ئاماژەكانی رێككەوتن لەنێوان بەغداد و هەولێر؛ لە ژێر فشاری درۆنەكاندا

#هەرێم#بەغداد#درۆن#نەوت
9 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 8 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • رێككەوتنەكە لەكاتێكدایە، شەممەی رابردوو، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان "دواین هەل" ی دایە بەغداد بۆ كۆتایی هێنان بە كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان. ئەمەش بەپێی راگەیەندراوێكی بارەگای بارزانی.
Primary Asset

وێنەی یەکێک لە هێرشەکان

سبەی

درۆنەكان (فڕۆكەی بێفڕۆكەوان) ئەمڕۆ چوارشەممە 16-7-2025 بەردەوام بوون لە هێرشكردنەسەر كێڵگەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، بەبێ ئەوەی لایەنە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لایەنی بكەر ئاشكرا بكەن، لەكاتێكدا ئەو هێرشانە زیانێكی زۆریان بە پیشەسازی نەوتی هەرێمی كوردستان گەیاندووە.

هێرشە نوێیەكە دوای كەمتر لە 48 كاتژمێر بوو لە بە ئامانجگرتنی كێڵگەی "خورمەڵە" لە پارێزگای هەولێر لە ڕێگەی دوو درۆنەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە هەوڵەكان چڕبوونەتەوە بۆ رێككەوتنی یەكجاری لەنێوان بەغداد و هەولێر بۆ چارەسەركردن و یەكلاكردنەوەی كێشەكانی نێوانیان، لەگەڵ چارەسەركردنی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە.

سەرچاوەكان ئاماژە بەوەدەدەن، رێككەوتن لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق كراوە، بەشێوەیەك حكومەتی هەرێم مانگانە 120 ملیار دینار وەك داهاتی نانەوتی رادەستی بەغداد بكات، لەگەڵ 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.

رێككەوتنەكە لەكاتێكدایە، شەممەی رابردوو، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان "دواین هەل" ی دایە بەغداد بۆ كۆتایی هێنان بە كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان. ئەمەش بەپێی راگەیەندراوێكی بارەگای بارزانی.

٧٠ رۆژە مووچەخۆران مووچەیان وەرنەگرتووە

مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نزیكەی 70 رۆژە هیچ مووچەیەكیان وەرنەگرتووە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو ناكۆكییە قوڵە داراییەی لەنێوان بەغداد و هەولێر سەریهەڵدا، ئەمەش دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانی "تووشی ئیحراجی" كردووە لەبەردەم هاوڵاتیان كە ساڵانێكی زۆرە بەدەست ئەم كێشانەوە دەناڵێنن و بوونەتە قوربانیی ململانێكان.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" هەرچەندە بكەرانی هێرشە درۆنییەكان بۆسەر هەرێمی كوردستان نادیارن، بەڵام زۆرینەی پەنجەی تۆمەت بەتایبەت لەناو هەرێمی كوردستانەوە باس لە تێوەگلانی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران دەكرێت، بەوپێیەی ئەوان ئەو جۆرە درۆنانەیان هەیە كە هێرشەكانی ئەمدواییەی پێ ئەنجام دراوە".

بەپێی راگەیەندراوی دژەتیرۆری كوردستان "هەولێر" كاتژمێر شەشی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە كێڵگەی "DNO" ی نەوتیی لە پێشخابووری سەر بە ئیدارەی زاخۆ لەرێگەی دوو درۆنەوە كراوەتە ئامانج.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، كاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ جارێكی دیكە كێڵگەیەكی نەوتی " DNO"  لە تاوكێی سەر بە ئیدارەی زاخۆ لە رێگەی درۆنێكی بۆمبڕێژكراوەوە كرایە ئامانج.

ئەو هێرشانە لەکاتێکدان ئەمشەو دژەتیرۆری کوردستان “هەولێر” بڵاویکردەوە: هێرشی درۆنیی کراوەتەسەر کێڵگەی نەوتی هان ئۆیلی ئەمەریکی لە ناوچەی باعەدرێ لە شێخان.

وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان دواتر هێرشەكانی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند "هێرشی تیرۆریستی بە درۆنی بۆمبڕێژكراو بەرەبەیانی ئەمڕۆ كێڵگەی تاوكێ و پێشخابوور و عەین سوفنایان كردووەتە ئامانج".

بەوتەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان "هێرشەكان ئامانج لێی گورز وەشاندنە لە ژێرخانی ئابوری هەرێمی كوردستان". داواش لە حكومەتی فیدراڵی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات رێگربن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە.

“رووداوەكان ناڕوونن”

موخلد حازم، پسپۆڕی ئەمنیی بە "شەرقولئەوسەت" ی وتووە "رووداوەكان ناڕوونن، چونكە زۆربەی بە ئامانجگرتنەكان پێگەی جیاواز دەگرنەوە، لەنێوان دامەزراوەی نەوتیی و دامەزراوەی دیكە، بەڵام بەشی هاوبەشی ئەو هێرشانە بوونی كۆمپانیای ئەمەریكییە لە زۆربەی كێڵگەكان ئەمەش وادەكات ئەمەریكا كاردانەوەی بەرامبەر لایەنی بكەر هەبێت".

"دۆخی ئاڵۆز و مەترسیدار لە داهاتوودا، بەتایبەت ئەگەر سەلمێندرا گروپە چەكدارەكان لە پشتی هێرشەكانەوەن، ئەوەیە كە لەدواین راگەیەندراوی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغداد ئاماژەی بەوەداوە كە بەدوای سەرچاوەی هێرشەكاندا دەگەڕێن، هەرچەندە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا كۆنترۆڵی ئاسمانی عێراقی لەدەستدایە". حازم وا دەڵێت.

لەلایەن خۆشیەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، فەرمانیكردووە "دەست بە لێكۆڵینەوەی بەپەلە و فراوان بكرێت، بۆ دیاریكردنی لایەنی پشت هێرشەكان و رێوشوێنی یەكلاكەرەوە دژ بە تێوەگلاوان بگێرێتەبەر".

بەپێی راگەیەندراوی سەباح نوعمان وتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق "هێرش بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هەڕەشەی راستەوخۆیە بۆ بەرژەوەندی عێراقیەكان، دەستدرێژیشە بۆسەر هەوڵەكانی دەوڵەت لەپێناو باشتركردنی سەقامگیری و گەشەپێدان".

یەكێتی نیشتمانی كوردستان "دەستدرێژییەكان" ی بۆسەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان سەركۆنە كردووە، بەپێی راگەیەندراوی ئەو حزبە "پێویستە هێرشە درۆنییەكان بۆسەر هەرێم بوەستێنرێت".

رۆژی سێشەممەش بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی سەردانی بەغدادی كرد و چاوی بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كەوت، كە مەبەستی سەرەكیی سەردانەكەش پرسی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد و چارەسەری كێشەی مووچە بووە. ئەمەش بەپێی راگەیەندراوی یەكێتی.

رادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتیی

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری، كۆبوونەوەی ئەنجامدا و لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا سەركۆنەی هێرشە درۆنییەكانی كرد كە هەرێمی كوردستانیان بە ئامانج گرتووە، بەتایبەتیش كێڵگە نەوتییەكان، "ئەوەش زیانێكی زۆری ماددی بە كەرتی نەوتیی گەیاندووە".

حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە حكومەتی فیدراڵی عێراق كرد "بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و هەنگاوی جددی بنێت بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە و ئەو كەسانەی هۆكارن بەپێی یاسا لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت".

هەر لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، "رەزامەندی لەسەر رادەستكردنی 120 ملیار دیناری مانگانە لە داهاتی نانەوتیی، لەگەڵ 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە درا، بە بەغداد".

"گروپەكان بێ بەرین"

لەلایەن خۆیەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی "بێبەریبوونی" گروپە چەكدارەكانی لە هێرشكردنەسەر كێڵگە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان راگەیاند.

عامر فایز، یەكێك لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ میدیای عێراقی ئاماژەی بەوەداوە "حكومەتی عێراق جددییە لە بەدواداچوون بۆ سەرچاوەی درۆنەكان". ئاماژەی بەوەشداوە هاوپەیمانی دەسەڵاتدار "رەتیدەكاتەوە عێراق لەهەر ململانێیەكی ناوچەكەوە بگلێ، ئەوەش كۆدەنگی سیاسیی لەسەرە، هەروەها ئەوە كۆدەنگی گروپە چەكدارەكانیشی لەسەرە".

وتیشی "گروپەكان ئێستا لەگەڵ سەقامگیری عێراقدان، هەروەها لەگەڵ ئەوەش نین لە هەر شەڕێكی لابەلاوە بگلێن، یاخود ململانێیەكی ناوچەكە". 

ئەو سەركردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی جەختیكردەوە "سەركردەی گروپەكان، چوارچێوەی هەماهەنگییان ئاگاداركردووەتەوە هیچ پەیوەندییەكیان بە هێرشە درۆنیەكانەوە نییە".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی