سبەى
کاندیدێکى دەرچووى کۆمەڵى دادگەرى کوردستان لە دادگاى فیدراڵى عێراق سکاڵاى تۆمارکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و دوبارەکردنەوەى هەڵبژاردن.
عومەر گوڵپى کاندیدى دەرچوونى کۆمەڵى دادگەرى بۆ پەرلەمانى کوردستان لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لە دادگای باڵای فیدراڵی، سكاڵایان لەسەر پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە.
رونیشیکردەوە "لە سکاڵاکەدا دوامان کردووە دادگا بڕیار بدات لەسەر هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان. راسپاردنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. وەرگرتنەوەی مووچەی مانگەکانی ڕابردوو لە پەرلەمانتاران".
کۆمەڵى دادگەرى لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کە لە 20ـى تشرینى یەکەمى 2024 بەرێوەچوو، سێ کورسی بەدەستهێنا، لەکاتێکدا لە خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستاندا، خاوەنى حەوت کورسی بوو.
راگەیاندنى ئەنجامەکان ناڕەزایی کۆمەڵى دادگەرى لێکەوتەوە و بەو هۆیەشەوە بڕیاریدا بەشدارى خولى شەشەمى پەرلەمان نەکات، بەڵام هێرۆ عەتار یەکێک لە پەرلەمانتارەکانى لە بازنەى سلێمانى بە پێچەوانەى بڕیارى حزبەکەیەوە وەکو پەرلەمانتار سوێندى یاسایی خوارد، بەو هۆیەشەوە لەحزبەکە دوورخرایەوە.
کۆمەڵى دادگەرى کوردستان لە ئێستادا ئامادەکاریی بۆ کۆنگرە دەکات و چاوەڕواندەکرێت پرسی بەردەوامى بایکۆتى پەرلەمان یان شکاندنى یەکلایی بکاتەوە.