بەغداد: هەركات نەوت رادەستی سۆمۆ كرا مووچە بۆ هەرێم رەوانە دەكرێت

#عێراق#هەرێم#مووچە#نەوت
6 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، كە بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بەڕێوەچوو، پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم دۆسیەی نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات و بە خێرایی دەست بكات بە رادەستكردنی كۆی نەوتی بەرهەمهێندراو بە كۆمپانیای سۆمۆ بۆ بە بازاڕكردنی نەوت، ئەوكات وەزارەتی نەوتی عێراق پابەندە بە پێدانی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، پێویستە ئەو بڕەش لە 230 هەزار بەرمیل كەمتر نەبێت.
Primary Asset

دەستپێکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق

سبەی

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی بڵاوكردەوە، بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەش هەركات نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كرا، بەغداد مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، كە بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بەڕێوەچوو، پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم دۆسیەی نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات و بە خێرایی دەست بكات بە رادەستكردنی كۆی نەوتی بەرهەمهێندراو بە كۆمپانیای سۆمۆ بۆ بە بازاڕكردنی نەوت، ئەوكات وەزارەتی نەوتی عێراق پابەندە بە پێدانی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، پێویستە ئەو بڕەش لە 230 هەزار بەرمیل كەمتر نەبێت.

وەك راگەیەندراوەكە ئاماژەی پێداوە، هەر زیادبوونێكی بەرهەمهێنان لە رێگەی لیژنەیەكەوە دەپێورێت و بەپێی پێوەری هاوبەش دەبێت، لە ئەگەری راگیرانی هەناردەی نەوتیش بە هەر هۆكارێك ئەو بڕەی دەمێنێتەوە رادەستی وەزارەتی نەوت دەكرێت.

بەپێی راپۆرتەكانی هەرێمی كوردستان قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت ئێستا 280 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە، 50 هەزار بەرمیلی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی هەرێم دەبێت، باقی 230 هەزار بەرمیلەكە یاخود هەر زیادبوونێك لە داهاتوودا رادەستی سۆمۆ دەكرێت.

سەبارەت بە داهاتی نانەوتی، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، حكومەتی هەرێم 120 ملیار دینار وەك گوژمەی یەكەم بۆ مانگی ئایار دەنێرێتە وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵی.

 بەوتەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، تیمێكی وەزارەتی دارایی عێراق و چاودێری دارایی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم و دیوانی چاودێری داراییەكەی دەكەن، بۆ جیاكردنەوەی بڕی داهاتی نانەوتی و وردبینكردن تێیدا، هەروەها دیاریكردنی پشكی حكومەتی فیدراڵی لەو داهاتە، ئەمەش لە مانگی ئایاری 2025 ەوە.

 سەبارەت بە تەوتینی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، وەك ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئاماژەی پێداوە، لیژنەیەكی هاوبەش پێكدەهێنرێت بۆ تەواوكردنی بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، لە ماوەیەكدا كە سێ مانگ تێنەپەڕێنێت.

خاڵێكی دیكەی رێككەوتنەكە چاودێریكردنی خەرجی فیعلییە

تیمێك لەنێو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی و دیوانی چاودێری دارایی بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان و دیوانی چاودێری، پێكدەهێنرێت بۆ پێداچوونەوەی بودجەی ساڵەكانی 2023-2024-2025.

لەبەرامبەردا وەزارەتی دارایی عێراق دەستدەكات بە خەرجكردنی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان وەكو گوژمەی یەكەمی ڕێككەوتنەكە، دوای ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق دڵنیایی دەدات كە ئەو بڕە نەوتەی وەرگرتووە كە لە بڕگەی یەكەمی ئەو ڕێككەوتنەدا هاتووە. 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی