هەرێم چاوەڕێی مووچەی مانگی نیسانە؛ وەزیری دارایی عێراق لە ئوردنە و هێشتا واژۆی ناردنی نەكردووە

#عێراق#هەرێم#مووچە#قەرز
6 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵی عێراقی، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، بە یاوەری شاندێك كە پارێزگاری بانكی ناوەندیشی تێدایە، لە عەمانی پایتەختی ئوردن لەگەڵ نوێنەری سندوقی نەختینەیی نێودەوڵەتی دواین گۆڕانكارییە ئابوریی و داراییەكانی عێراقیان تاوتوێكردووە.
Primary Asset

تەیف سامی

سبەی

لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان چاوەڕێی ئەوەیە مووچەی مانگی نیسانی بۆ رەوانە بكرێت، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە ئوردنە و لەگەڵ شاندێكی بانكی ناوەندی عێراق لەگەڵ نوێنەرایەتی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی كۆبووەتەوە.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵی عێراقی، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، بە یاوەری شاندێك كە پارێزگاری بانكی ناوەندیشی تێدایە، لە عەمانی پایتەختی ئوردن لەگەڵ نوێنەری سندوقی نەختینەیی نێودەوڵەتی دواین گۆڕانكارییە ئابوریی و داراییەكانی عێراقیان تاوتوێكردووە.

تەیف سامی رایگەیاندووە "ئابوری عێراق لەرووی بەرهەمی نانەوتییەوە، ساڵی رابردوو بە رێژەی 5% گەشەی كردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی بەنیازە لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی راوێژكاری بۆ پشتیوانی قەرزی گشتیی گرێبەست واژۆ بكات".

بەوتەی تەیف سامی، "سندوقی نەختینەیی نێودەوڵەتی ئامادەیی خۆی بۆ پێشكەشكردنی پشتیوانی تەكنیكی و راوێژكاری بۆ عێراق دەربڕیوە، لەوانەش لە بواری ئیدارەی قەرزی گشتیی و چاكسازی باج، هەروەها دانانی سیستمێكی باج كە گونجاو بێت بۆ دۆخی كۆمەڵایەتیی عێراق".

سەبارەت بە كورتهێنانی دارایی، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندووە " كورتهێنان لە ساڵی 2024 پێنج ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، كە دەكاتە 1.5 % ی كۆی بەرهەمی ناوخۆیی بە بێ گەڕاندنەوەی قەرز و شایستە دواكەوتووەكانی پرۆژەكانی وەبەرهێنان و وزە، كە ئەمەش بەپێی هەڵسەنگاندنی سندوقی نەختینەیی نێودەوڵەتی كاریگەری نەرێنی لەسەر رێژەی قەرزی گشتیی نابێت".

هەرێم چاوەڕێی واژۆی تەیف سامییە

وتەكانی وەزیری دارایی عێراق لەكاتێكدایە، دوو رۆژە وردبینی لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداد تەواو  بووە، بەڵام هێشتا بەهۆی ئەوەی تەیف سامی واژۆی نەكردووە، هیچ پارەیەك لە بەغدادەوە بۆ هەرێم نەنێردراوە.

دوو هەفتە لەمەوبەر، وەزارەتی دارایی عێراق رێوشوێنەكانی دابەشكردنی مووچەی دەستپێكرد و هەرێمی كوردستانیش لیستی مووچەی رەوانەی بەغداد كرد، دوای چەند رۆژێكیش شاندێكی تەكنیكی ناردە بەغداد تا وەڵامی تێبینیەكان لەبارەی لیستی مووچە بداتەوە.

رۆژی 27 ی ئاداری ئەمساڵ وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی لە بەغدادەوە بڕی زیاتر لە 957 ملیار دیناری بەدەستگەیشت دەستیكرد بە دابەشكردنی موچە.

راگەیاندنی رێككەوتنی هەولێر و بەغداد

رۆژی سێـی شوباتی 2025 وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: دوای 15 رۆژ كاری بەردەوام لەنێوان شاندە تەكنیكیەكانی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەركردنی كێشە تەكنیكیەكان و جێبەجێكردنی داواكاریەكان و ئامادەكردنی خشتەكان لەبارەی لیستی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە سەربازی و ئەمنیەكان و سوودمەندانی چاودێری كۆمەڵایەتی، دواجار توانرا هەردوولا لەسەر شایستەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی.

دواتریش ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەغداد بۆ چارەسەری كێشەی موچەی فەرمانبەران راگەیاند و جەختیكردەوە "بەپێی رێككەوتنیان لەگەڵ بەغداد بۆ ساڵی 2025 كێشەی موچەخۆران چارەسەركرا و كۆتایی هات".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی