ساڵانە لە ئەوروپا 40 هەزار کەس بە هۆی بەکارهێنانی تەباخی غازەوە گیان لەدەست دەدەن

#تەباخی غاز#مردنی پێشوەختە
10 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 10 مانگ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • لە هەر سێ ماڵێک لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا یەکێکیان تەباخی غاز بەکار دەهێنێت و دەرکەوتووە ساڵانە لە ئەوروپا 40 هەزار کەس بە هۆی بەکارهێنانی تەباخی غازەوە گیان لەدەست دەدەن. ئەمەیش ڕێک دوو هێندەی گیانلەدەستدانە بە هۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەو کیشوەرە.
Primary Asset

وێنە: میدیاکان

سبەی

لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە ئەو گازە ژەهراوییانەی لە کاتی بەکارهێنانی تەباخی غاز دەردەچێت دەبێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و سییەکان و پسپۆڕانیش هۆشداری دەدەن لەوەی وەک پێویست خەڵک هۆشیار نەکراوەتەوە لەو مەترسییانە.

بە پێی توێژینەوەیەکی نوێ کە لە بەریتانیا و وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا ئەنجام دراوە دەرکەوتووە بە هۆی ئەو گازە ژەهراوییانەی لە کاتی بەکارهێنانی تەباخی غاز دەردەچن مرۆڤ توشی نەخۆشییەکانی دڵ و سییەکان دەبێتەوە و لە ئاکامی ئەوەیشدا تەمەنی لە کورتی دەدات و دوو ساڵ پێش کاتی ئاسایی دەمرێت.

 تەنها بە ڕەچاوکردنی کاریگەری دوانۆکسایدی نایترۆجین کە لە تەباخی غازەوە دەردەچێت، 36 هەزار و 31 کەس لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا و سێ هەزار و 928 کەسیش لە بەریتانیا تەمەنیان لە کورتی داوە و زوو مردوون. ئەمەیش ڕێک دوو هێندەی گیانلەدەستدانە بە هۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەو کیشوەرە.

لە هەر سێ ماڵێک لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا یەکێکیان تەباخی غاز بەکار دەهێنێت.

ئەندامی تیمی ئەم توێژینەوە نوێیە و مامۆستا لە زانکۆی خایمێی یەکەم لە ئیسپانیا، خوانا ماریا دێلگادۆ سابۆریت جەخت لەوە دەکاتەوە مەترسییەکانی تەباخی غاز زۆر لەوە زیاترە کە مەزەندە دەکرا.

خوانا ماریا دێلگادۆ سابۆریت ئاماژە بەوە دەدات بۆیان دەرکەوتووە دەرچوونی دوانۆکسایدی نایترۆجین لە تەباخی غاز زۆر زۆر زیاترە بە بەراورد لەگەڵ تەباخی کارەبایی و دەڵێت: "ئەگەر دەرچوونی گازەکانی وەک تاکۆکسایدی کاربۆن و بێنزینیش ڕەچاو بکرێت، ئەوا دەردەکەوێت بەکارهێنانی تەباخی غاز چ کارەساتێکە".

پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەدەن بەکارهێنانی تەباخی غاز لە جگەرە زیاتر مادەی بێنزین دەردەدات و ئەو مادەیەیش دەبێتە هۆی توشبوون بە شێرپەنجە. 

ئەوان بە پێویستی دەزانن لە کاتی لێنانی چێشتدا پەنجەرەکانی ژورەوە بکرێنەوە و سیستەمی هەواگۆڕکێ بەکار بهێندرێت بۆ ئەوەی هەوای پیس و ئەو گازانە لە ماڵەوە پەنگ نەخۆنەوە کە لە کاتی بەکارهێنانی تەباخی غازدا دەردەدرێن. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی