سبەی
ئەو کەسەی لە کاتی پرسەی سڕی سورەییا ئۆندەر، پەلاماری ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپەی دا، ساڵی 2004 دوو منداڵی خۆی کوشتووە و بەم هۆیەوە 16 ساڵ زیندانیکراوە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، سەلجوق تەنگیئۆغڵو'ی تەمەن 66 ساڵ کە ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی ئایاری 2025 پەلاماری سەرۆکی جەهەپەی داوە، 21 ساڵ لەمەوبەر موتڵو'ی کچی کە تەمەنی 16 ساڵ بووە و بارش'ی کوڕی کە تەمەنی 19 ساڵ بووە بە چەک کوشتووە و دوو منداڵی دیکەیشی بریندار کردووە.
ئەو سەردەمەیش میدیاکان بانگەشەی ئەوەیان کرد کە 11 ڕۆژ پێش ئەو ڕووداوە هاوسەری سەلجوق ماڵی جێهێشتووە.
بەر لە کوشتنی دوو منداڵەکەی خۆی، سەلجوق تەنگیئۆغڵو چەندین جار بە تۆمەتی ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر ئەندامانی خانەوادەکەی، بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر و وەستانەوە لە دژی پۆلیس دەستگیرکراوە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەیش داوە بەهۆی کوشتنی دوو منداڵ و بریندارکردنی دوو منداڵی دیکەی، ئەوکاتە سەلجوق تەنگیئۆغڵو بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی حوکم دراوە و لە 2020 بە مەرجی دادوەری ئازادکراوە.
کەناڵی خەبەرتورک لە زاری سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە بڵاویکردووەتەوە لە کاتی پەلاماردانەکەدا، پەلاماردەر گوتویەتی "ئێمە ڕۆڵەی عوسمانییەکانین".
بەپێی یەکەم گوتەلێوەرگیران سەلجوق کە بە دەست کەناڵی سی ئێن ئێن تورک گەیشتووە، دوای ئازادکردنی بە مەرج وەک قاپشۆر کاریکردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە چووەتە بارەگای جەهەپە و داوای کردووە پسولەی دابینکردنی خۆراکی پێبدەن، کەچی پێیان نەداوە و بەوەیش هێندەی دیکە توڕە بووە کە ئۆزگور ئۆزەل داوای کردووە وەک پاڵپشتنی بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ بڕژێنە سەر شەقام.
کاتێکیش زانیوویەتی ئۆزگور ئۆزەل بەشداری لە پرسەکەدا دەکات و بینوویەتی، توڕەبوونەکەی تەقیووەتەوە و نەیتوانیووە خۆی کۆنتڕۆڵ بکات.
سەلجوق بانگەشەی ئەوەی کردووە کە چونکە ئەندامی جەهەپە نەبووە بۆیە پسولەی دابینکردنی خۆراکی پێنەدراوە و دەڵێت: "بۆیە لەمێژە داخیان لە دڵمدایە. بە بانگهێشتکردنی گەنجانیش بۆ سەر شەقام، زیاتر ڕقم لێیان هەستا. هەرچەند بە نیاز نەبووم هێرش بکەمەسەر سەرۆکی جەهەپە، بەڵام خۆم پێنەگیرا".
ئەمڕۆ کاتێک بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرسەی سڕی سورەییا ئۆندەر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەسەر لیستی دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی، ئۆزگور ئۆزەل سەردانی هۆڵی کولتوری ئەتاتورک'ی کرد لە ئیستانبوڵ لە لایەن سەلجوق تەنگیئۆغڵو'ەوە پەلامار درا.