نوێترین لێکۆڵینەوەی ئەمەریکا: لە سێ ناوەند تەنها یەک ناوەندی ئەتۆمی ئێران لەناوبراوە

#ئێران#ئەمەریکا#بەرنامەی ئەتۆمی ئێران#ئیسرائیل
8 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • هێرشەکەى 22ـی حوزەیرانى ئەمەریکا لەکۆى سێ ناوەند، یەک ناوەندى ئەتۆمى لەناوبردووە، ئەوەش بەپێی نوێترین لێکۆڵینەوەی ئەمەریکا.
Primary Asset

سبەی

هێرشەکەى 22ـی حوزەیرانى ئەمەریکا لەکۆى سێ ناوەند، یەک ناوەندى ئەتۆمى لەناوبردووە، ئەوەش بەپێی نوێترین لێکۆڵینەوەی ئەمەریکا.

لە شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئەمەریکاش هەر سێ ناوەندی ئەتۆمی فۆردۆ، نەتانز و ئەسفەهان-یان بە ئامانج گرت. هەر ئەو کاتە ئەمەریکا رایگەیاند کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانییان بە تەواوەتی لەناو بردووە.

بەڵام بەپێی نوێترین لیکۆڵینەوە و پێداچوونەوەکانی ئەمەریکا کە تۆڕی هەواڵی ئێن بی سی نیوز (NBC News)، بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئەمەریکاوە تەنها یەک ناوەندی ئەتۆمی ئێران لەناوچووە.

بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی ئێن بی سی نیوز، لە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ناوەندەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران کە مانگی رابردوو لە 22ـی حوزەیرانی 2025، ئەنجامدرا، ناوەندێکی ئەتۆمی ئێران بە تەواوەتی لەناوبرا، بەڵام دوو ناوەندەکەی دیکە زیانی زۆریان پێنەگەیشتووە، ئەوەش بەپێی وتەی پێنج بەرپرسی ئاگادار لە لێکۆڵینەوە نوێیەکەی ئەمەریکا بۆ سەر سێ ناوەندە ئەتۆمییەکەی ئێران.

وەک لە راپۆرتەکەی ئێن بی سی نیوزدا هاتووە، ناوەندەکانی نەتانز و ئەسفەهان زیانی زۆریان پێنەگەیشتووە، بە جۆرێک کە دەتوانن لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بکەنەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو ناوەندەی زیانی زۆری پێگەیشتووە، فۆردۆ-یە، ‌ئەگەر ئێران بیەوێت لەو ناوەندە پیتاندنی یۆرانیۆم دەستپێبکاتەوە، ئەوا پێویستی بە لایەنی کەم دوو ساڵە.

ئامانجی سەرەکی هێرشەکانی ئەمەریکا هەر ناوەندی فۆردۆ بوو، چونکە ناوەندەکە لە قوڵایی شاخە سەختەکاندا بنیاتنراوە، تەنها ئەمەریکا ئەو کەرەستە سەربازیییەی هەیە زیان بە ناوەندەکە بگەیەنێت. 

پێداچوونەوەکە بەشێك بووە لە لێکۆڵینەوەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ زانینی قەبارەی زیانەکانی هەر سێ ناوەندە ئەتۆمییەکەی ئێران.

ترەمپ کۆتایی مانگی رابردوو لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا جارێکی دیکە بیر لە بۆردومانکردنی ئێران دەکاتەوە ئەگەر ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان بگەنە ئەو ئەنجامەی کە ئێران دەتوانێت یۆرانیۆم بپیتێنێت، جەختیکردەوە بە دڵنیاییەوە هێرشدەکەنەوە سەر ئەو وڵاتە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی