سبه‌ی
پلانێكی حكومه‌تی به‌ریتانیا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی "بانده كورده‌كانی به‌قاچاخبردنی مرۆڤ" له ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراقه‌وه ئاشكراكرا. به‌ریتانیا ئه‌فسه‌ره‌كانی ده‌نێرێته هه‌رێم و عێراق بۆ ده‌ستگیركردنی قاچاخچییه‌كان و زیاتر له 97 ملیۆن دۆلاری بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخانكردووه.
به‌پێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامه‌ی "زه ناشناڵ"ـی به‌ریتانی، بەمزووانە ئەفسەرانی بەریتانیا لە عێراق ده‌ستبه‌کاردەبن بۆ ده‌ستگیركردنی سه‌رانی باندەکانی به‌قاچاخبردنی كۆچبه‌ران له ڕێگه‌ی کەناڵی ئینگلیزه‌وه. بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌كه، هاوكاته له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ی کە دوێنێ دووشه‌ممه 4ـی تشرینی دووه‌می 2024، کیر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگه‌یاندن بۆ ڕێگری‌کردن لە پەڕینەوەی كۆچبه‌ران بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ بەریتانیا.
سەرۆک وەزیرانی به‌ریتانیا ڕایگەیاند، فەرماندەیی نوێی ئاسایشی سنوورەکان (BSC) کە بۆ ڕێگریكردن له پەڕینەوەی بەلەمی كۆچبه‌ران دامەزرێندراوە، 75 ملیۆن پاوەند (97.4 ملیۆن دۆلار) بودجه‌ی دیكه‌ی بۆ ته‌رخانكراوه بۆ جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه.
به‌شێك له‌و بودجه‌یه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران باسیكرد، ته‌رخانده‌كرێت بۆ ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی به‌ریتانیا كه له عێراق جێگیرده‌کرێن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه و ده‌ستگیركردنی قاچاخچییه‌كان به هاوكاریی هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق.
له‌و باره‌یه‌وه وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی به‌ریتانیا بە ڕۆژنامەی "زه ناشناڵ"ـی وتووه، "ئەفسەرەکان بە شێوەیەکی نێودەوڵەتی کاردەکەن بۆ ئەوەی لە ڕەگ‌وڕیشەوه ڕوبەڕوی گرفته‌كه ببنەوە. ئەفسەرانی نوێی هەواڵگری و ئەفسەرانی نوێی پەیوەندیی نێودەوڵەتی لە دەرەوەی سنورەکانی ئەوروپا پلانه‌كه جێبه‌جێده‌کەن".
ڕۆژنامه به‌ریتانییه‌كه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه "بانده كورده‌كانی به‌قاچاخبردنی مرۆڤ، پرۆسه‌ی به‌قاچاخبردنی مرۆڤیان له كه‌ناراوه‌كانی فه‌ره‌نسا و له ڕێگه‌ی كه‌ناڵی ئینگلیزه‌وه بۆ به‌ریتانیا كۆنترۆڵكردووه" و له زاری سه‌رچاوه‌كانییه‌وه زیاتر له جارێك جه‌ختده‌كاته‌وه له‌وه‌ی، به‌ریتانیا هه‌وڵده‌دات له ناوخۆی عێراقدا قاچاخچییه‌كان ده‌ستگیربكرێن.
به‌پێی ئاماره‌كانی وەزارەتی ناوخۆی به‌ریتانیا، ته‌نها له ئەمساڵدا 31 هەزار و 94 كۆچبه‌ر بە بەلەمی بچووک لە کەناڵی ئینگلیز پەڕیونه‌ته‌وه بۆ به‌ریتانیا و به‌راورد به ساڵی ڕابردوو ڕێژه‌كه 16% زیادیكردووه، به‌و پێیه‌ی له 2023ـدا ژماره‌یان 26 هه‌زار و 699 كۆچبه‌ر بووه.