پێکدادان لە حەلەب؛ هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ وەڵامى هێزەکانى سوریا دەدەنەوە

#حەلەب#هەسەدە#سوریا
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی مافی بەرگری رەوا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەرپەرچى هێرشێکی گروپەکانى سەر بە وەزارەتی بەرگری حکومەتی دیمەشقیان دایەوە بۆ سەر یەکێک لە خاڵە ئەمنییەکانیان لە دەوروبەری گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە.
Primary Asset

سبەى  

پێکدادان لەنێوان هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ سەر بە بەڕێوەبەرایەتى خۆسەر و هێزەکانى سوریا لە حەلەب روویدا، ئەوەش دواى ئەوەى چەکدارانى یەکێک لەو هێزانە هێرشیان کردە سەر خاڵێکى ئاسایشى ناوخۆ.

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی مافی بەرگری رەوا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەرپەرچى هێرشێکی گروپەکانى سەر بە وەزارەتی بەرگری حکومەتی دیمەشقیان دایەوە بۆ سەر یەکێک لە خاڵە ئەمنییەکانیان لە دەوروبەری گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، هێزەکانیان ڕاستەوخۆ وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە، لە ئەنجامدا سێ چەکدارى هێرشبەر برینداربوون، ئەمە جگە لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە لە هێرشەکەدا بەکارهێنرا.

بەپێی روانگەى سورى بۆ مافى مرۆڤ، پێکدادانەکە کاتێک سەریهەڵداوە کە ئەندامانی گروپە چەکدارەکان هەوڵی دزەکردنیان داوە بەرەو بنکەیەکی سەربازیی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە شێخ مەقسود.

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئاسایشی گشتی دەستوەردانی کردوە بۆ ڕێگەگرتن لە پەرەسەندنی زیاتری دۆخەکە. هەروەها ڕێگرییان لەو گروپە کرد ئەو ڕێککەوتنە پێشێل بکات کە لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و حکومەتی سوریا لەو ناوچەیە ئەنجام دراوە.

دوو رۆژ لەمەوبەر پێکدادانى قورس لەنێوان هێزەکانى سوریاى دیموکرات و هێزەکانى سوریا روویدا، دواى رۆژێک لە لێدوانەکانى ئەحمەد شەرع لەبارەى ئەگەرى هێرشى سەربازى تورکیا بۆ سەر هەسەدە ئەگەر تا کۆتایی ئەمساڵ نەبێتە بەشێک لە هێزەکانى حکومەت.

پێکدادانەکە دواى ئەوە سەریهەڵدا کە فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى هێزەکانى سوریا پێگەیەکى سەربازى هەسەدەى لە سنورى دێر حافر لە دەوروبەرى حەلەب کردە ئامانج کە هیچ زیانێکى لێنەکەوتەوە، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى هەسەدە کە دەست “سبەى” کەوتووە.

بەپێی راگەیەنراوەکە هێزەکانى هەسەدە بەخێرایی وەڵامى سەرچاوەى هێرشەکەیان داوەتەوە و هێزەکانى سوریا زیانیان بەرکەوتووە و ناچاربوون پاشەکشە بکەن، جەختیشیکردووەتەوە کە وەڵامى یەکلاکەرەوەى هەر هێرشێک دەدەنەوە.

بەپێی روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ، لە پێکدادانەکەدا چەکى قورس بەکارهێنراوە.

ئەمە دووەم جارە لەماوەى کەمتر لە مانگێکدا کە شەڕ لەو ناوچەیە رووبدات، رۆژى دووى ئاب چەکدارانى گروپەکانى سلێمان شا و عەمەشاتى سەر سەر بە تورکیا، لەو سنورە هێرشیان کردە سەر هێزەکانى سوریاى دیموکرات و هەسەدەش وەڵامیدانەوە.

ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا رۆژى 22ى ئەیلول لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەیڤد پترایۆس بەڕێوەبەرى پێشوى سی ئاى ئەى ئاماژەى بەوەکرد، بەروونى بە هەسەدەیان وتووە کە دەبێت چەک تەنها لەدەستى دەوڵەتدا بێت، پێویستە هەسەدە ئەو دەرفەتە مێژوییە بقۆزێتەوە کە لەبەردەستدایە.

وتیشى "دابەشبوونى سوریا قبوڵ ناکەین و هەوڵمانداوە هەسەدە رازیببکەین بێتە ناو سوپا، دابەشبوونى سوریا کێشە بۆ عێراقیش دروستدەکات".

ئەحمەد شەرع جەختیکردەوە، لەیەکەم کۆبوونەوەیدا لەگەڵ مەزڵوم عەبدى پێی وتووە کە مافەکانى کورد لە سوریاى نوێ پارێزراوە، بەڵام ئێستا جێبەجێکردنى رێککەوتنى نێوانیان دواکەوتووە و هەندێک لەژێر ناوى لامەرکەزیەت خواستى دیکەیان هەیە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی