پشکنینی ئاژەڵ لەلایەن تیمە تەندروستییەکانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون
سبەی
لە عێراق ژمارەی تووشبوون و مردن بە تای خوێنبەربوون بەرزدەبێتەوە، لە هەرێمی كوردستانیش جگە لە تۆماركردنی تووشبوویەك كەسێكی دیكەش گومانی تووشبوونی لێدەكرێت.
لە عێراق تائێستا زیاتر لە 40 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆماركراوە، بە فەرمی مردنی پێنج تووشبوو ڕاگەیەندراوە، بەڵام بەشێك لەسەرچاوە ناوخۆییەكانی عێراق باس لە مردنی حەوت كەس بەو پەتایە دەكەن.
د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە میدیای پارتی ڕاگەیاند:" دوای تۆماركردنی یەكەم تووشبوو لە كۆیە، گومان دەكەین كەسێكی دیكەش لە هەرێمی كوردستان هەڵگری پەتاكە بێت، بۆ ئەوەش چاوەڕێی ئەنجامی پشكنین دەكەین".
وتیشی:"10 رۆژ لەمەوبەر و پێش ئەوەی تووشبووەكەی كۆیە تۆمار بكرێت، حاڵەتێكی گومانلێكراو هەبوو، بەڵام دوای ئەوەی چەند پشكنینێكی بۆكرا دەركەوت تووشبووی تای خوێنبەربوون نییە".
لە عێراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا زیاتر لە 40 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆماركراوە، لەو ژمارەیەش پێنج مردن بە فەرمی ڕاگەیەندراوە، هەرچەندە ئەمڕۆ چەند میدیایەكی عێراقی باسیان لەوەكرد ژمارەی مردووان بۆ حەوت كەس بەرزبووەتەوە.
زۆربەی ئەو كەسانەی لە عێراق بەهۆی تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە و تۆماركراون لە كەركوكن كە چوار كەسە و دوانیان كارمەندی تەندروستی بوون. لەسەر ئاستی تووشبوونیش پارێزگای زیقار زۆرترینی تێدایە و 15 تووشبووی تێدا تۆماركراوە.
دوو رۆژ لەمەوبەر، وەزارەتی تەندروستی رێنماییەكانی خۆپارێزیی لە تای خوێنبەربوون بڵاوكردەوە و رایگەیاند "بۆ دووربوون لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، رێنمایی زانستیی جێبەجێبكەن".
بەپێی رێنماییەكان، پێویستە سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت كە رێگەپێدراون و پزیشكی ڤێتێرنەری سەرپەرشتیی دەكات. لە كاتی سەربڕینی ئاژەڵ و كەوڵكردن یان پارچەپارچەكردنی گۆشتەكەیان، جلوبەرگی خۆپارێزی وەك: دەستكێش، جزمە، بەرگی تایبەت، ماسكی دەموچاو بەكاربهێنرێن.
نابێت خێزان یان خەڵك لە چواردەوری قەساب كۆببنەوە و هاوكاریی بكەن و نابێت بەبێ دەستكێش دەست لە لاشەی ئاژەڵ بدرێت، وەك وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە و دەشڵێت، "دوای پۆشینی دەستكێش و كەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتەكە پارچەپارچە بكەن و پاشان دەست بە باشی بشۆردرێت".
لە درێژەی رێنماییەكاندا هاتووە، "لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەكان و دانانی كیسی داخراو و فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت، بەكارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەكردنی تایبەت بە گۆشت و پاكژكردنەوەی تەختە و چەقۆكان دوای بەكارهێنان، هەروەها پاككردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەكەی لێ سەردەبڕدرێت، بە تایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بە ماددەی كلۆرین پاك بكرێنەوە".
وەزارەتی تەندروستی رێنمایی هاوڵاتییان دەكات بەوەی كە باشتر وایە گۆشت دوای سەربڕینی ئاژەڵ بۆ ماوەی نیو كاتژمێر لە پلەی (4 - 6 پلەی سەدی هەڵبگیرێت، پاشان بەكاربهێنرێت و رایگەیاندووە، "بەڵام گۆشتی كوڵاو هیچ كێشەی نییە و نابێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون. ئەگەریش ئاژەڵ گەنە یان مێرووی تری هەبوو، باشتر وایە سەر نەبڕدرێت".
هەر دوو رۆژ لەمەوبەر، وەزارەتی تەندروستی تۆماركردنی یەكەم حاڵەتی توشبوونی بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان راگەیاند و ئاشكرایكرد، توشبووەكە پیاوێكی تەمەن 42 ساڵانە و دانیشتووی كۆیەیە.
تای خوێنبەربوون توشی ئاژەڵ دەبێت و دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ. نەخۆشییەكە مرۆڤی توشبوو دووچاری خوێنبەربوون دەكات و تا رادەی مردن مەترسیی لەسەر ژیانی كەسی تووشبوو دروستدەكات.