سبەی
کاتێک باس لە ئێران و سیاسەتی دەرەوەی دەکرێت، زۆرتر ناوی سوپای پاسداران دەهێنرێت. ئەو سوپایە هاوشێوەی ئیمپراتۆریایەکی گەورە لە وڵاتەکەدا کاردەکات و لە ئاستی ناوخۆ و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییدا ڕۆڵ دەگێڕێت. ڕێک هاوشێوەی دەوڵەتێکە لە ناو دەوڵەتدا.
ئەو سوپایە لە سەرەتای هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە 1979 پێکهێنرا و بووە پارێزەر و کۆڵەکەی سەرەکی سیستمە سیاسییە تازەکەی ئێران.
لە ماوەی هەشت ساڵی شەڕی عێراق و ئێراندا، ئەو سوپایە ئەزموونێکی زۆری لە بواری شەڕی مەیدانی کۆکردەوە و لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی بە گروپ و حزبە بەرهەڵستکارەکانی عێراقەوە، توانی گەرای چەندین میلیشیای چەکداری دابنێت.
دواتر ئەو سوپایە پەلیهاویشت بۆ لوبنان و لە شەڕی سوریاشدا لە 2011ەوە بە کردەوە بووەتە یەکێک لە پارێزەرەکانی دەسەڵاتی سیاسی بەشار ئەسەد.
دوای هاتنەمەیدانی حوسییەکانی یەمەن، ئەو سوپایە دەستی پشتیوانی بۆ حوسییەکان درێژ کرد و توانیان هەڕەشەی جددی لەسەر ئاسایشی وزەی سعودیە و جیهان دروست بکەن و بۆردومانی ئارامکۆ بکەن، کە بە هۆیەوە سعودیە ناچار کرا، پاشەکشێ لە شەڕی یەمەن بکات، کە لە ئازاری 2015ەوە بەشداری تێداکردبوو لە دژی حوسییەکان.
لە ماوەی ساڵێکی سەرهەڵدانی شەڕی غەززەدا، سوپای پاسداران بووەتە سوڕگەیەکی سەرەکی شەڕەکە و ململانێیەتی لەگەڵ ئیسرائیلدا.
لە سەرەتای تشرینی یەکەمی ڕابردوودا، سوپای پاسداران نزیکەی دوو سەد موشەکی بالیستی ئاراستەی بنکە و ناوەندە سەربازییەکانی ئیسرائیل کرد. لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل ڕۆژی 26ی تشرینی یەکەمی ڕابردوو، هێرشێکی بە فڕۆکە و موشەک کردە سەر بیست پێگەی سەربازی ئێران.
سەرەتاکانی دەرکەوتنی
لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامیدا، دەسەڵاتە تازەکە پێویستی بە هێزێکی سەربازی بوو بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی بگرێت و بەرپەرچی هەر جۆرە جوڵەیەکی نەیارەکانی بداتەوە، بە تایبەتی هێزە چەکدارەکان و ئەو ئەفسەرانەی سوپای سەردەمی شا، کە مەترسیدەکرا کودەتا بکەن.
بە خێرایی یەکەی چەکداری نوێ پێکهێنران و لە چوارچێوەی سوپایەکدا یەکخران و لە ڕووی ڕێکخستنەوە لە بری ئەوەی ببەسترێنەوە بە وەزارەتی بەرگرییەوە، وابەستەی نووسینگەی ڕێبەری باڵای شۆڕشەکە کران.
بە گوێرەی سایتی ڕەسمی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئەو سوپایە لە 1979 پێکهێنراوە و ئامانجی سەرەکی پاراستنی بەهاکانی شۆڕش و بیروباوەڕی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.
سوپای پاسداران هاوشانی ئەرتەشی ڕەسمی ئێران، ڕۆڵی پێ سپێردراوە و لە پێناو کۆمارەکەدا، بەرپرسیارێتی زیاتری خراوەتە ئەستۆ.
سوپای پاسداران لە 1984دا، دوای چەند ساڵێک شەڕ لەگەڵ عێراقدا، ئەزموونێکی زۆری کۆکردەوە لە دروستکردنی گروپی چەکداری وابەستە بە ئێرانەوە.
هاوکات لە ڕووی سیاسییەوە پەیوەندی هەبوو بە گروپە چەکدارییە بەرهەڵستکارەکانی عێراقەوە بە تایبەتی لایەنە کوردیی و شیعەکان. ئەمەش هانیدا بۆ ئەوەی فەیلەقێکی تایبەت بە پەیوەندییە دەرەکییەکان و ڕێکخستنی گروپی چەکداری لە دەرەوەی وڵاتەکە پێکبهێنێت و ئەو فەیلەقە ناونرا قودس.
فەیلەقی قودس، سەرپەرشتی و ڕێبەرایەتی لایەنە کوردییەکان و شیعەکانی عێراقی دەکرد بەرامبەر بە سوپای سەدام حوسێن و پەلیهاویشت بۆ لوبنان و حزبوڵڵای لوبنانی کردە یەکێک لە هێزە کاریگەرەکان و پشتیوانییەکی زۆری لێکرد.
مەزندە دەکرێت ژمارەی سەربازانی سوپاکە زیاتر بێت لە 150 هەزار سەرباز. وەک ئەوەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە.
سوپای پاسداران پێکهاتووە لە هێزی وشکانی، دەریایی و ئاسمانی و لە پاڵ ئەوانەشدا، هەواڵگری و هێزی تایبەتی هەیە.
سوپای ڕەسمی ئێران لە 350 هەزار سەرباز پێکدێت و سوپای پاسداران پشتیوانی سەرەکی ئەو سوپایەیە.
سایتی مارێنزی سوپای ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، کە سوپای پاسداران سەرپەرشتی 200 هەزار چەکدار لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دەکات.
فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بەرپرسیارە لە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی و ڕاهێنان و ڕێکخستنی گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی سنوور.
پەیکەری ڕێکخستن
سوپای پاسداران چەندین لقی هەیە، لەوانە:
هێزی وشکانی: هێزی سەرەکی سوپاکەیە، هێزی پیادە و تۆپخانە و تانکی هەیە.
هێزی دەریایی: بەرپرسە لە پارێزگاری لە ئاوی هەرێمایەتی ئێران. بە تایبەتی لە کەنداو و گەرووی هورمزدا، هەروەها ئەرکی بەرگری و هێرشبردنی لە ئەستۆیە. ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە ستراتیژی دەریایی ئێران.
هێزی ئاسمانی: یەکەی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەیە، بەرپرسە لە پڕۆگرامی موشەکی بالیستی، بەهێزترین و کاریگەرترین باڵی سوپای پاسدارانە، موشەکی بالیستی دوورمەودا دروست دەکات.
فەیلەقی قودس: باڵی سەربازی دەرەکی سوپای پاسدارانە، بەرپرسە لە کردەوەکانی سوپای پاسداران لە دەرەوەی سنووری ئێران. لە عێراق، سوریا، یەمەن و لوبنان هێزی هەیە.
بەسیج: هێزێکی سەربازی خۆبەخشانەیە، ڕۆڵی هەیە لە پارێزگاری ئاسایشی ناوخۆ. بەرەنگاری پشێوییە ناوخۆییەکان دەبێتەوە و لە ژێر فەرمان و چاودێری ڕاستەوخۆی سوپای پاسداراندایە.
یەکەی هەواڵگری: بەرپرسە لە سەرجەم زانیارییە هەواڵگرییەکان لە ناوخۆ و دەرەوە و چاودێری نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات.
وەک نەریتێکی سیاسیی لە ئێراندا، جەنگاوەرە دێرینەکانی سوپای پاسداران، لە دوای تەمەنێک لە خزمەتی سەربازی، ڕوودەکەنە کاری سیاسیی و پۆستە باڵاکانی دەوڵەت دەگرنە دەست، بە تایبەت لە ئەنجومەنی شورا و کابینەی حکومەت و پارێزگاکاندا.
لیوا حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانە و ڕاستەوخۆ لە عەلی خامەنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە فەرمان وەردەگرێت.
ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکان کۆنگرێسی ئەمەریکا پێی وایە، هاشمی ڕەفسنجانی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران ڕۆڵێکی بەرجەستە و گرنگی هەبووە لەوەی سوپای پاسداران ببێتە هێزی ژمارە یەک لە ئێراندا.
لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێراندا، سوپای پاسداران ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت، لە 2009دا سوپای پاسداران پشتیوانی مەحمود ئەحمەدینەژادی کرد، بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک کۆمار و هەرچەندە ڕکابەرە ڕیفۆرمخوازەکەی ناڕەزایی دەربڕی و خۆپیشاندانی گەورە ڕێکخران، بەڵام بە هۆی بەکارهێنانی هێز، ناڕەزاییەکان سەرکوتکران.
لە 2013دا، بە پشتیوانی سوپای پاسداران حەسەن ڕوحانی، سەرکەوتنی لە هەڵبژاردندا بەدەستهێنا.
هەروەها ئەو کەسانەی خۆیان کاندید دەکەن بۆ ئەندامێتی شورا و پۆستی سەرۆک کۆمار دەبێت بە بێژینگی ئەنجومەنی پاراستنی دەستووردا تێپەڕن و ئەو ئەنجومەنەش لە ژێر فشاری سوپای پاسداراندا، لیستی ناوی کاندیدە پەسندکراوەکان بڵاودەکاتەوە.
لە 2019دا ئەمەریکا سوپای پاسدارانی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە و سزای زۆری بەسەر کۆمپانیا و کەسایەتییەکانی ئەو هێزەدا سەپاندووە.
فاکتەرێکی دیکەی هێزی سوپای پاسداران، ڕۆڵگێڕانی ئەو سوپایەیە لە ئابووری ئێراندا، بە جۆرێک هەزاران کۆمپانیا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەستن بەو سوپایەوە و لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران کار دەکەن.