دۆناڵد ترەمپ کێیە؟

#دۆناڵد ترەمپ#سەرۆکی ئەمەریکا#کۆشکی سپی
10 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 10 مانگ نوێ کراوەتەوە
پوختە :
  • بە بردنەوەی دەنگی زۆرینەی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی هەڵبژاردنی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ بە 47ەمین سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرایەوە و چوار ساڵی دیکە دەچێتەوە کۆشکی سپی
  • چوار ساڵی دیکە دەچێتەوە کۆشکی سپی و درێژە بە بڕیارە سیاسی و ئابورییە سەرکێشییەکانی دەدات
  • دۆناڵد ترەمپ لە هەردوو جار هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی ئەمەریکا ژمارەی پێوانەیی شکاندو زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە لە مێژویی کاندیدی کۆمارییەکاندا
Primary Asset

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا

سبەی

دۆناڵد ترەمپ، 45ـەمین و 47ـەمین سەرۆکی ئەمەریکا، لە رۆڵگیڕانی لاوەکی فیلمی سینەمایی و دەڵاڵی خانووبەرە و قومارەوە، بۆ سەرمایەداری گەورە و دواتر دوجار چوونە کۆشکی سپی ئەمەریکا.

ناوی تەواوی دۆناڵد جۆن ترەمپە، لە 14ی حوزەیرانی ساڵی 1946 لە ناوچەی کوینز لە نیۆرک لە دایک بووە، کوڕی چوارەمی فرێد ترەمپە کە بەڕەچەڵەک ئەڵمانییە و دایکی سکۆتلەندییە، ساڵی 1968 بڕوانامەی ئابوری لە زانکۆی پەنسلڤانیا بەدەستهێناوە، هاوکات لەگەڵ خوێندنی زانکۆ لە کۆمپانیاکەی باوکی  بۆ بواری خانووبەرە کاری کردووە، ئێستای بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی گروپی کۆمپانیاکانی ترەمپە.

بازرگانی و قومار

برا گەورەکەی ترەمپ هەرزوو روو لە بواری فڕۆکەوانی کرد، دواتر بەهۆی زۆر خواردنەوەی کحولەوە لە تەمەنی 43 ساڵی گیانی لەدەستداوە، ترەمپ بووەتە جێگرەوەی باوکی و ساڵی 1971 بە سەرمایەی یەک ملیۆن دۆلار کە لە باوکی وەریگرتووە، گروپی ترەمپی دامەزراندوە بۆ کاری وەبەرهێنان و بازرگانی و خانووبەرە و لە نیویۆرکەوە دەستی بەکار کردووە، جگەلەوەش لە بواری یانەی شەوانە و قومار کاری کردووە، گەورەترین باڵەخانەی گروپەکەی ترەمپ لە مانهاتنە کە لە 68 نهۆم پێکهاتووە.

نوسەر و پێشکەشکار

جگە لەو بوارانە، دۆناڵد ترەمپ بۆ ماوەیەک کاری پێشکەشکاری و بەرنامەی تەلەفزیۆنی  کردووە لە ساڵانی 1996-2015، بەتایبەتی لەسەر شاشەی کەناڵی (ئێن.بی.سی) و کەناڵەکانی دیکە و بەهۆیەوە سەرمایەیەکی زۆری کۆکردوەتەوە، هەروەها فێستیڤاڵەکانی شاجوانی گەردون و شاجوانی ئەمەریکای رێکخستووە و یەکێکیشە لە 100 سەرمایەدارە ملیار دێرەکەی ئەمەریکا و سامانەکەی نزیکەی پێنج ملیار دۆلارە.

ترەمپ نوسەرێکی باشە و تائێستا 14 کتێبی بڵاوکراوەی هەیە کە لە ریزی کتێبە پڕ فڕۆشەکانە، یەکەم کتێبیشی بەناوی هونەری گرێبەست نوسیووە تائێستاش یەکێکە لە سەرچاوە کلاسیکە بەناوبانگەکانی ئەو بوارە.

سێ هاوسەرگیریی

ترەمپ بە فەرمی سێ هاوسەرگیری ئەنجامداوە، ئەوانیش (ئیڤانا زاڵنیکۆڤا 1977-1992) و (مارلا مەیڵز 1992-1993) و (مالینا کناوس 2005- تائێستا)، لەماوەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا چەندین دۆسیەی دیکەی لەسەر تۆمارکرا بە تۆمەتی پەیوەندی و دەستدرێژی سێکسی و پەیوەندی لە دەرەوەی خێزانەکەی لەگەڵ کچان و ژناندا.

دۆناڵد ترەمپ و میلانیای خانمی یەکەمی ئەمەریکا، باوکی کوڕێکن بەناوی بارۆن، لە هاوسەری پێشویشی چوار منداڵی گەورەی هەیە بەناوەکانی (دۆن جۆنیۆر، ئیڤانکا، ئیریک، تیڤانی) و 10 نەوەی هەیە.

کۆشکی سپی ئەمەریکا لە پرۆفایلی ناساندنی دۆناڵد ترەمپ وەک 45ەمین سەرۆکی ئەمەریکا نوسیویەتی، لەماوەی سەرۆکایەتییەدا چیرۆکی سەرکەوتنی ئەمەریکییەکانی نوسیوەتەوە لە بواری بازرگانی و زیادکردنی هەلی کارو، پێشئەوەی ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا و کاری سیاسی بکات، کەسایەتییەکی سەرکەوتوی بواری خزمەتی گشتی بووە.

بومەلەرزەی سیاسی

مانگی حوزەیرانی ساڵی 2015، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: دەچێتە بواری سیاسەتەوە و خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەپاڵێوێت، دواتر بوو بە کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە تەمموزی 2016 و توانی کێبڕکێیەکە لە 17 کاندید بباتەوە لە هەڵبژاردنە ناوخۆیی و بەراییەکانی کۆمارییەکاندا.

لە 8/11/2016 دۆناڵد ترەمپ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکای بردەوە، کە گەورەترین بردنەوە بوو لەماوەی 28 ساڵی رابردودا، بەجۆرێک ترەمپ دەنگی 2600 ناوچەی وڵاتەکەی بردەوە، کە گەوەرەترین ژمارە بوو دوای رۆناڵد ریگان لە ساڵی 1984ەوە بەدەستهاتبێت، دەنگی زیاتر لە 62 ملیۆن ئەمەریکی مسۆگەر کرد، ئەوەشیان زۆرترین دەنگ بوو کاندیدێکی کۆمارییەکان لە مێژوودا بەدەستی هێنابێت.

دەستکەوتەکانی ترەمپ

کۆشکی سپی نوسیویەتی: دۆناڵد جەی ترەمپ لەماوەی سەرۆکایەتییدا بە رێژەیەکی بەرچاو باجی کەمکردەوە، سەربەخۆیی زیاتری کەرتی وزەی بەدەستهێنا، رێککەوتنی بازرگانی ئازادی باکوری ئەمەریکای گۆڕی بۆ رێککەوتنی ئەمەریکا و مەکسیک و کەنەدا، زیاتر لە دوو ترلیۆن دۆلاری بۆ بەهێزکردنی سوپا تەرخان کرد، دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی لەناوبرد، پڕۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرقەرارکرد، چاکسازی گەورەی لە دۆسیەی جەنگاوەرە دێرینەکان ئەنجامدا کە گەورەترین بوو لەماوەی نیو سەدەی رابردوودا، 250 دادوەری فیدراڵی جێگیری کرد، دوو کەسیان دادوەری دادگای باڵا بوون، نرخی دەرمانی کەمکردەوە، پەرەی بە چاودێری پزیشکی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دا، سنورەکانی ئەمەریکای پاراست.

ترەمپ و کۆرۆنا

دۆسیەیەکی دیکەی ماوەی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ بڵاوبونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، ترەمپ سەرۆکایەتی گەورەترین هەڵمەتی نیشتیمانی روبەڕوبونەوەی کۆرۆنای کرد لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، هەڵمەتی گەورەی فریاگوزاریی لەسەر ئاستی ئەمەریکا و هاوکاریی وڵاتانی جیهانی کرد، لەژێر چاودێریی سەرۆکی ئەمەریکادا دەرمانی چارەسەر و ڤاکسینی کۆرۆنا پەرەی پێدرا.

خولی نوێی سەرۆکایەتی

بۆ خولی نوێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، جارێکی دیکە دۆناڵد ترەمپ هاتەوە مەیدان و دووبارە لەسەر پارتی کۆمارییەکان خۆی کاندید کردەوە و لە هەڵبژاردنە بەرایی و ناوخۆییەکانی پارتەکەی سەرکەوتنی بەدەستهێنا بوو بە کاندیدی پارتی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ ساڵی 2024 و سەرەتا رکابەری جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا و کاندیدی دیموکراتەکان بوو، دواتر کۆمارییەکان بایدنیان لە کێبڕکێیەکە دوورخستەوە و کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، بوو بە کاندیدی دیموکراتەکانی ئەمەریکا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

مانگی تەمموزی ئەمساڵ و لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە کاتی گردبونەوەیەکی جەماوەریی قەناس بەدەستێک ترەمپی کردە ئامانج و بەهۆیەوە گوێی راستی برینداربوو، لە هەوڵی کوشتنەکە رزگاری بوو.

بە بردنەوەی دەنگی زۆرینەی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی هەڵبژاردنی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ بە 47ەمین سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرایەوە و چوار ساڵی دیکە دەچێتەوە کۆشکی سپی و درێژە بە بڕیارە سیاسی و ئابورییە سەرکێشییەکانی دەدات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی