ئەردۆغان و شەرع
سبەی
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، "كوردەكانی سوریا برامانن"، دەشڵێت "رێگەنادەین بۆ بەرژەوەندی ئیسرائیل بەكاربهێنرێن".
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەدوای كۆبونەوەی كابینەی حكومەتەكەی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری لە توركیا رایگەیاند:"لە هەوڵێكی فرەڕەهەندداین بۆ دەربازكردنی وڵاتەكەمان لەدەست نیوسەدە كۆت وبەند، ئەگەر پێویست بێ ڕیسك بكەین ئەوە دەیكەین، پێویست بە خەباتیش بێ، ئەنجامی دەدەین".
سەرۆك كۆماری توركیا وتیشی: "ئێمە بە دوای داهاتووی سیاسی خۆمانەوە نین، بەڵكو بە دوای گەرەنتیكردنی داهاتوی گەلەكەمان و وڵاتەكەمانەوەین".
ڕۆژی چوارشەممە، 16-7-2025، لە دژی هێرشكردنە سەر پێكهاتەی دروز لە شاری سوەیدای سوریا، ئیسرائیل هێرشێكی بەرفراوانی ئاسمانی بۆ سەر دیمەشق و هێزەكانی سوریا لە سوەیدا دەستپێكرد، هێرشەكان كۆشكی سەرۆكایەتی و وەزارەتی بەرگرییان لە دیمەشق كردە ئامانج و كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.
ئەردۆغان لەبارەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر سوریا رایگەیاند:"ئیسرائیل وڵاتێكی تیرۆریستییە كە یاسا ناناسێت، پرەنسیپ نازانێت، بێ بنەما و بێ چاو و ڕووە، ئیسرائیل بە بیانوی دروزەكان، دوو ڕۆژە پەرەی بە چەتەگەری خۆی لە سوریا داوە".
سەرۆك كۆماری توركیا وتیشی: "ئەوانەی لەناو بیری ئیسرائیلدا نوقم دەبن، ئەوە درەنگ یان زوو هەست بە هەڵەی لێكدانەوەی خۆیان دەكەن".
ئەردۆغان كوردانی سوریا (رۆژئاوای كوردستان) بە برا ناودەبات و دەشڵێت "كوردەكانی سوریا هەروەك كوردانی نێو سنوری وڵاتەكەمان، برای راستەقینەمانن، رێگە نادەین بكرێنە مەزە لەسەر خوانی زایۆنیزم".
"ئاواتی گەورەمان ئەوەیە كە گەلی سوریا بە تەواوی پێكهاتەكانییەوە لە عەرەب و توركمان و كوردو مەسیحی و سوننەو عەلەوی و دروزەكان لە ئاشتیدا بژین، وەزارەت و یەكە ئەمنییەكانی ئێمە لەگەڵ هاوتاكانیان لە سوریا لە پەیوەندیدان و لەنزیكەوە چاودێری پێشهاتەكانی سوریا دەكەین و بەردەوامیش دەبین". ئەردۆغان وای وت.