30 درۆن لەماوەی سێ هەفتەدا؛ هێرشەكان بۆسەر هەرێمی كوردستان بە پەكخستنی رادارەكان دەستیپێكرد

#درۆن#هەرێمی کوردستان#عێراق
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • دواین هێرش بۆسەر پێگەیەكی نەوتیی هەرێمی كوردستان بە درۆنی بۆمبڕێژكراو بوو، بەوەش ژمارەی درۆنەكان لەماوەی سێ هەفتەدا گەیشتە 30 درۆن كە پێگەی نەوتیی و ژیانی هەرێمی كوردستانیان كردەئامانج.
Primary Asset

دیمەنی هێرشێکی درۆنیی بۆسەر هەرێمی کوردستان

سبەی

جارێكی دیكە درۆنی "نەناسراو" پێگەی نەوتیی هەرێمی كوردستانیان كردە ئامانج، ئەمەش دوای چەند كاتژمێرێك لەوەی بەغداد رایگەیاند لێكۆڵینەوە لە رووداوە هاوشێوەكانی پێشوو دەكات كە بە درۆن هێرش كراوەتەسەر هەرێمی كوردستان.

دواین هێرش بۆسەر پێگەیەكی نەوتیی هەرێمی كوردستان بە درۆنی بۆمبڕێژكراو بوو، بەوەش ژمارەی درۆنەكان لەماوەی سێ هەفتەدا گەیشتە 30 درۆن كە پێگەی نەوتیی و ژیانی هەرێمی كوردستانیان كردەئامانج.

حكومەتی عێراق سێشەممەی رابردوو رایگەیاند: لێكۆڵینەوەمان سەبارەت بە هێرشە درۆنییەكان بۆسەر پێگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە، ئەمەش دووەم جارە بەغداد دەست بە لێكۆڵینەوە دەكات سەبارەت بە هێرشە درۆنیەكان لەماوەی 20 رۆژدا.

دوای چەند كاتژمێرێكی كەم لە راگەیەندراوەكەی حكومەتی عێرا، دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان روودانی هێرشی نوێی درۆنییان بۆسەر چەند كێڵگەیەكی نەوتیی راگەیاند، كە ئەو كێڵگانە لەلایەن كۆمپانیای بیانییەوە بەڕێوەدەبرێن.

سەرەتای پلانەكە

بەوتەی هەندێك سەرچاوەی ئەمنیی، پلانەكە بە لێدان لە رادارەكان دەستیپێكردووە، بۆ ئەوەی رێگری بكرێت لە ئاشكراكردنی سەرچاوەی درۆنەكان و بە ئامانج نەگیرێت پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەكەی.

لە 24 ی حوزەیران حكومەتی عێراق "هێرشێكی ترسنۆكانە و ستەمكارانە" ی ئاشكراكرد كە لە رێگەی چەند درۆنێكی خۆكوژییەوە ئەنجامدراون، درۆنەكانیش سەربازگەی تاجی لە باكوری بەغداد و بنكەی ئیمام عەلییان لە زیقار كردە ئامانج، هێرشەكان هیچ زیانێكی گیانییان نەبوو بەڵام دوو سیستمی راداریان پەكخست.

هەر دوای ئەو هێرشانە، هەواڵەكان لەسەر ئەوە ناكۆك بوون كە ئایا رادارەكان ئەمەریكین یاخود فەڕەنسی، بەڵام دواتر ئاشكرابوو رادارەكان فەڕەنسی بوون و عێراق بەمدواییە چوار دانەی جێگیر كردووە، ئەوەش لەكۆی 14 دانە كە بە گرێبەستێك كڕدراون و بەهاكەیان 100 ملیۆن یۆرۆ بووە.

هێرشكردنەسەر رادارەكان شەوێك پێش ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران بوو كە ئێران مووشەكی گرتە ئیسرائیل و ئیسرائیلیش بە فڕۆكە بۆردومانی ئێرانی دەكرد، شەڕەكەش بە شەڕی 12 رۆژە ناسرا.

هەرچەندە هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەكان رانەگەیاند و ئەنجامی لێكۆڵینەوەش ئاشكرا نەكرا، بەڵام زۆر لە هێرشەكانی حەوت ساڵی رابردوو دەچوون، كە پەنجەی تۆمەت بۆ گروپە چەكدارە شیعەكان رادەكێشرا.

دوای هێرشەكان كەسێكی نزیك لە یەكێك لە گروپە چەكدارەكان، بەناوی عەباس عەرداوی، بە میدیایەكی عێراقی وتبوو "یەكێك لە هێرشەكان چەكێكی كردووەتە ئامانج كە هاوكاری ئیسرائییەكانی دەكرد".

وتیشی "هیچ نییە رادارێكی فەڕەنسییە لە بنكەی تاجی كە خزمەتی بە ئیسرائیلی دوژمن دەكرد، بۆیە لەناوبرا".

دوای ئەو تویتە، عەرداوی دەستگیركرا، بەڵام پاش چەند كاتژمێرێك ئازادكرا، ئەوەش لەكاتێكدا بوو گروپە چەكدارەكان پاش دەستپێكردنی شەڕی 12 رۆژەی ئیسرائیل و ئێران ئەوەیان راگەیاندبوو كە ئێران پێویستی بە هاوكاری ئەوان نییە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش "چاوەڕێی فەرمانی خامنەیی دەكەن".

مەوداكان كورتن

چیرۆكەكە لێرەدا نەوەستا، تەنها دوای شەش رۆژ، بە 13 درۆن هێرشكرایەسەر فڕۆكەخانەی كەركوك و پاڵاوتگەی بێجی، بەوتەی بەشێك لە سەرچاوە ئەمنییەكان لەناوچەیەكی نزیك لە كەركوكەوە هەڵدراون كە لەژێر دەسەڵاتی گروپە چەكدارەكاندان.

بەوتەی هەندێك سەرچاوەی ئەمنیی كە قسەیان بۆ بەشێك لە میدیا عێراقیەكان كردووە، "ئەو درۆنە خۆكوژانەی بۆردومانی بێجی و كەركوكیان كردووە و پاشانیش بەردەوام بوون لە هێرشكردنەسەر هەرێمی كوردستان و دەوروبەری تا بەیانی رۆژی چوارشەممە، لە مەودای نێوان 20 بۆ 30 كیلۆمەتر لە سنوری هەرێمی كوردستانەوە هەڵدراون".

دروستكراوی ناوخۆیین

بەوتەی سەرچاوەكان، هێرشەكان بۆسەر هەرێم، كە لە سەرەتای تەموزی ئەمساڵەوە دەستیانپێكرد، 18 درۆنیان لە دروستكراوی ناوخۆیی بوون، چونكە مەودای كاریگەریەكەیان كەم بووە".

سەرچاوە ناوخۆییەكان دەڵێن "ئەو درۆنانەی لەناوخۆدا دروست دەكرێن تێچووەكەیان لەنێوان 750 هەزار بۆ ملیۆنێك دیناری عێراقیدایە".

كاتێكی هەستیار

هەر زوو لەكاتی ئەنجامدانی هێرشەكان، هۆشیار زێباری وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، گروپەكانی نزیك لە ئێرانی بە هێرشەكان تۆمەتبار كرد. ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر بەغداد تۆمەتباركردنی گروپەكانی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە رەتكردەوە و داوای بەڵگەی كردبوو.

وەزیری ناوخۆ: زۆر ڕوونە كە درۆنەكان لە كوێوە ئاراستە دەكرێن

پێنجشەممە 17ـی تەممووزی 2025، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، لە بارەی هێرشە درۆنییەكان وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و رایگەیاند: زۆر ڕوونە درۆنەكان لە كوێوە ئاراستە دەكرێن، كە هەمیشە شادەماری ئابوری هەرێمی كوردستان دەكەنە ئامانج.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، وتیشی: هێرشە درۆنییەكان بە داخەوە كردەوەی تیرۆریستین، هەر لایەنێك لە پشت ئەو كارەوە بێت شەرمەزار دەبێت.
لەبارەی ڕێگەگرتن لەو هێرشانە و چۆنیەتی پاراستنی شوێنەكان، رێبەر ئەحمەد، وتی: ئێمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و وەستاندنی ئەو هێرشانە، هەماهەنگیی و كاری هاوبەش لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ دەكەین، هەروەها داوامان لە هاوپەیمانانیش كردووە هاوكارمان بن لەو بارەیەوە.

گورز وەشاندن لە كەرتی نەوتیی

هێرشەكان بۆسەر كێڵگە نەوتییەكان هەرچەندە باڵیۆزخانەی ئەمەریكای لە بەغداد هێنایەدەنگ، داوایكرد كۆنترۆڵی ئەو هێرشانە بكرێت و بە "قبوڵنەكراو" ناویبرد، بەڵام هێرشەكان بەردەوام بوون و دووجار بارەگای پێشمەرگە لە سلێمانی و فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانیشیان كردەئامانج، بەڵام هیچ زیانێكیان بەدواوەنەبوو.

وادەردەكەوێت هێرشەكان بۆ ئەوەبێت كۆمپانیا بیانیەكان كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان جێبهێڵن، چونكە پێش چەند رۆژێك كۆمپانیای "ئێچ كەی ئێن ئینێرجی" ئەمەریكی كە لە دهۆك كاردەكات رایگەیاند "سەرجەم كارمەندەكانیان ناردووەتەوە" ئەوەش بەهۆی ئەو هێرشانەی ئەنجام دەدرێن، بەڵام هەمان كۆمپانیا گرێبەستێكی لەگەڵ حكومەتی عێراق واژۆكرد بۆ گەشەپێدانی كێڵگەی حەمرین.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی