ئەحمەد کایا؛ دەنگ و زایەڵەی چەوساوەکان و گەلە ستەم دیدەکەی

#ئەحمەد کایا#گۆرانی#کورد
8 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 8 مانگ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • ئەحمەد کایا لە تورکیا زۆرترین ئەلبومی گۆرانییەکانی دەفرۆشرا و بووە دەنگ و زایەڵەی تەواوی چین و توێژەکانی ئەو وڵاتە و هەمیشە لەگەڵ ستەملێکراو و چەوساوەکان بوو، لە کاتێکدا زۆربەی زۆری خەڵک بێدەنگی هەڵدەبژارد، ئەو هەڵوێستی دەردەبڕی و دژی ناهەقییەکان دەهاتە جواب. ئەو کە باکی بە مردن نەبوو، باجی هەڵوێستەکانی خۆی دا و بەم هۆیەوە لە غوربەت و دوور لە باوەشی نیشتمان و کەسوکاری سەری نایەوە.
Primary Asset

وێنە: میدیاکان

سبەی

کایا لە 28ی تشرینی یەکەمی 1957 لە مەڵەتی لە دایک بوو. بەهۆی سەختی هەلومەرجی ژیان لە ڕۆژانی پشوو لە قۆناغی سەرەتایی دەستی کرد بە کارکردن لە تۆمارگایەک لە مەڵەتی، ئەمەش بووە هاندەری کایا بۆ ئەوەی گرنگی بە توانای هونەری خۆی بدات. لەمبارەیەوە ئەحمەد کایا لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا گوتبووی: "کە تەمەنم بوو بە شەش ساڵ ڕۆژێک بانگیان کردم و بینیم سازێک بە دیوارەکەوە هەڵواسرابوو وێنەیەکی بچووکی منیشی پێوە چەسپ کرابوو. سەرەتا کە پێیان گوتم سازەکە بژەنە، سازەکەم هەڵنەگرت".

مستەفا کایا'ی براگەورەی ئەحمەد کایا لەوبارەیەوە دەڵێت: "کاتێک یەکەمجار ئەحمەد سازەکەی بە دەستەوە گرت، وەک چۆن منداڵێک کە هیوایەتی ئەوەیە یارییەکی بۆ بکڕدرێت دڵخۆش دەبێت، ئەویش لە خۆشیان شاگەشکە بوو". بەم جۆرە ئەحمەد کایا فێری ژەنینی میوزیک بوو و سەرەتای کاری هونەری ئەو لەوێوە دەستی پێکرد، بەبێ ئەوەی چووبێتە هیچ خولێک زۆر شارەزایانە لەو تەمەنە بچووکەوە فێری ژەنینی ساز بوو. 

دوای خانەنشینبوونی باوکی، ماڵی ئەحمەد کایا چوونە ئیستانبوڵ. بەهۆی سەختی ژیانەوە نەیتوانی قۆناغی ئامادەیی تەواو بکات و وەک خزمەتگوزار، شاگرد، ئۆتۆمبێلشۆر و دەستگێڕ کاری کردووە.

کایا پەیوەندییەکی ڕۆحانی ئەوەندە قوڵی لەگەڵ سازدا هەبوو، وەک بڵێی ئاوێزانی یەکتر دەبوون. ئەو بەو شێوازە ڕازی نەبوو کە هونەرمەندە کارامەکانی ئەو سەردەمە بۆ ساز بەکاریان دەهێنا و شێوازێکی تایبەت بە خۆی داهێنا. 

ئەحمەد کایا بەشداری لەو چالاکییەدا کرد کە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران لە 1ی ئایاری 1977 لە گۆڕەپانی تەقسیم لە ئیستانبوڵ ڕێک خرابوو، لە ئاکامی ئەو شەڕەی لەنێوان دوو گروپ ڕووی دا لەوێ 34 کەس کوژران و سەدان کەس بریندار بوون. هەرچەند کایا بە سەلامەتی لەو ڕووداوە ڕزگاری بوو، بەڵام دواتر دەستگیر کرا. 

دوای ئەوەی کایا کاتی چوونی دێت بۆ خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ، نایەوێت بچێت بۆ سەربازی، بەڵام دوای تێپەڕینی ساڵێک باوکی ئەحمەد کایا بۆ ئەوەی کوڕەکەی تووشی دەردەسەری نەبێت، هەواڵی لێ دەدات و مستەفای برا گەورەی بە زۆر دەیبات بۆ سەربازی. 

دوای کودەتای 12ی ئەیلوولی 1980 ئەویش هاوشێوەی زۆرێک لە ئازادیخوازان خرایە زیندان و نۆ مانگ لە زیندان مایەوە. بەهۆی دەستکورتییەوە ماوەیەک بوو بە شۆفێری تەکسی. دواتر لەگەڵ هاوڕێیەکی بڕیاری دا هۆڵی بچووک بە کرێ بگرن و کۆنسێرتی بچووک ڕێک بخەن. بەمەش وردە وردە خەڵکانێکی زیاتر دەچوون بۆ کۆنسێرتەکانی کایا. 

لە کاتێکدا بەهۆی ئەنجامدانی کودەتاوە هاوشێوەی زۆربەی شتەکانی دیکە سانسۆر خرابووە سەر گۆرانییەکانیش، کایا دڕی بەو شەوەزەنگی نائومێدییە دا و گۆرانی "مەگری کۆرپەکەم"ی بڵاو کردەوە. ئەو گۆرانییە بە تەواوی لەو دوو شێوازە گۆرانییانە جیاواز بوو کە ئۆرهان بێیگەنج و سوزان ئاکسوو تۆماریان کردبوون. بەمەش بووە دەنگی تەواوی ئەو ستەملێکراوانەی خەون و هیواکانیان لەژێر تانکی کودەتاچییەکاندا نێژرابوون. 

کایا لە ڕێگای گۆرانییەکانییەوە ئازاری تەواوی ستەملێکراوان و ئەوانەی دەهێنایە سەر زمان کە بە ناهەق زیندانی کرابوون. هەرچەند ئەحمەد کایا کەسێکی چەپ بوو، بەڵام ڕاستەکانیش خۆیان لە گۆرانییەکانی ئەودا دەدۆزیەوە. بە جۆرێک تورکە نەتەوەپەرستەکان لە ڕیزی هەرە پێشەوەی کۆنسێرتەکانی ئەودا دادەنیشتن.

 ئەو لە ڕێگای گۆرانییەکانییەوە بە جۆرێک بوو بە دەنگ و زایەڵەی ستەملێکراوان، خەم و ئازاری ئەو دایکانەی دەهێنایە زمان کە چاوەڕێی هاتنەوەی ڕۆڵەکانیان بوون لە زیندان، لەژێر ئەشکەنجەدا جگەرگۆشەکانیان کوژرابوون یاخود ڕۆڵەکانیان بە لەسێدارەدان حکوم درابوون.

کایا لە بەرامبەر ئەو ستەمەی دەرهەق بە گەلی کورد دەکرا لە باکووری کوردستان و لە تورکیا هەمیشە دەنگی ناڕەزایەتی خۆی دەردەبڕی، لە کاتێکدا لەو سەردەمە ژمارەیەکی زۆر لە کوردان ناچار بوون بۆ خۆ بە دوورگرتنیان لە کێشە، ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بشارنەوە. 

جگە لەوەی ئازاری گەلە چەوساوەکەی لە هونەرەکەیدا ڕەنگی دەدایەوە، بەردەوامیش جەختی لەسەر هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی خۆی دەکردەوە و دەیگوت: "من هەم بۆ گیانلەدەستدانی سەربازانی تورکیا نیگەرانم هەم بۆ گیانلەدەستدانی گەریلاکان لە چیا. با کۆتایی بێت بە ڕشتنی خوێنی مرۆڤ و بە ئاشتییانە بژین".

 لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستە کوردپەروەرانەیشیدا گەورەترین باجی دا و جگە لە چەند جار زیندانیکردن، لە وڵاتی خۆی دەرپەڕێندرا و لەلایەن تورکە ڕاستڕەو و نەتەوەپەرستەکان و کوردە خۆفرۆشەکانەوە وەک ناپاکیکەر لە نیشتمان لەقەڵەم درا.

کاتێکیش لە تورکیا بە زۆرەملێ دەویسترا لەچک لە سەری کچان بکرێتەوە، ئەو بە هەموو جۆرێک پشتیوانی ئەو کچانەی کرد و گوتی: "سیستەم هەرچییەک بێت، کەس ناتوانێت لەچک لە سەری دایکم بکاتەوە".

ئەحمەد کایا چۆن لە دەست تورکە توندڕەوەکان ڕزگاری بوو؟

کاتێک خەڵاتی ئەستێرەی میوزیکی ساڵی لە 10ی شوباتی 1999 پێ بەخشرا، کایا لە دەسپێکی گوتارەکەیدا گوتی: "من ئەو خەڵاتە تەنها بە ناوی خۆمەوە وەرناگرم، بەڵکوو بە ناوی ڕێکخراوی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و دایکانی شەممە وەردەگرم". بەڵام هێشتا لە گوتارەکەی نەببووەوە کە ئاڵۆزی لە هۆڵەکە دروست بوو و دوای ئەوەی ئەحمەد کایا گوتی: "لەبەر ئەوەی بە ڕەچەڵەک کوردم لە کاسێتە نوێیەکەمدا گۆرانییەکی کوردی دەڵێم و کلیپی بۆ دەکەم" زۆربەی ئەوانەی لەوێ بوون کە زۆربەی گۆرانیبێژان و دەستبەژێرێک لە خاوەنکاران بوون هەستانە سەرپێ و دەستیان کرد بە هۆیها لێدان.

دوای ئەوانە وەک تەحەدایەک بەرامبەر کایا سەردار ئۆرتاج هاتە سەر سەکۆ و مارشی نەتەوەیی تورکی گوتەوە و زۆربەی ئامادەبووەکانی ئەوێ دروشمەکەیان دەگوتەوە. جارێکی دیکە ئاڵۆزی ڕووی دایەوە و دەست کرا بە پەلاماردانی کایا و گوترا "بڕۆ بۆ دۆزەخ"، "شتێک نییە بە ناوی کورد". 

لە کاتێکدا دۆخەکە خەریک دەبوو ئارام دەبووەوە. یەکێکی دیکە هاتە سەر سەکۆ و داوای کرد هەموویان بەیەکەوە گۆرانی "وڵاتەکەم" بڵێنەوە. لە بەرامبەردا ئەحمەد کایا گوتی: "من بەردەوام داکۆکیم لە پاراستنی یەکپارچەیی تورکیا کردووە و تا هەزار ساڵی دیکەیش داکۆکی لەوە دەکەم، بەڵام ئەو وڵاتەیش ناچارە دان بە کورددا بنێت". تەواوی ئامانج لەو کارانەیش ئەحمەد کایا بوو کە لە گۆشەیەکی دوور دانیشتبوو و هەوڵی دەدا لە دۆخەکە تێ بگات کەچی چنگاڵی تێ دەگیرا.

 خاتوو گولتەن'ی هاوسەری کایا هەروەها مەهمەت ئەسڵان توغ کە لە دژی ئەو بێڕێزییانە وەستایەوە بەرامبەر کایا کران و ساڤاش ئای لە لای ئەحمەد کایا بوون و دەیانپاراست.

 لەبارەی ئەم دۆخەوە ساڤاش ئای دەڵێت: "زۆربەی کرێکارانی هۆڵەکە کورد بوون، ئەو گەنجە کوردانە هێڵێکی بەرگرییان بۆ پاراستنی کایا دروست کرد. ئەو کۆمەڵەیەی چالاکییەکەیشیان ڕێک خستبوو ئەو کات زۆر بە هەڵوێست بوون. ئەوانیش هێڵێکی دیکەیان دروست کرد. ئەوانەی کایەیشیان خۆش دەویست هێڵێکی دیکەیان دروست کرد. بۆیە ئەوانەی دەیانویست بۆی بێن، نەیانتوانی". 

تاکە ڕێگایەک مابوویەوە ئەوە بوو ئەحمەد کایا بە سەلامەتی لە هۆڵەکە دەربهێندرێت. سەرەڕای ئەوەیش لە کاتی هێنانەدەری کایا لە هۆڵەکە بەردەوام مەترسی ئەوەی لەسەر بوو پەلامار بدرێت. لەبری ئەوەی دادگا لێکۆڵینەوە لەوانە بکات هەوڵیان دا پەلاماری کایا بدەن، دەستی کرد بە لێکۆڵینەوە لە ئەحمەد کایا بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ جوداخوازی. دواتر زۆربەی میدیاکانی تورکیا بە تایبەت ڕۆژنامەی حوڕییەت هەموو هەوڵێکیان خستە گەڕ بۆ سووکایەتیپێکردن و دژایەتیکردنی کایا. 

مستەفا کایا لەمبارەیەوە دەڵێت: "لە یەکێک لە دادگاکان پێیان گوتبوو ماوەیەک بڕۆ بۆ ئەورووپا و بۆ خۆت بگەڕێ، هاتوچۆی دەرەوەی وڵاتت لێ قەدەغە ناکەین. ئەحمەد پێی گوتم ئەمە بەو واتایە دەهات لێرە بڕۆ، دەنا لەناوت دەبەن. ئەو کاتێک ناچار بوو وڵات جێ بهێڵێت، پێی گوتم من دەڕۆم بۆ مردن".

تەنانەت کە ئەحمەد کایا ناچار کرا وڵاتیش جێ بهێڵێت، کەچی تورکە ڕاستڕەوەکان وازیان لێ نەدەهێنا و لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانەوە سووکایەتی پێ دەکرا.

مردنێک لە چاوەڕوانی گەڕانەوە بۆ باوەشی نیشتمان

ئەو هەر بە خەونی ئەوەوە سەری نایەوە بێتەوە ناو کەسوکار و هاوڕێکانی و لە 16ی تشرینی دووەمی 2000 لە تەمەنی 43 ساڵیدا بە هۆی تووشبوونی بە نۆرەی دڵ گیانی لەدەست دا و لە پاریس لە نزیک گۆڕی یڵماز گوینەی بە ئامادەبوونی زیاتر لە سێ هەزار کەس بە خاک سپێردرا. 

موستەفا کایا لەبارەی ئەگەری هێنانەوەی تەرمی براکەی بۆ تورکیا، دەڵێت: "ئەحمەد پێی گوتم 'کاکە تۆ برا گەورەی منی، ئەگەر لە تاراوگە مردم، لەو دۆخەدا تەرمەکەم مەهێننەوە تورکیا. کەی لە تورکیا بە ڕاستی دیموکراسی بەدی هات، مرۆڤەکان ئازاد بوون، لەسەر گۆرانی گوتن خەڵک دادگایی نەکرا، لەسەر نووسین خەڵک بریندار نەکرا و نەکوژرا، ئەو کات تەرمەکەم بهێننەوە تورکیا".

 ئەو ڕەخنانە چین کە ئاراستەی ئەحمەد کایا دەکرێن؟

وێڕای ستایشکردنی هەڵوێستە بوێرەکانی ئەحمەد کایا، ژمارەیەک لە هونەرمەندانی کورد ڕەخنەی ئەوەی لێ دەگرن کایا خزمەتی هونەری تورکی کردووە، نەک هونەری کوردی. بەڵام کاتێک مرۆڤ ئەوە لێک بداتەوە کایا دایکی تورک بووە و خۆیشی لە مەڵەتی لە دایک بووە، هۆکاری ئەوەی بۆ ڕوون دەبێتەوە کە هەرچەند داکۆکیکاری سەرسەختی گەلە ستەملێکراوەکەی بووە، بەڵام بۆچی خزمەتی هونەری کوردی نەکردووە. 

کایا لە زۆربەی گوتەکانیدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو بە ڕەچەڵەک کوردە، ئەوەیش دەکرێت وا بخوێندرێتەوە کە تواندنەوەی کورد لەناو تورکدا ئەویشی گرتووەتەوە، ئەگینا بەردەوام دەیگوت کوردم نەک ڕەچەڵەکم کوردە. 

مەڵەتی یەکێکە لەو پارێزگایانەی باکووری کوردستان کە هاوشێوەی گومگوم (مەڕەش)، ئەرزنگان و سێواس و ژمارەیەک پارێزگای دیکە لە زووەوە پرۆسەی سڕینەوەی کورد بە دوو شێوازی جیاوازی سیستەماتیک تیایدا ئەنجام دراوە. 

یەکەمیان لە ڕێگای کۆچپێکردنی کورد و هێنانی تورک و تورکمان بۆ جێی ئەوان، قۆناغێکی دیکەی پرۆسەکەیش تواندنەوەی ئەوانەی کوردن لەناو تورکدا و هێشتنەوەیان بەو مەرجەی نکۆڵی لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بکەن. بۆیە کاتێک لە زۆرێک لە کوردانی مەڵەتی دەپرسی: "کوردی؟"، دەڵێن: "دایک و باوکمان کوردن، بەڵام ئێمە تواوینەتەوە و بووینەتە تورک".

 بە هۆی ئەوەی کایا دایکی تورک بووە و لە مەڵەتی لەدایک بووە و دواتر ماڵیان چووەتە ئیستانبوڵ، دەرفەتی ئەوەی بۆ نەڕەخساوە فێری زمانی کوردی ببێت، لەو سەردەمەیشدا نەک هەر خول نەبووە بۆ فێربوونی زمانی کوردی، تەنانەت ئاخاوتن بە زمانی کوردییش قەدەغە بووە.

 ژمارەیەکی زۆر لە دایک و باوکانیش نەیانویستووە منداڵەکانیان فێری کوردی ببن بۆ ئەوەی دواتر کێشەیان بۆ دروست نەبێت. خاتوو گولتەنی هاوسەری ئاماژەی پێ دەدات ئەحمەد کایا هەمیشە نەزانینی زمانی کوردی وەک کەموکوڕییەک بینیووە لە خۆیدا. ئاماژە بەوە دەدرێت دوای ئەوەی ئەحمەد کایا لە فەڕەنسا دەگیرسێتەوە، لە بەرنامەی دابووە ژمارەیەک گۆرانی بە کوردی بچڕێت، بەڵام تەمەن ڕێگەی پێ نادات.

ڕەخنەیەکی دیکە کە ئاراستەی کایا دەکرێت ئەوەیە کە بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە داکۆکی لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی تورکیا دەکات، بەڵام هەمیشە ئاماژەی بەوە داوە کە دەبێت لەنێو ئەو دەوڵەتەدا کورد نەچەوسێندرێتەوە و هەوڵ نەدرێت بۆ پاکتاوکردن و تواندنەوەی. 

جگە لە گۆرانیی کاروان، کایا لە دوایەمین کۆنسێرتێ خۆیدا کە لە 20ی ئەیلوولی 2000 دوو مانگ و دوو ڕۆژ بەر لە مردنی لە فینلەندا بۆی ساز کرابوو گۆرانی: "کوردنۆ مەردنۆ پڕ خوەشە سەرخوەبوون"ی گوتەوە.

کایا لە فێستیڤاڵێکدا لە ئەورووپا وتبووی: "ئێمە ناسنامەی کوردایەتی خۆمان دەپارێزین کە هەزاران ساڵە بە شانازی و شکۆدارییەوە پاراستوومانە و وێڕای ئەو هەموو ستەمەی لێمان کراوە  و بە هۆیەوە ئازار دراوین، دەستبەداری نەبووین".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی