سبەی
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان رایگەیاند: بۆ ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان و خێرا راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و رێگریی لە ساختەکاریی پشت بە زیرەکیی دەستکرد دەبەستن.
تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئاشکرای کرد: پشت بەستن بە تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا بۆ خێرا راگەیاندنی ئەنجامەکان و رێگریی کردن لە ساختەکاریی و دەستەبەرکردنی ئەوپەڕی شەفافیەتە، لەگەڵ بڕیاری کۆمسیۆنی باڵا بە پشت بەستن بە ئامێری نوێی ئەلیکترۆنی بۆ خێراکردنی جیاکردنەوە و راگەیاندنی ئەنجامەکان، ئەو ئامێرانە چەندین تایبەتمەندی زیرەکیی دەستکردنی لە خۆگرتووە.
بەپێی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆن؛ پڕۆسەی ناسینەوەی کارتی دەنگدان و دڵنیابوونەوە لە مۆری کۆمسیۆن لەسەر کارتەکە و جیاکردنەوەی کارتی پوچەڵ و مۆرنەکراو و دورخراوە، لە رێگەی ئامێرێکی پێشکەوتووەوە، خێرا دەرهێنانی ئەنجامەکان و راگەیاندنی لەسەر شاشەیەک، هەموو ئەوانە بەشێک بوون لە تەکنەلۆژیای زیرکیی دەستکرد.
کۆمسیۆن جەختی کردوەتەوە کە پێداگر و سورە لەسەر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و بەکارهێنانی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا و دانانی ئاماژە و نیشانەی تایبەتی لەسەر کارتی دەنگدان بە جۆرێک جگە لە ئامێرەکان و تەکنەلۆژیا کەس توانای ناسینەوە و جیاکردنەوەی نەبێت، ئەویش لەپێناو رێگریی لە ساختەکاریی و بەڕێوەچوونی کارەکان بە شەفافییەت کە ببێتە مایەی متمانەی لایەنە سیاسییەکان و دەنگدەردان و میدیاکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی (9ـی نیسانی 2025) لە کۆبونەوەیەکدا رۆژی (11ـی تشرینی دووەمی 2025) وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریکرا، بڕیارەکەش پێشوازیی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتەوە و پاڵپشتی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەربڕی بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان بەبێ هیچ هەموارکردنەوە و دەستکاریی و گۆڕینی بڕگەکانی.
درێژکردنەوەی تۆمارکردنی قەوارە هاوپەیمانێتیەکان
دوێنێ یەکشەممە (4ـی ئایاری 2025) کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، وادەی تۆمارکردنی قەوارە و کاندیدە تاکەکەسی و هاوپەیمانێتییەکانی تا رۆژی 14ـی ئەم مانگە درێژکردەوە.
بەپێی زانیارییەکان، تائێستا 64 هاوپەیمانێتی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمارکراوە، کە سەرجەمیان هاوپەیمانێتیەکانی پێشوون و کۆمسیۆن چاوەڕێیە داواکاریی بۆ دووبارە بەشداری کردن بە هەمان ناو و قەوارەوە پێشکەش بکەن.
بەوتەى کۆمسیۆن، گۆڕانکاریی لە بەشێک لە هاوپەیمانێتییەکان رویداوە، لە روی بەشداریی کردنی حیزب و لایەنی نوێ، یان کشانەوەی حیزبەکان لەو هاوپەیمانێتییە، بۆ ئەوەش پێویستە داواکاریی پێشکەشی فەرمانگەی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ تۆمارکردنی ئەو گۆڕانکارییانە.
بەپێی دوایین ئاماری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، 314 پارت و قەوارەی سیاسی رێگەی بەشداریی کردنی هەڵبژاردنیان پێدراوە و 70 پارت و حیزبی نوێیش داوای تۆمارکردنیان کردووە.