سبەی
دوای توشبوونی دوو هەزار و 690 کەس بە نەخۆشی سکچوون ڕشانەوە لە قەزای شارەزوور، کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە ڕاگەیاند
سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا لەبەردەم نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ لە هەڵەبجەی تازە رایگەیاند، بە هەوڵی پزیشک و تیمە تەندروستییەکان توانراوە نەخۆشیی سکچوون و ڕشانەوە لە قەزای شارەزوور کۆنتڕۆڵبکرێت و ئەمڕۆ کەمترین کەس بەو هۆیەوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردوە.
بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی وتیشی، “خۆشبەختانە هیچ نەخۆشێک بەهۆی سکچوون و ڕشانەوە گیانی لەدەستنەداوە، هەروەها هیچ نەخۆشێک تووشی ماکی درێژخایەنی سکچوون نەبوە.”
سەبارەت بە هۆکاری نەخۆشییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بەرانبارین و لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووە لە پێنج شوێن بۆری ئاوەڕۆ شکاوە و تێکەڵ بە ئاوی ماڵان بوە، ئەمەش ئاوی خواردنەوە پیس کردوە و بووتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی تووشی سکچوون و ڕشانەوە ببن.
هاوکات سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەکەدا وتی، لەسەرەتاوە تا ئێستا 2690 حاڵەتی سکچوون و ڕشانەوە رویان لە نەخۆشخانە کردوە و بەشێکی زۆریان پێوستیان بە موغەزی و دانانی کانولە هەبوە.
سامان بەرزنجی وتیشی، حاڵەتەکان سوک و مامناوەند بوون تەنها یەک حاڵە پێویستی بە ڕەوانەکردوە هەبووە بۆ سلێمانی.
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم داواشی لە هاوڵاتیان سنورەکە کرد تانکییەکەیان پاکبکەنەوە هەروەها داوای لە نەخۆشەکان کرد، ئەگەر سكچوونیان بەردەوام بوو سەردانی نۆرینگە و نەخۆشخانەکان بکەن بە مەبەستی چارەسەرکردن.