سبەی
پەرلەمانی ئەوروپا هەوڵەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە بە "دەرفەتی مێژوویی" لەقەڵەم دەدات و داوا لە پەرلەمانی تورکیا دەکات بە ڕۆڵی خۆی هەڵبستێت بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە.
لە ڕاپۆرتی ئەمساڵی پەرلەمانی ئەوروپا لەبارەی تورکیا دەستپێشخەرییەکەی دەولەت باخچەلی بۆ کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداری پەکەکە بە "هەڵوێستی بونیادنەر" و بەدەمەوەهاتنی ئۆجەلانیش بۆ دەستپێشخەرییەکە وەک "دڵخۆشکەر" سەرنجی خراوەتە سەر.
پەرلەمانی ئەوروپا داوایشی لە پەرلەمانی تورکیا کردووە بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.
لە ڕاپۆرتەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان کە لە 27ی شوبات بڵاو کرایەوە و داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکدار بهێنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕەخساندنی زەمینەسازییشی لە لایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ ئەمە بە پێویست زانی، دڵخۆشکەرە و گرنگییەکەی لەوەدایە دەبێتە هۆی کۆتایی هێنان بە شەڕێکی 40 ساڵە کە بە هۆیەوە زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە.
هەروەها بە دەمەوەهاتنی پارتە سیاسییەکانی تورکیایش بۆ ئەو قۆناغە نوێیەی پرۆسەی ئاشتی و ڕێگەدان بە شاندی ئیمراڵی تاکوو سەردانی ئۆجەلان بکات لە زیندان بە پێزانینەوە باسیان لێوە کراوە.
پەرلەمانی ئەوروپا داوا دەکات چی زووە بە پێشەنگی پەرلەمانی تورکیا هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.
دەبێت تورکیا دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ ئازاد بکات
هاوکات لەگەڵ ئەوەیشدا پەرلەمانی ئەوروپا لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە لەگەڵ هەنگاونان بۆ دەستپێکردن بۆ قۆناغێکی نوێی پرۆسەی ئاشتی تا دێت گوشارەکان بۆ سەر بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا زیاتر دەبن و بۆ ئەمەش نمونەی بە لەکارلادان و زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ هێناوەتەوە و بە توندی ئیدانەی دەکات.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا پەرلەمانی ئەوروپا بیری خستووەتەوە کە پێویستە تورکیا وەک وڵاتێکی ئەندام لە کۆنسەی ئەوروپا پابەند بێت بە بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤ لە ئەوروپا و لەو میانەیەیشدا هەریەک لە عوسمان کاڤاڵا، سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ ئازاد بکرێن.
پەرلەمانی ئەوروپا سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی کە تەواوی کەناڵەکانی خۆیان بەکارهێناوە تاکوو تورکیا پابەند بێت بە بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤ لە ئەوروپا و پێشمەرجیش بۆ هاوکاریکردنی تورکیا لە ڕووی ئابورییەوە پابەندبوونە بەو بڕیارانە.
مانگێک لەمەوبەر 29 پەرلەمانتاری چەپ پەرلەمانی ئەوروپا پشتیوانی خۆیان بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان ڕاگەیاند و داوایان کرد بۆ بە دەمەوەهاتنی بانگەوازەکە حکومەتی تورکیا زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکات، کۆتایی بە دانانی قەییوم بۆ سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان بهێنێت و ئۆپەراسیۆنەکانی بەسەر پەکەکە و هەسەدە لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕابگرێت.
قۆناغێکی نوێی پرۆسەی ئاشتی
لە 22ی تشرینی یەکەمی 2024 دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە ڕاگەیاند کە ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا زەمینەسازی دەکەن بۆ ڕێکخستنەوەی یاساکان بە جۆرێک بتوانێت لە مافی هیوا سوودمەند بێت.
ئەمەش لە کاتێکدابوو 25 ساڵ تێپەڕببوو بەسەر زیندانیکردنی ئۆجەلان و دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، مافی پێدانی هیوا بە شایستەی ژمارەیەک لەو کەسانە دەزانێت کە بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی قورسکراو حوکم دراون 25 ساڵی تەمەنیان لە زیندان بەسەر بردووە، بەم جۆرە بە شێوەیەکی مەرجدار ئازاد دەکرێن.
دواتریش چەندین جار دەولەت باخچەلی جەختی لەسەر داواکارییەکەی کردووە و ئاماژەی بەوە دا لە کاتێکدا داوای ئاشتی بۆ جیهان دەکەن، تورکیا لە هەموو شوێنێک زیاتر پێویستی بە ئاشتییە و بە پێچەوانەی سیاسەتی هەمیشەیی خۆی و پارتەکەی جەخت لە یەکڕیزی کورد و تورک دەکاتەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتی 2025 بە دەم دەستپێشخەرییەکەوە هات و داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و کۆنگرە ببەستێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕەخساندنی زەمینەسازی بۆ ئەمە لەلایەن تورکیاوە بە پێویست زانی.
لە 2ی ئاداریشەوە پەکەکە وەک پابەندبوون بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام لەو کاتەوە نەک تورکیا هێرشەکانی ڕانەگرتوون بۆ سەر گەریلا، بەڵکوو هەزاران هێرشی ئەنجام داوە.
گەورەبەرپرسانی پەکەکە جەخت لەوە دەکەنەوە لە شەڕدا ناتواندرێت چەک دابندرێت، پرۆسەکە پێویستی بە ڕەخساندنی زەمینەسازی و نیشاندانی نیازپاکی و کۆتایی هێنانی تورکیایە بە هێرشەکانی و پێویستە خودی ئۆجەلان کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بەڕێوە ببات.