گەریلایەکی پەکەکە
سبەی
باڵی سەربازی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" ڕایگەیاند لە مانگی نیساندا توركیا نۆ هەزار و 790 هێرشی لە ئاسمان و زەمینەوە ئەنجامداوە، بەوهۆیەشەوە چوار گەریلایان "شەهید" بوون.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە "باڵی سەربازی پەكەكە" سەبارەت بە ئاماری چالاكییەكانی گەریلا و هێرشەكانی سوپای توركیا لە مانگی نیساندا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە:"گەریلاكانی ئازادیی كوردستان، لەسەر بانگەوازییەكەی ڕێبەر ئاپۆ، لە یەكـی ئاداری 2025ـەوە ئاگربەستیان ڕاگەیاند و بە هەستیارییەكی زۆرەوە بە مەبەستی وەڵامدانەوەی بانگەوازە مێژووییەكە، بە شێوەیەكی كرداری لە پرۆسەكە نزیكبوونەوە".
هەپەگە هەروەها نوسیویەتی "لە ماوەی دوو مانگی پاش ڕاگەیاندنی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەلەكەمان، هەموو هێزەكانمان لە چوارچێوەی ئاگربەستەكەدا نزیكی دۆخەكە بوونەتەوە، گەریلاكانی ئازادیی كوردستان بە سەبر و فیداكارییەكی زۆرەوە ئەوەی پێویست بوو بۆ ئەم پڕۆسە بە ئەنجام گەیاندووە".
"سوپای داگیركەری تورك سەرەڕای كۆكردنەوەی تەواوی هێزەكانی، نەیتوانی بەرخۆدانی مێژوویی گەریلا بشكێنێت و لە هەرێمی ڕۆژئاوای زاپ و ناوەندی زاپ لەلایەن گەریلاكانەوە شكستی هێنا، دوای ئەم شكستە، سوپای داگیركەری تورك هێرشەكانی بۆ سەر سەنگەر و تونێلەكانی گۆڕەپانەكانی بەرخۆدان زیاتر كرد، هەروەها گەریلاكانی ئازادیی كوردستان لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا وەڵامیان دایەوە و نەیانهێشت داگیركەران پێشڕەوی بكەن، داگیركەران كە نەیانتوانی بەسەر ئەم بەرخۆدانە شكۆمەندەدا سەر بكەون، جارێكی دیكە چەكی كیمیایی و تەقەمەنی قەدەغەكراو و بۆمبی فسفۆر كە دوور لە یاساكانی شەڕە، لە دژی هێزەكانمان بەكارهێنا". هەپەگە وای نوسیوە.
هەپەگە ئەوەشی خستووەتەڕوو:"هەڤاڵانمان بەسێ و میترا كە لە ئەنجامی كیمیابارانی سوپای داگیركەری توركیادا چوونە كاروانی نەمرانەوە و هەڤاڵانمان خەبات، گۆران و عەگید كە سەرەڕای بریندار بوونیان هەتا كۆتایی شەڕیان كرد و وەڵامێكی قورسیان بە داگیركەران دایەوە، وەك نوێنەرانی ئیرادەی ئاپۆیی، ئاڵای سەركەوتنی پەكەكە و پاژك-یان بەرز ڕاگرت و بوونە جێگای شانازی بۆ گەلەكەمان".
باڵی سەربازی پەكەكە دەڵێت "لە مانگی نیساندا سوپای داگیركەری توركیا جارێكی دیكە حەوت جار بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی، بۆمبی فسفۆر و تەقەمەنی قەدەغەكراو دژی هێزەكانمان تاوانی شەڕی ئەنجامدا، هەوڵیدا تونێلەكانی بەرخۆدانمان بە ئامێری هەڵكەندن و شوڤڵی میكانیكی لەناو ببات و 76 جار بە فڕۆكەی جەنگی، 12جار بە هەلیكۆپتەری شەڕ، دوو جار بە درۆنی بۆمب ڕێژكراو و 9693 جار بە چەكی قورس، تۆپهاوێژ و هویتزەر هێرشی ئەنجامدا".
"هێزه كانمان له سەر بنەمای خۆ پاراستن، 17 جار له دژی داگیركەران كه له حاڵەتی هێرشكردندا بوون دەستوەردانیان كردووە، لە ئەنجامی ئەم دەستوەردانانەدا، داگیركەرێك سزا درا و پێنج داگیركەر بریندار بوون، هەروەها تانكێك و دوو زرێپۆش و دوو سیستەمی كامێرای چاودێری و تۆپ هاوێژێك و دوو درۆن و یەك ئامێری دژی پارازیت لەلایەن هێزەكانمانەوە تێكشكێنران، چوار هەڤاڵمان كە بە فیداكارییەكی زۆرەوە خاكی پیرۆزی كوردستانیان لەدژی داگیركەران دەپاراست و شانازی گەلەكەمان بوون و ئاڵای تێكۆشانیان بەرز ڕاگرتبوو، لە مانگی نیساندا شەهید بوون، جارێكی تر بە ڕێزداری و منەتدارییەوە یادی شەهیدانی نەمری دوێنێ، ئەمڕۆ و داهاتوومان بەرز رادەگرین". باڵی سەربازی پەكەكە وای بڵاوكردووەتەوە.
هێرش و پەلامارەكانی توركیا بۆ سەر گەریلاكانی پەكەكە هاوكاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی پرۆسەیەك لە توركیا، كە كۆتایی ساڵی ڕابردوو دەستیپێكرد، تائێستا شاندی دەم پارتی ئیمراڵی سێ جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكەیان كردووە، لە مانگی شوباتی ئەمساڵ ئۆجەلان داوای هەڵوەشاندنەوە و چەك دانانی پەكەكەی كرد، بەڵام پەكەكە رەخساندنی هەلی یاسایی بۆ ئازادبوونی ئۆجەلان و ئامادەبوونی لە كۆنگرەكە كردووەتە مەرج.