جووەکانی سوریا خەونی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان هەیە .. چیرۆکی کۆمەڵگەیەکی بچووک و پەرشووبڵاو

#جوو#سوریا#گەڕانەوە#
12 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • لەئێستادا تەنها شەش هاوڵاتیی جوو لە سوریا ماونەتەوە
  • ئەو شەش کەسەی ماونەتەوە تەمەنیان لە سەروو 80 ساڵەوەیە
  • جووەکان دانیشتووی شارەکانی دیمەشق و حەلەب بوون و بەشێکیان لە قامیشلۆ بوون
  • جووەکانی دەرەوەی سووریا بۆ گەڕانەوەی وڵاتەکەیان تامەزرۆن
Primary Asset

ژمارەیەک لە جووەکانی سوریا

سبەی

لە کاتێکدا ئیسرائیل لە هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی و رێککەوتنی ئیبراهیمیدایە لەگەڵ دەسەڵاتە کاتییەکەی ئەحمەد شەرع، دەیان هەزار جووی ئەو وڵاتە لە ئیسرائیل و ئەمەریکا و ئەوروپا، کە خۆیان یان دایک و باوکیان، یان باوباپیرانیان لە دەیەکانی پێشوودا وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە، تامەزرۆی گەڕانەوەن بۆ زێدی خۆیان.

دوابەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد، ژمارەی ئەو جووانەی لە سوریا ماونەتەوە بە 10 کەس مەزەندە دەکرا، یەکێکیان گیانی لەدەستدا و لە سوریا بەخاک سپێردرا.لەکاتێکدا  لەسەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی 2011 تەنها 15 جولەکە لەو وڵاتەدا مابونەوە.

پەیامنێرێکی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، کە لەم دواییانەدا چووەتە سوریا دەڵێت: تەنها شەش هاوڵاتی جوو لە سوریا ماونەتەوە، چوار پیاو و دوو ژن، هەموویان لە تەمەنی 80 و 90 ساڵیدان، بچووکترینیان، باخوور سیمانتوبی تەمەن 75 ساڵە، کە وەک سەرکردەیەکی کۆمەڵگەکەی خزمەت دەکات.

ژیانی ئەم کۆمەڵە بچووکەی جوو لە سوریا لە رۆژانی سەرەتای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەددا بووە جێی سەرنجی رۆژنامەنووسانی بیانی، بەتایبەتی کاتێک یەکێک لە راوێژکارە باڵاکانی ئەحمەد شەرع، لەبەردەم چاوی کامێراکاندا لەگەڵ سیمانتوب کۆبووەوە و بەڵێنی پێدا کە سەلامەتی گیانیان مسۆگەر بکرێت.

باخوور سیمانتوب لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، ئەوەی لە چەند مانگی رابردوودا بە هەموو رۆژنامەنووسانی بیانی وتبوو دووبارە کردەوە. ئاماژەی بەوەکرد، لە ماوەی 51 ساڵەی حوکمڕانی حافز ئەسەد و بەشاری کوڕیدا هەرگیز سوریای بەجێنەهێشتووە و وەک جووەیەک بە ئاشکرا لە دیمەشق ژیاوە، بە ئاشکرا باسی ئەو بابەتەی بۆ خەڵک و دراوسێیەکانی دەکرد و هەمووان دەیانزانی کە ئەو جووە.

بە ئاماژەدان بە پەیوەندی نزیکی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین لەگەڵ حکومەتەکانی ئەسەدی باوک کوڕ و بوونی ناوەند و نووسینگەی ئەو گرووپانە لە دیمەشق، وتی: شانازی بە جووبوونی خۆیەوە دەکات، هەرگیز لە ئەم گرووپانە و نە لە زیندانی مەترسیداری سیدنایاش نەترساوە.

سیمانتوب کە بە تەنیا دەژیت و خاوەنی وەرشەی چنینە لە ناوچەیەکی پیشەسازی و دوکانی جلوبەرگ لە شاری دیمەشق هەیە، خواردن بۆ هاوڕێ جووە بە ساڵاچووەکانی دابین دەکات و رۆژانە سەردانیان دەکات، کە هەموویان لە نزیک یەکترییەوە دەژین.

جووەکانی سوریا

جووەکان، دانیشتووی شارەکانی دیمەشق و حەلەب بوون، ژمارەیەکی زۆر لە جووەکان ئێستا لە ئیسرائیل یان ئەمەریکا و ئەوروپا دەژین، باوانیان بە رەچەڵەک خەڵکی حەلەبن. جووە کوردەکانی سوریا لە شاری قامیشلۆ لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا و نزیک سنورەکانی تورکیا دەژیان.

ژمارەی جووەکانی سوریا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بە نزیکەی 100 هەزار کەس مەزەندە دەکرا.

باوباپیرانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان پێشوازییان لە جووەکانی ئەوروپا دەکرد کە لە سەردەمی ئەنگیزاسیۆن لە وڵاتانی وەک ئیسپانیا هەڵاتبوون و لە سەدەی هەژدەهەمیشدا میوانداریی ژمارەیەکی زۆر لە جووەکانیان دەکرد کە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتبوون.

