تاڵیبان بەشداری کۆنفرانسی جیهانیی ئاووهەوا لە باکۆ دەکات

#ئەفغانستان#تاڵیبان#ئازەربایجان#
6 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 مانگ نوێ کراوەتەوە
زانیار بەهادین
پوختە :
  • وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەرپرسانی دەزگای نیشتمانیی پاراستنی ژینگە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی COP29 گەیشتونەتە ئازەربایجان.
  • سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە، بەرپرسانی دەزگای نیشتمانیی پاراستنی ژینگەی ئەفغانستان وەک چاودێر بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە پەراوێزدا گفتوگۆی دوو قۆڵی ئەنجام بدەن.
  • سەرچاوەکەی ڕۆیتەرز ڕونیشکردوەتەوە، تاڵیبان لەناو سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە فەرمی وەک حکومەتی شەرعی ئەفغانستان دانپێدانەنراوە، بۆیە ئەو بەرپرسانە ناتوانن بڕوانامە وەربگرن بۆ بەشداریکردن لە ڕێوشوێنی تەواوەتی وڵاتانی ئەندام.
Primary Asset

سبەی

تاڵیبان بە شاندێک بەشداری کۆنفرانسی جیهانیی ئاووهەوا لە باکۆ دەکات، تاڵیبان لە دوای وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی ئەفغانستانەوە ئەمە یەکەم بەشدارییەتی لە کۆنفرانسێکی فرەلایەن. 

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزانیش یەکێک دەبێت لە بەشداری کۆنفرانسەکە و سەرۆکایەتی ئازەربایجان بانگهێشتی کردووە. 

عەبدولقەهار بەلخی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەرپرسانی دەزگای نیشتمانیی پاراستنی ژینگە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی COP29 گەیشتونەتە ئازەربایجان.

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە، بەرپرسانی دەزگای نیشتمانیی پاراستنی ژینگەی ئەفغانستان وەک چاودێر بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە پەراوێزدا گفتوگۆی دوو قۆڵی ئەنجام بدەن. 

سەرچاوەکەی ڕۆیتەرز ڕونیشکردوەتەوە، تاڵیبان لەناو سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە فەرمی وەک حکومەتی شەرعی ئەفغانستان دانپێدانەنراوە، بۆیە ئەو بەرپرسانە ناتوانن بڕوانامە وەربگرن بۆ بەشداریکردن لە ڕێوشوێنی تەواوەتی وڵاتانی ئەندام.

لوتکەی COP29 یەکەم چالاکی فرەلایەن دەبێت کە نەوەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی بکەن و بەرپرسانی تاڵیبان لە دوای گەڕانەوەیان بۆ دەسەڵاتی ئەفغانستان لە ساڵی 2021 بەشداری تێدا بکەن. 

نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە ڕێکارەکانی تاڵیبان بەرامبەر بە خوێندنی ژنان ڕێگەنادات نوێنەری ئەفغانستان کورسی لە کۆبونەوەی گشتی ڕێکخراوەکە وەربگرێت و وڵاتانی ئەندامی بە فەرمی دان بە حکومەتی نوێی ئەفغانستاندا بنێن. 

ساڵی 2001 دەسەڵاتی تاڵیبان لەسەر دەستیی ئەمەریکا ڕوخێنرا، بەڵام ساڵی 2021 ئەمەریکا تاک لایەنانە بڕیاری کشانەوەی لەو وڵاتەدا و دوای 21 ساڵ دەسەڵات کەوتەوە دەستی تاڵیبان.

دوو ساڵی ڕابردوو، بەرپرسانی تاڵیبان بەشداری چەند کۆبونەوەیەکی نەتەوە یەکگرتوەکانیان کردووە لە قەتەر کە سەبارەت بە دۆخی ئەفغانستان ئەنجامدراون. 

گۆڕانی ئاو و هەوا لە ئەفغانستان

ئەفغانستان بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی ئاو و هەوای لەسەرە، بەشێوەیەک خراپترین جۆری وشکەساڵی بەرۆکی وڵاتەکەی گرتوە کە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا هاوشێوەی نەبووە. 

سەرهەڵدانی وشکەساڵی بە هۆکارێکی گرنگ بۆ برسیبوونی هاوڵاتیانی ئەفغانستان دەنرێت، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی زۆرینەی دانیشتوانی وڵاتەکە پشت بە کشتوکاڵکردن دەبەستن. 

دۆخی ئەفغانستان و گۆشەگیری تاڵیبان لە ئاستی جیهان ناڕەزایەتی گەورەی لێکەوتوەتەوە و پێیان وایە، تاڵیبان بەو سیاسەتە تەنها ئازاری گەلی ئەفغانستان دەدات. 

نێچیرڤان بارزانی بەشداری کۆنفرانسی جیهانیی ئاووهەوا COP29 دەکات

کۆنفرانسی جیهانیی ئاووهەوا COP29 لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت بە گرنگترین کۆبونەوەی جیهانە سەبارەت بە گۆڕانی ئاوھەوا دادەنرێت.

بڕیارە، ڕۆژانی 11 بۆ 22ـی تشرینی دووەمی 2024، کۆنفرانسی ئەمساڵی COP29 لە ئازاربایجان بەڕێوەبچێت کە ئامانجی سەرەکی کۆنفرانسەکەی ئەمساڵ، ڕێککەوتنە لەسەر چۆنییەتی کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی زیاتر بۆ ئەو وڵاتە هەژارانەی بەدەست گۆڕانی ئاووهەوا دەناڵێنن.

بڕیارە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکێک بێت لەو کەسانەی لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشداری کۆنفرانسەکە بکات. 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتی فەرمی سەرۆکایەتی ئازەربایجان کە لە ڕێگەی باڵیۆزی وڵاتەکەوە لە عێراق ئاڕاستەی کردووە بەشداری کۆنفرانسەکە دەکات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی