستا زیاتر لە 300 کەس کوژراون و برینداربوون.

دوای تەوابوونی ئەو وادەیەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ حکومەتی دیمەشق دانرابوو بۆ راگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر دروزەکان، هێزی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی سوریا، وەزارەتی بەرگری و سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای سوریا.

سوپای ئیسرائیل گۆڕەپانی ئەمەوەینی لەناوەندی دیمەشق کردە ئامانج، کە بارەگای سەرەکی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا نزیکی گۆڕەپانەکەیە.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل، ئەو ناوەندانەی کراونەتە ئامانج لەوێوە فەرمانی هێرش بۆ سەر پارێزگای سوەیدا دراوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی