تاران هێڵە سوورەکان تێدەپەڕێنێت؟ 70 پەرلەمانتار داواى گۆڕینى فەتواى خامنەیی دەکەن

#ئێران#عەلی خامنەیی#چەکی ئەتۆم#ئەمریکا
2 کاتژمێر لەمەوپێش
هێمن مەحمود
پوختە :
  • زیاتر لە 70 ئەندام پەرلەمانی ئێران داوا دەکەن عەلی خامنەیی پێداچوونەوە بە فەتوایەکیدا بکات بۆ بەحەرام ناسینی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم
  • ئەندام پەرلەمانەکانی ئێران: بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆم بۆ بەرگریکردن لە وڵات پێویستە
  • ئێران و روسیا گرێبەستێک بۆ دروستکردنی 8 وێستگەی ئەتۆمی واژۆ دەکەن
Primary Asset

سبەى

زیاتر لە 70  ئەندامی پەرلەمانی ئێران لە نامەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و بەرپرسانی سێ لقی حکومەت، خوازیاری "پێداچوونەوە بە سیستمى بەرگری" و گۆڕانکاری لە فەتوای خامنەیی دەکەن سەبارەت بە بەدەستهێنانى چەکی ئەتۆمی، لەکاتێکدا تاران و مۆسکۆ ڕێکەوتنێکیان بۆ دروستکردنی هەشت وێستگەی ئەتۆمی واژۆکرد.

71 ئەندامى پەرلەمانی ئێران لە نامەیەکدا بۆ ڕێبەری کۆمارى ئیسلامی ئێران و سێ سەرۆکایەتی وڵاتەکەیان بە پێویستى دەزانن، خامنەیی پێداچوونەوە بە فەتوایەکی دا بکات بۆ حەرامکردنی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی کە لە ساڵی 2010 دەریکردووە.

لە ساڵانی رابردوو عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە چەندین وتاردا چەکی ئەتۆمی بە حەرام ناو بردووە و رایگەیاندبوو کە بەکارهێنانی ئەو چەکە بە ڕێگەپێدراو نازانێت.

ئەندامانی پەرلەمانی ئێران لە نامەکەیاندا نووسیویانە "گۆڕینی فەتواکان بە گوێرەی هەلومەرج لە فیقهی شیعەدا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە حوکمدا، لە کاتێکدا بەرژەوەندی پاراستنی ئێرانی ئیسلامی یەکێکە لەو ئەرکە گرنگانەی کە دەتوانێت حوکمی قەدەغەکردنی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بگۆڕێت".

ئەوەش لەکاتێکدایە ساڵی ڕابردوو 39 ئەندامی پەرلەمان لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی داوایەکی هاوشێوەیان کرد، بەڵام دوای شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران و دواتر بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، هەندێک لە سیاسەتمەدارانی ئێران راشکاوانەتر داوای بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمییان کرد بۆ مەبەستی بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان.

عەلی خامنەیی چەندین لێدوانی سەبارەت بە پەرەپێدانی چەکی کۆمەڵکوژ لەوانەش چەکی ئەتۆمی داوە، لە یەکێک لە لێدوانەکانیدا دەڵێت "هەرچەندە دەمانتوانی ئەم ڕێگایە [بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی] بگرینە بەر، بەڵام بە پێی حوکمی ئیسلامی خۆشەویست، بەکارهێنانی ئەم چەکەمان بە ڕەها حەرام ڕاگەیاندووە، بۆیە هیچ هۆکارێک نییە بۆ خەرجکردنی پارە بۆ بەرهەمهێنان و پاراستنی چەکێک کە بەکارهێنانی بەتەواوی قەدەغەیە”.

لە وتارێکی دیکەدا خامنەیی دەڵێت "ئێمە پێمان وایە چەکی ئەتۆمی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و نابێت بەرهەم بهێنرێت، هەرچی بۆمبی ئەتۆمە لە جیهاندا دەبێت لەناوببرێت و ئەمە باوەڕی ئێمەیە".

فەتواکەی عەلی خامنەیی لەو ساڵانەدا بووە بەڵگەیەک بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە کۆڕ و کۆبوونە نێدەوڵەتییەکان ئاماژەی پێبکەن.

پێشتریش لە میانەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کە بووە هۆی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2015، هەندێک لە سەرکردەکانی وڵاتان لەوانەش سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن و سەرۆک وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا، ئاماژەیان بەو لێدوانانە و فەتوای خامنەیی کردبوو. باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٣دا ئاماژەی بەم فەتوایە کرد.

لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی ئێران داوای پێداچوونەوەیان بە فەتواکە کردووە، لەوانە مەحمود عەلەوی، وەزیری ئیتلاعات لە حکوومەتەکەی حەسەن رۆحانی، کە رایگەیاندووە، پێویستە پێداچوونەوە بە فەتواکەدا بکرێت.

هەروەها بەرپرسانی حکوومەتی ئێران لەوان محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی، عەباس عەراقچی، عەلی ئەکبەر ساڵحی و کەمال خەرازی لە ساڵانی ڕابردوودا باسیان لە توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی کردووە، هەرچەندە رایانگەیاندووە کە ئێران ڕەتیکردووەتەوە ئەو کارە بکات.

لە بەرانبەردا  ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی چەندین جار ڕایانگەیاندووە ئێران دەبێت دیاری بکات کە چ توانایەکی هەیە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.

ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران لە قۆناغێکی سەختدایە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سێ ڕۆژ لەمەوبەر دەنگیدا بە سەپاندنی سزاکان بەسەر ئێراندا کە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ هەڵگیرابوون و ئەگەر ئەنجوومەنی ئاسایش ڕێوشوێنی زیاتر نەگرێتەبەر، ئەوا شەممەی داهاتوو سزاکان جێبەجێدەکرێن.

گرێبەستی ئەتۆمی ئێران و روسیا

محەممەد ئیسلامی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران کە بە سەرۆکایەتی شاندێک  لە مۆسکۆیە بۆ دیدار و ڕاوێژ لەگەڵ کاربەدەستانی ڕووسیا و بەشداری کردن لە بەرنامەکانی هەفتەی وزەی ئەتۆمی روسیا، لە کاتی گەیشتن بە فڕۆکەخانەی مۆسکۆ وتی "کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرنامەی ئەتۆمی ئاشتیانەی خۆی لە چوارچێوەی پارێزبەندی و ڕێساکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بەرەوپێش دەبات، هەروەها ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی پێویستە بۆ پابەندبوون بە یاسای نوێی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی سەبارەت بە شێوازی کارلێککردن لەگەڵ ئاژانس.

وتیشى "لە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتەکانی ئێران و روسیادا پێشبینی دروستکردنی هەشت وێستگەی کارەبای ئەتۆمی لەلایەن ڕووسیا کراوە کە چواریان لە بوشێهرن و بەپێی ڕێککەوتنەکەش ئێران ناچار بوو دروستکردنی وێستگەی کارەبای داهاتوو بە لایەنی روسیا ڕابگەیەنێت. دانوستان و لێکۆڵینەوەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بەشی دووەمی ئەم ڕێککەوتنە ئەنجامدراوە، زەوی بۆ دروستکردنی وێستگەکانی کارەبا هەڵبژێردراوە و ئامادەیە".

سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران بە ئاماژەدان بە ئاستی بەرزی هاوکاری ئێران و روسیا لە بواری وزەی ئەتۆمی ئاشتیانە، وتی "ئەمساڵ ئێران لەپێشانگای جیهانی وزەی ئەتۆمی لە مۆسکۆ ئامادەیی بەهێزی دەبێت و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی گرنگ لەگەڵ لایەنی روسی واژۆ دەکرێت. دروستکردنی وێستگەی نوێی ئەتۆمی لە پێشینەی کارە و جێبەجێکردنی چەند وێستگەیەکی کارەبا لە قۆناغی کۆتاییدایە".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی