سبەى
لەماوەى کەمتر لە مانگێکدا زیاتر لە 30 هێرشى درۆنى لەناوچە جیاجیاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان تۆمارکراون، کە زیاتر لە نیوەیان ئامانجەکانیان لە هەرێم پێکاوە لەناویاندا کێڵگەکانى نەوت.
رۆژى 16 ى تەمموز زۆرترین هێرشى لەو شێوەیەى بەخۆوە بینى، کاتێک لە رێگەى شەش درۆنى بۆمبڕێژکراوەوە پێنج هێرش ئەنجامدران، کە چواریان کێڵگە نەوتییەکانیان کردە ئامانج. بەگشتى لەماوەى ئەم مانگەدا زیاتر لە 15 هێرشى درۆنى بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامدراون.
هێرشەکان زیانى گەورەیان بە کێڵگەکانى نەوت گەیاندووە و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان بە بڕى نزیکەى 200 هەزار بەرمیل نەوت کەمبووەتەوە، ئەوەش بەوتەى عەزیز ئەحمەد جێگرى بەرپرسى نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى هەرێم.
رۆژنامەى مەداى عێراقى بە پشتبەستن بە سەرچاوەى ئەمنی و سیاسی و ناوخۆیی "پلانی هێرشکردنە سەر هەرێمى کوردستان"، ڕێڕەوی گریمانەکراوی درۆنەکان، ئەو مەودایەی بڕیویانە لەگەڵ تێچووى درۆنەکان و تۆمەتبارانى چاوەڕوانکراوى بڵاوکردەوە.
سێشەممەی ڕابردوو حکومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لێکۆڵینەوەى بەپەلە لەبارەی هێرشەکانەوە دەکات، ئەوەش دووەم لێکۆڵینەوەیە کە بەغداد لە 20 ڕۆژی ڕابردوودا لەو بارەیەوە رایگەیاند، بەڵام دواى کەمتر لە 24 کاتژمێر هێرشە درۆنییەکان دەستیان پێکردەوە.
بەوتەى سەرچاوەکان، "پلانی هێرشکردنە سەر کوردستان"، لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو بە هێرشکردنە سەر ڕادارە سەربازییەکان دەستیپێکردووە، کە یەکێکیان لە سنووری کەرکوک بووە.
سەرچاوەکان پێیانوایە هێرشکردنە سەر ڕادارەکان کە سەرەتا سیستمەکانیان لە بنکەى تاجى بەغداد و بنکەى ئاسمانى ئیمام عەلی لە زیقار کردە ئامانج، هەنگاوێکی پێشوەختە بووە بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک بۆ دیاریکردنی شوێنی هەڵدانی درۆنەکان یان ڕێگریکردن لێیان پێش ئەوەی بگەنە ئامانجە دیاریکراوەکانیان.
هێرشەکانی سەر سیستمەکانى رادار، لە کۆتا شەوی پێش ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل ئەنجامدران، کە بەهۆیەوە ئاسمانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەبێ هیچ سیستمێکى چاودێرى مانەوە.
هەرچەندە هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی ئەم هێرشانەیان لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشووبوون کە لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا گروپە چەکدارەکان بە ئەنجامدانیان تۆمەتبار کراون.
چیرۆکەکە هەر بەوەوە کۆتایی نەهات. تەنها شەش ڕۆژ دواتر، 13 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی کەرکوک و پاڵاوگەی بێجى، کە بەگوێرەی سەرچاوەکان- لە ناوچەیەکی نزیک کەرکوکەوە کە لەژێر دەستى گروپەکاندایە هەڵدراون.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، ئەو درۆنانەى بۆردومانی بێجى و کەرکوکیان کردووە و بەکارهێنراون بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمى کوردستان، تا بەرەبەیانی 16 ى تەمموز بەردەوام بوون لە بۆردومانکردنی ناوچەکە و دەوروبەری و مەودای نێوان 20 بۆ 30 کیلۆمەتریان بڕیوە.
هێرشەکەى سەر بێجى کە بە 10 درۆن ئەنجامدراوە، کەبە وتەی بەرپرسانى ناوخۆیی سنورەکە، بەهۆى "ناکۆکی نێوان گروپەکان" بووە لەسەر کۆنترۆڵکردنی پاڵاوگەکە.
سەرچاوەکان پێیانوایە، هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکە کە لە سەرەتای مانگی تەمموزەوە دەستیپێکردووە بە نزیکەی ١٨ درۆن، لەلایەن درۆنى دروستکراوی ناوخۆییەوە ئەنجامدراون، چونکە ئاستى هێرشەکان زۆر بەرز نەبووە.
دەشڵێن، تێچووی ئەو درۆنانەى لەو هێرشانەدا بەکارهێنراون، لە نێوان ٧٥٠ هەزار بۆ یەک ملیۆن دیناری عێراقیدایە.