ئۆجەلان: شەو و رۆژ بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی کار دەکەم

#عەبدوڵڵا ئۆجەلان#عومەر ئۆجەلان#دەم پارتی#ئیمرالی
14 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 14 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • عومەلا ئۆجەلان، کە دوو رۆژ لەمەوبەر سەردانی ئیمرالی کردووە، لە زاری ئۆجەلانەوە رایگەیاند: شەو و رۆژ لەپێناو سەرخستنی ئەو پڕۆسەیەی دەستیپێکردووە کاردەکات و داوای خۆڕێکخستنەوەی زیاتری کردووە.
Primary Asset

سبەی

عومەلا ئۆجەلان، کە دوو رۆژ لەمەوبەر سەردانی ئیمرالی کردووە، لە زاری ئۆجەلانەوە رایگەیاند: شەو و رۆژ لەپێناو سەرخستنی ئەو پرۆسەیەی دەستیپێکردووە کاردەکات و داوای خۆڕێکخستنەوەی زیاتری کردووە.

 عومەر ئۆجەلان لە کۆنگرەی دامەزراندنی کۆمەڵەی هاوکاریی لەگەڵ بنەماڵەی زیندانیان و حوکمدراوان لە شاری ڕەحا بەشداریی کرد و پەیامێکی نوێی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی لە زیندانەوە بە ئەندامانی کۆنگرەکە راگەیاند و ووتی :"ئاپۆ لە دوایین دیدارماندا پێیڕاگەیاندین شەو و ڕۆژ کاردەکات، بەڵام ئێوە دەرفەتەکانتان زۆرترە، دامەزراوەتان هەیە، دەبێت کۆمەڵگا ڕێکخستن بکەن و ئەرکی خۆتان جێبەجێ بکەن."

عومەر ئۆجەلان کە رۆژی (31ـی تشرینی یەکەمی 2025) لەگەڵ بنەماڵەکەی سەردانی زیندانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ ئۆجەلان دیداریان ئەنجامدا، رایگەیاند: زۆربەی دیدارەکەمان بە زمانی کوردی تێپەڕی، تەنها نیو کاتژمێری کۆتایی لەسەر هەندێک بابەتی سیاسی هەستیار بە زمانی تورکی قسەمان کرد، پێویستە دەوڵەت هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت، کورد بەهایەکی قورسی داوە، ئێمە لە هەموو شوێنێک بەرگری لە بەهاکانمان دەکەین.

بنەماڵەکەی سەردانی ئۆجەلانیان کرد

نووسینگەی یاسایی سەدە لە بارەی سەدانی بنەماڵەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ زیندانی دورگەی ئیمراڵی و ئەنجامدانی دیداری لەگەڵیدا، بڵاویان کردەوە: عەبدوڵڵا ئۆجەلان دیداری لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی بنەماڵەکەیدا ئەنجامداوە، عومەر ئۆجەلانی برازای و پەرلەمانتاری ڕەحای دەم پارتیشی تێدابووە.

 

نووسینگەی یاسایی سەدە بڵاوی کردەوە رۆژی (31ـی تشرینی یەکەمی 2025) عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی دیداری لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەنجامدا کە پێکهاتبوون لە فاتیمە ئۆجەلان، عومەر ئۆجەلان، بەرفین ئۆجەلان و عەلی ئۆجەلان.

شاندی دەم پارتی دەچنەوە ئیمراڵی

لەلایەکی دیکەوە بڕیارە سبەینێ دووشەممە (3ـی تشرینی دووەمی 2025) شاندی ئیمراڵی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) سەردانی ئۆجەلان بکات و کۆبونەوەی لەگەڵ ئەنجام بدات.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی دەم پارتی بڵاوی کردەوە، پەروین بوڵدان، میتحەت سانجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ، ئەندامانی شاندی ئیمراڵی رۆژی 3ـی تشرینی دووەم دەچنە ئیمراڵی و لەگەڵ ئۆجەلان دیدار ئەنجام دەدەن.

سەردانی شاندی دەم پارتی، دوای کۆبونەوەیەکیان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هات، کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو (30ـی تشرینی یەکەمی 2025) لە کۆشکی باشتەپە بەڕێوەچوو.

شاندی ئیمرالی دەم پارتی بۆ كۆبوونەوەكە لە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار پێكهابوون، ئافكان ئاڵا، جێگری سەرۆكی ئاكەپە و ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری "میت" بەشدارییان تێدا كرد. ماوەی كۆبوونەوەكەش یەك كاتژمێر دوور لە چاوی كامێراكان بوو.

دوای كۆبوونەوەكە شاندی دەم پارتی راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "بۆ ماوەی كاتژمێرێك كۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەردۆغان ئەنجامداوە، گفتوگۆی بۆچوون و پێشنیازەكانمان سەبارەت بە قۆناغی ئێستا و داهاتووی پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی كرد".

سەردانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی

لەلایەکی دیکەوە، رۆژی هەینی کۆبوونەوەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی (STK) لە وان بەڕێوەچوو، تیایدا مەراڵ دانش بەشتاش ڕایگەیاند: بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە پێویستی بە پەیوەندیکردنی ڕاوستەخۆ بە ئیمراڵیەوە هەیە و وتی: "ئاشتی بە بێ دیموکراسی هەمیشەیی نابێت. گەر گرەنتی و دۆخێکی یاسایی و دەستوری لە ئارادا نەبێت ئەوا لە داهاتوودا دۆخێکی دیکە دەکەوێتەوە. تا هەفتەی داهاتوو گوێ لە وەزیری بەرگری و سەرۆکی میت دەگیرێت. بە دڵیناییەوە دەبێت ئێمەیش گوێ لە ئۆجەلان بگرین. لە هەموو جیهاندا چارەسەری بەم شێوەیە هاتوەتە ئاراوە. پێشبینی دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا سەردانی ئیمراڵی بکرێت. هیوادارم ئەمە ئەنجام بدرێت و کاروباوری ئەم وڵاتە ڕێگەی درووست بگرێت."

جوڵەی نوێ

هەر لەبارەی قۆناغی نوێی پڕۆسەکەوە، نومان كورتوڵموش سەرۆكی پەرلەمانی تورکیا كە سەرۆكی لیژنە پەرلەمانیەكەشە، رایگەیاند: "كاری لیژنەكە خەریكە بەرەو كۆتایی دەچێت و بەمزووانە راپۆرتی خۆی پێشكەش بە ئەمینداریەتی پەرلەمان دەكات، كە تێیدا چوارچێوەی هەنگاوە پێویستەكان دیاری دەكرێت، دوای دڵنیابوونەوە لە خۆهەڵوەشانەوەی رێكخراوەكە (پەكەكە)".

وتیشی: "ئەو لێدوانانەی لە ئیمراڵییەوە دەدرێن -لێدوانەكانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان- گەیشتوونەتە قۆناغێكی پێشكەوتوو بەتایبەت لەگەڵ ئەو بەیاننامەیەی 26ـی تشرینی یەكەم دەرچوو كە هەنگاوێكی گرنگە".

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی