سبەى
محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق چەند فەرمان و بڕیارێکى دەرکرد بۆ رووبەڕووبوونەوەى وشکەساڵى و کەمبوونەوەى ئاستى ئاو، لەناویاندا پابەندکردنى بەنداوى دوکان بۆ بەردانەوەى تەواوەتى ئاو.
فەرمان و بڕیارەکانى سودانى لەمیانەى سەرۆکایەتیکردنى کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى ئاو دەرکران، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەى سەرۆک وەزیران کە دەست سبەى کەوتووە.
سودانى لەکۆبوونەوەکەدا فەرمانیکرد بە گرتنەبەرى رێوشوێنى پێویست بۆ دابینکردنى ئاو، رێکخستنى بەکارهێنانى و سنوردانان بۆ پیسبوونى ئاو، بەکارهێنانى تەکنەلۆژیا بۆ پاککردنەوەى.
یەکێک لە فەرمانەکانى سودانى پابەندکردنى ئیدارەى بەنداوى دوکانە بۆ بەردانەوەى تەواوەتى ئاو بەپێی پلانى نیشتیمانى بۆ بەرێوەبردنى سەرچاوە ئاوییەکان، لەگەڵ پێکهێنانى ژورێکى عەمەلیات لەهەر پارێزگایەک بەسەرۆکایەتى پارێزگارەکان.
بێگەرد تاڵەبانى وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانى هەرێم پێشتر لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەى بەوەدا، بەهۆى کەمى باران بارینەوە، ئاستى گلدانەوەى ئاو لە بەنداوەکان زۆر دابەزیوە، بۆیە پێداچوونەوەى جددى دەکەن بە چۆنیەتى بەکارهێنان و ئیدارەدانى سامانى ئاو.
وتیشى لەگەڵ عێراق سەرقاڵى داڕشتنەوەى ستراتیژى ئیدارەدانى سامانى ئاون و رێکارى پێویست لەو بارەیەوە دەگرنەبەر، ئەو رێکارانەش کە لەناوخۆى هەرێم پێویستن دەیگرنەبەر بە دروستکردنى بەنداو و پۆند و تەکنیکى نوێ بۆ بەکارهێنانى ئاو.
لەهەرێمی کوردستان بە گشتی 23 بەنداو هەن، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئاودێری، گەشتیاری و چەندین بواری تر سوودیان لێ وەردەگیرێت، کە گەورەترینیان دوکان، دەربەندیخان، بەنداوى دهۆکن.
کۆچەر جەمال بەڕێوەبەرى بەنداوى دوکان بە سبەى راگەیاند، بەهۆى کەمى باران بارینەوە داهاتى ئاو لەمساڵدا بۆ ئاستێک دابەزیوە کە لە مێژووى بەنداوەکەدا هاوشێوەى نییە، ئەوەشى لە بەنداوەکەدایە بەشێکى کەمى هى ئەمساڵ و ئەوەى دیکەى ئاوى ساڵى رابردووە کە دەبێت بۆ چەند مانگى داهاتوو بەکارى بهێنن بۆ ئەوەى کێشە بۆ ئاوى خواردنەوە دروست نەبێت.
ناوچەیەکى بەفراوان بۆ ئاوى خواردنەوە و کشتوکاڵ پشت بە ئاوى بەنداوى دوکان دەبەستن، وەک سلێمانى کۆیە تا سنورى کەرکوک و دوزخورماتوو، بەپێی ئامارەکان ئەمساڵ ئەو ئاوەى رژاوەتە بەنداوەکەوە 600 ملیۆن مەتر سێجایە کە کەمترین ئاستە لەمێژووى 65 ساڵى بەنداوەکەدا.
کۆچەر جەمال وتى "دەبێت گرەنتى ئاوى خواردنەوەى ئەو ناوچانە بکەین و ناتوانین بەبڕى ساڵى رابردوو ئاو بەربدەینەوە، ئەوەشى بەردەدرێتەوە بۆ ئاوى خواردنەوەیە نەک پڕۆژەى کشتوکاڵى".
دابەزینى ئاستى ئاو لە هەرێمى کوردستان لەکاتێکدایە، ساڵی 2024، گلدانەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بۆ زیاتر لە سێ ملیار مەتر سێجا بەرز بوووەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023، زیاتر لە دوو ملیار مەتر سێجا ئاو گل درابووەوە.
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق لەناویشیدا هەرێمى کوردستان لە ریزبەندی پێنج وڵاتی سەرەکیدایە کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی گۆڕانکارییەکانى کەشوهەواوە کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما وشکەساڵی درێژخایەنى لەگەڵ خۆیدا هێناوە.