بەشێک لە جووەکانی سوریا لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا سوریایان بەجێهێشت و بەرەو رۆژئاوا چوون بۆ ئەوەی منداڵەکانیان  لە خزمەتی زۆرەملێی سوپای عوسمانی بە دوور بگرن، هەروەها بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری و هەڵکوتانی ناوبەناو بۆ سەر ماڵ و کەنیسەکانیان ئەو وڵاتەیان بەجێهێشت.

سەربەخۆیی سوریا، هێرشی بۆ سەر جووەکانی لێکەوتەوە و دوای بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تشرینی دووەمی 1947 بە بڕیاری بەریتانیا فەلەستینی بۆ دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستین دابەشکرد، هێرشەکان بۆ سەر جووەکان توندتر بوون، بەتایبەتی لە دیمەشق و حەلەب، سووتاندنی کەنیسەی گەورەی حەلەب یەکێکە لەو روداوە گەورانەی کە کۆچی جووەکانی بۆ دەرەوەی لێکەوتەوە.

لە سەردەمی رژێمی ئەسەددا جووەکان رێگەیان پێدەدرا سرووتە ئایینەکەیان پەیڕەو بکەن، بەڵام تا سەرەتای نەوەدەکان رێگەیان پێنەدرا وڵاتەکە بەجێبهێڵن.

لە ساڵی 1992 کاتێک حکومەتەکەی حافز ئەسەد بەشداریی کۆنفرانسێکی ئاشتیی کرد کە بە نێوەندگیری ئەمەریکا بەڕێوەچوو، قەدەغەی گەشتکردن لەسەر جووەکان هەڵگیرا و 4500 لەو جووانەی کە لە سوریا مابوونەوە زێدی خۆیان بەجێهێشت و بەرەو ئیسرائیل و ژمارەیەکی زۆریشیان بەرەو ئەمەریکا کۆچیان کرد.

بەگوێرەی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، هەرچەندە کەمترین جووەکانی سوریا لە ئەمەریکا بەنیازن بگەڕێنەوە بۆ سوریا، بەڵام ژمارەیەکی زۆریان پلانیان هەبووە گەشت بۆ ئەو وڵاتە بکەن. یەکێک لەوانە هێنری حەمرەیە کە لە سوریا لەدایک بووە و لە تەمەنی 15 ساڵیدا وڵاتەکەی بەجێهێشتووە.

هێنری حەمرە سەرکردایەتی هەوڵەکان دەکات بۆ ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی شوێنە ئاینییە جووەکانی سوریا لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد و بڕیاری دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا هانی داوە هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە.

دوای دوو مانگ لە رووخانی بەشار ئەسەد، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، رابی یوسف حەمرە و هێنری کوڕی گەشتیان بۆ سوریا کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆببنەوە.

هێنری حەمرە لە مانگی شوباتدا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندبوو، حکومەتی نوێ پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی میراتی جووەکان راگەیاندووە.

کەنیسەی گەورەی دیمەشق هێشتا بە باشی پارێزراوە و لە وێرانکارییەکانی شەڕی ناوخۆی 14 ساڵە رزگاری بووە. ژمارەیەک کەنیسە و قوتابخانەیەکی جووەکان لە شاری دیمەشقی کۆن پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.

بوژانەوەی کەرتەکانی پیشەسازی و گەشتیاریی سوریا

دەزگاکانی راگەیاندنی گەشتیاری وەک گەشتوگوزار رویو لە 5ـی تەمموزدا بڵاویان کردەوە، دوابەدوای هەڵگرتنی سزاکانی ئەمەریکا، وەبەرهێنەرانی جیهانی سەرنجیان راکێشاوە بۆ یارمەتیدانی بوژانەوەی ئابووری و گەشتیاریی لە سوریا.

حکومەتی نوێی دیمەشق بە سەرۆکایەتی هێزەکانی تەحریر شام،  بەرنامەی بەرفراوانی بۆ ناساندنەوەی سوریا داڕشتووە و بوونی چەندین میراتی فەرهەنگی لەگەڵ سوود وەرگرتن لە توانای ئەو کەسانەی بۆ وڵاتەکە دەگەڕێنەوە، هەروەها سود وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی دەوروبەر بۆ پێشخستنی وڵاتەکە کە بەهۆی شەڕی ناوخۆی چەند ساڵەوە روبەڕووی قەیرانی سەخت بوەتەوە.

نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە دێرینەکانی پالمیرا کە لە کاتی شەڕی داعشدا زیانێکی زۆریان بەرکەوتبوو، هەروەها نۆژەنکردنەوەی قەڵای حەلەب کە گرنگییەکی گەورەی شوێنەواری هەیە، لە بەرنامەی کاردا بوو.

بوونی دەیان هەزار سوریی دانیشتووی دەرەوەی وڵات کە شارەزا بوون لە زمانی وڵاتی خۆیان و فێری کولتوری وڵاتی میواندار بوون، دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە خێراکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و رێکخستنی لایەنی گەشتیاریی، ئەوەش بە وتەی بەرپرسانی حکومەتی کاتی سوریا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی