دیمەنی بۆردومانکردنی کۆبانێ لەلایەن داعشەوە
سبەی
یەكی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانیی كۆبانێیە، ئەو شارەی ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی بەرگریی 134 ڕۆژە دژ بە داعش، كورد و شەڕڤانانی كوردی بە جیهان ناساند.
یەکی تشرینی دووەم، ڕۆژی یادکردنەوە و وەبیرهێنەرەوەی سەرکەوتنێکی گەورەیە لە مێژووی كورد، ئەو بەرگریییە 134 ڕۆژییەی لە کۆبانێ نیشان درا، سەرنجی هەموو جیهانی ڕاکێشا.
دەستپێکی هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ
ساڵی 2014 ، پاش داگیرکردنی شاری موسڵ به ماوهیهکی کهم، چەكدارانی داعش ڕوویان له شاری کۆبانێ-ی ڕۆژئاوای کوردستان کرد.
لە سەرەتای هێرشەکانیاندا چەكدارانی داعش، هەوڵی داگیرکردنی چوار شوێنی گرنگیان دا، کە ئەوانیش گردی مشتەنوور، ناوەندی چاند و هونەر، چوارگۆشەی ئەمنیی و ڕێڕەوی مورشید پنار بوو، چەكدارەكانی داعش توانییان سێ لەو شوێنانە داگیربکەن، بەڵام چوارەم شوێن کە ڕێڕەوی مورشیدپنار بوو، نەتوانرا داگیربکرێت و بووە قەڵای بەرگریی كورد.
توركیا لە باكوورەوە تا كۆتایی بەردەوام بوو لە فشارەكانی، هێزێكی زۆری سەربازی و تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی كۆ كردبووەوە، زیاتر لە جارێكیش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاند "كۆبانێ دەكەوێت" بەڵام دواجار خەونی كەوتنی كۆبانێ نەهاتەدی.
داستانی قارەمانانەی کۆبانێ بە سێ قۆناغ
داستانی قارەمانانەی کۆبانێ لە 15ـی ئەیلولی 2014 دەستی پێ کرد، ژمارەیەکی کەم لە شەڕڤانان بەرگرییان لە کۆبانێ دەکرد و توانییا بۆ ماوەی 20 ڕۆژ ڕێگا لە بەرەوپێشچوونی چەكدارانی داعش بگرن.
ئامانجی شەڕڤانانیش لە سەرەتاوە ڕێگرتن بوو لە بەرەوپێشچوونی چەكدارانی داعش، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا کۆکردنەوەی هێز و ڕێکخستنەوە و ڕاهێنانی شەڕڤانان بوو لە شەڕی کۆڵان بە کۆڵاندا.
لە قۆناغی سێیەمیشدا، کە لە 18ی کانونی یەکەمی 2014 دەستی پێ کرد، هەر لە ماوەی بەرخۆدانەكەی كۆبانێدا، عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە لەڕێگەی شاندێكی هەدەپەوە بانگەوازی بۆ بەرگریكردن لە كۆبانێ كرد، بۆیە كوردێكی زۆر سنوورەكانی نێوان پارچەكانی كوردستانیان سڕییەوە و بەشداریی بەرگرییان لە كۆبانێ كرد، لە باشور و ڕۆژئاوای كوردستانیش كۆدەنگییەكی جەماوەری بۆ بەرگریكردن لەكۆبانێ دروستبوو، كار گەیشتە ئەوەی پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا پێشمەرگە بنێرێتە ڕۆژئاوای كوردستان بۆ بەشداربوون لە ڕزگاركردنی شارەكە لە دەستی چەكدارانی داعش و لە ڕۆژی 28ی یٔۆكتۆبەری ساڵی 2014، یەكەم كاروانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان گەیشتنە كۆبانێ و پاش تەواوبوونی شەڕەكە چەكەكانیان بۆ شەڕڤانان جێهێشت و گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە كۆتاییەكانی شەری كۆبانێ بە بۆردوومانی ئاسمانیی بەشدارییان كرد لە تێكشكاندنی داعش دا كرد.
شەڕی كۆبانێ لە میدیاكانی جیهان
شەڕی كوڕان و كچانی شەڕڤانی كورد لە كۆبانێ ببووە جێی سەرنجی میدیاكانی جیهان، چەندین كەناڵی بەناوبانگی جیهانی گرنگییان بە گواستنەوەی هەواڵی كۆبانێ و ئەو شەڕە سەختە دژ بە داعش دەكرد، بەشێكی زۆر لە كەناڵە جیهانییەكان لە دەستپێكی شەڕەكەوە نێردراویان ناردبوە كۆبانێ و دەوروبەری تا سات بە سات بەرەپێشچوونی شەڕەكە بگوازنەوە.
سەرئەنجام دوای 134 ڕۆژ لە شەڕ و بەرگریی، توانرا لە 26ـی کانونی دووەمی 2015ـدا، کۆبانێ بە تەواوەتی لە دەستی چەكدارانی داعش ڕزگار بکرێت، پاش ساڵێک لە ڕزگارکردنی کۆبانێ، جارێکی تر گەڕاندنەوەی هاوڵاتیان بۆ شارەکە دەستی پێ کرد، تا سەرلەنوێ کۆبانی ژیان بکرێتەوە بەبەریدا.
ڕۆژی جیهانی كۆبانێ
ڕۆژی 1/11/2014 ژمارەیەکی زۆر لە ئازادیخوازانی جیهان، لە کوردستان و جیهان هاتنە سەر شەقام و مەیدانەکان و پشتیوانییان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند و دوای ئەمەش ڕۆژی یەكی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێکیان وەک "ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ" دەستنیشان کرد، لەو کاتەشەوە تا ئێستا هەموو ساڵێک بە چالاکی جۆراوجۆر یادی ئەو ڕۆژە دەکرێتەوە.
پاش تێکشکاندنی داعش لە کۆبانێ، هێرشی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا و داعش بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان نەوەستاوە، تەنانەت لە ساڵی 2018 توركیا بە پشتیوانی چەند گروپێكی چەكداری ئۆپۆزسیۆنی سوریا شاری عەفرینی داگیرکرد و ساڵێک دواتر سەرێکانی و گرێ سپیشی داگیركرد.
كۆبانێ یان كۆبانی، پێشتر حكومەتی سوریا ناوێكی عەرەبی لێنابوو (عین العرب) لەساڵی 2011 و دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی سوریا لەلایەن شەڕڤانانی كوردەوە شارەكە كۆنترۆڵكرا، زۆربەی دانیشتوانەكەی كوردن، دەكەوێتە دیوی چەپی ڕووباری فوڕات، هاوسنوری باكوری كوردستانە و بە تەنیشت شارۆچكەی سروچی سەر بە ئورفایە، زۆربەی دانیشتوانەكەی خەریكی كشتوكاڵ و ئاژەڵداریین.
ڕووبەرەكەی زیاتر لە سێ هەزار كیلۆمەتر دووجایە، دانیشتوانەكەی بەپێی سەرژمێری ساڵی 2000 لە سوریا نزیكەی 204 هەزار كەس بووە، 150 كیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای حەلەبەوە دوورە، لە باكورەوە سنوری بە باكوری كوردستان (توركیا) ەوەیە و لە باشورەوە پارێزگای ڕەقەی سوریا، لە ڕۆژهەڵاتەوە هاوسنوری گرێسپییە، لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ جەرابلوس و كەناری فوڕات و مەنبەج هاوسنورە.