سبەى
پارتەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ترسیان هەیە رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بۆ کەمتر لە 20% دابەزێت. بەڵگەنامەیەکى ناوخۆیی هاوپەیمانی شیعە کاریگەریی بایکۆتی سەدرییەکان لەسەر هەڵبژاردن ئاشکرا دەکات.
سەرچاوە نزیکەکانی چوارچێوەى هەماهەنگى دەڵێن، ترسی ئەوە هەیە "ڕێژەی دەنگدان بۆ کەمتر لە 20%ی دابەزێت، بەهۆی هەڵوێستی موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدری"، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى مەداى عێراقى.
بەوتەى ئەو سەرچاوانە، لێکۆڵینەوەیەک کە بەسەر پارتە شیعییەکاندا دابەشکراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە کاریگەرییەکانی بایکۆتی سەدرییەکان رەنگە درێژبێتەوە بۆ ئەوەی گروپەکانی دیکەی دەرەوەی رەوتەکە بگرێتەوە.
موقتەدا سەدر لە مانگی ئازاری رابردوودا بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ڕاگەیاند و داوای لە لایەنگرانی کرد دەنگ نەدەن، پێش ئەوەی دواتر داوایان لێبکات "داتاکانیان نوێ بکەنەوە" بە هۆکارێک کە دواتر ڕوون دەبێتەوە.
لە پێشهاتێکی بەرچاو بۆ رەوتى "بایکۆت"، لایەنگرانی بزووتنەوەکە ئێوارەی شەممەی رابردوو لە ناوچەى سەدری بەغداد خۆپیشاندانیان ڕێکخست و هەڵبژاردنیان رەتکردەوە.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١دا، ڕەوتی سەدری زیاتر لە ٨٠٠ هەزار دەنگی لە کۆی نزیکەی نۆ ملیۆن دەنگدەر کە بەشدارییان کرد بەدەستهێنا، لە کاتێکدا هێزەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" دوو ئەوەندەی ئەو ژمارەیەیان بەدەستهێنا.
بەڵام باوەڕێکی بەرفراوان لە نێو بازنەى هێزە شیعییەکاندا هەیە کە کاریگەرییەکانی بایکۆتی سەدرییەکان دەتوانێت تا دە ملیۆن دەنگدەر بگرێتەوە.
بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، زیاتر لە 21 ملیۆن عێراقی خاوەنی کارتی بایۆمەترین و نزیکەی نیوەی ئەو ژمارەیە خاوەنى ئەو کارتە نین.
دوایین یاسای هەڵبژاردن تەنها ڕێگە بەو عێراقییانە دەدات کە کارتی بایۆمەترییان هەیە دەنگ بدەن. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی ١٠ ملیۆن عێراقی ناتوانن بەشدارى بکەن، ئەمەش بەهۆی نەبوونی ئەو کارتەوە.
لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا، بەپێی ئامارى کۆمسیۆن ڕێژەی بەشداریکردن ٤٦% بووە، لە کۆی نزیکەی ٢٠ ملیۆن دەنگدەر کە تۆمارەکانیان نوێکردبووەوە، نزیکەی ٩ ملیۆن دەنگدەر بەشدارییان کرد.
پلانی نوێی رەوتەکە ئەمجارە "تاکتیکی سەدر"ە، کە داوای لە لایەنگرانی کردووە سەرەڕای راگەیاندنی بایکۆت، تۆمارەکانیان نوێ بکەنەوە. ئەمەش بۆ پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکان بۆ "ساختەکردنی ڕێژەی بەشداریکردن" بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی لایەنگرانی خاوەنی کارتی بایۆمەترین لەکاتێکدا خۆیان لە دەنگدان بەدوور دەگرن.
رێژەی بەشداریکردن بە پشتبەستن بە ژمارەی ئەو کەسانەی کە کارتی بایۆمەترییان هەیە هەژمار دەکرێت. بەگوێرەی سەرچاوەکانی رەوتەکە، "نیوەی خاوەن کارتەکان"- زیاتر لە 21 ملیۆن دەنگدەر- لایەنگری سەدرن، واتە لە هەڵبژاردن ئامادەنەبن.
موقتەدا سەدر لە وتاری بایکۆتی مانگی ئازاری ڕابردوودا رایگەیاندبوو، "تا گەندەڵی هەبێت، من بەشداری هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردن ناکەم".
بازنەى سەدرییەکان پێیان وایە کە ڕەنگە هەڵبژاردن "لە کاتی خۆیدا ئەنجام نەدرێت" بەهۆی چاوەڕوانی گۆڕانکاری لە ناوچەکە و ئەگەرى هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل.
سیاسەتمەدارانى شیعى هۆشداریانداوە لە مەترسی بایکۆت، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "بایکۆت دەبێتە دیارییەک بۆ گەندەڵکاران".
هاوکات، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا جەختدەکاتەوە "دواخستنی هەڵبژاردنەکان بە واتای داڕمانی پرۆسەی سیاسییە". مالیکی هەروەها هۆشداری لە "گەڕانەوەی حزبی بەعس" و ئەگەری "کودەتا" دا.
هەفتەی ڕابردوو نووسینگەی عەلی سیستانی رەتیکردەوە هیچ لێدوانێکى دابێت لەبارەى بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن.